دووفاقیی کەسایەتی؛ لەتیۆرییەوە بۆ ژیانی ڕۆژانە

3 کاتژمێر پێش ئێستا

دێرین کەمال چاوشین

بەیانییەکی ساردی ساڵی 2019 لەگەڵ هاوڕێیەک چووینە 'پاچەی قەساب'ی هەولێر، من ئەوکاتە لە سەرەتای ئاشنابوونم بە نوسین بەگشتی و نوسەرەکانی کوردستان بە تایبەتیی بووم. پێش ئەوەی بچینە ناو خواردنگەکە، دکتۆر فەرهادیش لە کۆڵانەکە هاوشانی ئێمە دەهاتە وێندەر، ئەمنیش کە بینیم تۆزێک حەپەسام و بە عەجەلە گۆتم: کاک دکتۆر ئاساییە ڕسمەک بگرین؟!
گوتی: کورە دەلاکۆ.

من ئەوکات نە نانەکەم خوارد، نە پاشانیش نوستم بێ ئەوەی ساتێک بێ بیرکردنەوە لەو وەڵامە ڕووشکێنە تێپەڕێنم، وەلێ چونکە هەرزە و نوێبووم، دوای ماوەیەک دڵم پاک بوویەوە و ئەوەشم وەکو گەورەیی و مەشغەڵەتی فکریی ئەو نووسەرە لێکدایەوە، و وەکو هەمیشە بە بیانووی زیرەکی و جیاوازبوونی (ئەو نووسەرە گەورەیە)، ئەم بابەتەم لەبیرکرد و بەردەوامبووم لە خوێندنەوەی کتێبەکانی.

یەک دوو ساڵ دوای ئەوە، من و کۆمەڵەک هاوڕێ لە کۆڕێکی بەڕێزیان ئامادەبووین، دوای کۆڕەکە دانیشتنێک کرا و بیروڕای زۆر ئاڵوگۆڕ کران، ئەوکاتیش گەر پرسیارێکی جەوهەری لێکرابا، بە تایبەت لەلایەن کوڕەکانەوە، ئیتر دەستی دەکرد بە شکاندنی بەرامبەر و جوڵە و دەستگەمەی سەیر.

من لەو کاتەوە گەلێک تێبینی سۆسیۆلۆژی و سایکۆلۆژیم  لەسەر ئەدا و ڕەفتاری بەڕێزیان بۆ دروستبووە، چونکە خوێنەرێکی باشی بەرهەمەکانی بەڕێزیان بووم، ئەوەی من پێیگەیشتووم ئەوەیە: ئەو پیاوە لەژیانی ڕۆژانە و دەرکەوتنەکانی، هەرگیز ئەو عەقڵە فکریی و ئەدەبییە گەورەی نێو کتێبەکانی نییە، وە دەتوانم بڵێم دکتۆر فەرهادیش بەو هەموو دونیابینی و ئەزموونەی خۆیەوە نەیتوانیوە سنوری ئەو 'دووفاقی لە کەسێتی'یەی دکتۆر عەلی وەردی باسی دەکات، تێپەڕێنێ.(بە جۆرێک تاک لە تیۆر و گوتاردا بانگەشەی بەرزترین ئاستی مرۆڤایەتیی و مەعریفە و شارستانییەت دەکات، وەلێ ڕەفتاری ڕۆژانەی بە تەواوی لەگەڵ حەزە لۆکاڵییکانی خۆی دەگونجێنێ).

دکتۆر فەرهادیش بەدەرنییە لەم دیاردە کۆمەڵناسیی و دەروونییە، بۆ نموونە: ڕێز لە نەخوێندەوار و مەخلوقی وا دەگرێت، کە گەر بیخەیتە سەر تەرازوی بەهاکانی خودی کتێبەکانی دکتۆر خۆی، باری بەرامبەر هەموو ئەو ڕۆژنامەنووس و گەنجە نەجیبانە لارە، کە دکتۆر ئەو ڕەفتارە نامۆیانەیان بەرامبەر دەکات.

بەڕای من حەزی جیاوازبوون و دەرکەوتنی نامۆ دکتۆر فەرهادی خستۆتە نێو واقیعێکی ئاوها تاڵ کە: هەر خوێنەرێک وەکو من پێنج بۆ شەش کتێبی ئەو بخوێنێتەوە، باوەڕناکا نووسەری ئەم تێکستە ئەدەبییە چاکانە ئەو پیاوە بێت.

من هەمیشە گوتوومە: ترسی مرۆڤ بۆ هەر لە کەسانێک بێ کە توانای چەوساندنەوەیان هەیە؟، چۆن ناچارین لە چەکدارێکی نەخوێندەواری قبوڵ بکەین، با لە نوسەرێکی گەورەشی قبوڵ بکەین.! بەڵام ئەوەی سەیرە ڕەفتار و کاردانەوە توندەکانی دکتۆر فەرهاد، بە تایبەت لەو دواییانەدا، تەنها بەرامبەر کەسانێکە کە ناتوانن ترس لەسەر ژیان و بەرژەوەندییەکانی جەنابیان دروست بکەن، پێداکردنی شەربەت و بەکارهێنانی وشەی زبر بەرامبەر بەو ڕۆژنامەنووسە، لە کاتێک بە سەدا یەکی کەسانێک بێ ڕێزی بە نوسین و پیشەی دکتۆر فەرهاد نەکردووە، نە جیاوازبوونە و نە بیانوی تەمەن هەڵدەگرێت.

لەو سۆنگەیەوە، بە ئەرکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی دەزانم مشوری پاراستنی کەرامەتی ڕۆژنامەنووسان بخوات و لەسەر ئەم ڕەفتارە هەڵوێستی یاسایی خۆی وەربگرێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی