قەیرانی خانەی بیری کوردی

1 کاتژمێر پێش ئێستا

سەردار عەزیز

دوێنی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە گەڵ ژمارەیەک زۆر لە ڕابەرانی بیرکردنەوە، کۆبوەوە.

وابزانم ئەمە مەسەلەکە نیە. خانەی بیر لە عێراق و کوردستان جیاوازن. (بەڵام هیچ نەبێت عەلی زەیدی لە گەڵیاندا کۆدەبێتەوە، پێشتریش سودانی کردی). لە راستیدا خانەی بیر لە هەموو شوێنک جیاوازە لە شوێنێکی تر. سەرەتا کە ئەم دیاردەیە لە ئەمریکا سەری هەڵدا زیاتر بۆ ڕکەبەریی زانکۆ بوو، کاتێک پارەدار و کۆنزێرڤەتیڤەکان گەشتنە ئەو باوەڕەی کە زانکۆ بوەتە چەپ و دەبێت ئەوان ناوەندی خۆیان دروست بکەن.

لە ئەوروپا بە گشتی وەک دەزگایەکی بواری گشتی دەبینرێن. لە ئەڵمانیا بە زۆری سەر بە حیزبن. بەڵام لە زۆربەی ئەم شوێنانە بە ڕێسای زانستی بەڕێوەدەچن.

هەرچەندە ئێستا لە ئەمریکا گومان لە زانستی بوونی دکەرێت و زیاتر بەرەو پڕوپاگەندە خلیسکاوە. لە کوردستان لە مێرییەوە دەستی پێکرد. بە گشتی دەتوانین بڵێین کە خانەی بیری کوردی چەند خەسڵەت و ئامانجێکی هەیە.

یەکەم خەسڵەت بۆنەسازییە. ئیشی هەرە گەورەی خانەی بیری کوردی بیرکردنەوە و بەرهەمهێنانی داتا و زانیاری و ئاگایی نیە، بەڵکو سازدانی بۆنەیەکە.

دووەم، ئامانجی خانەی بیری کوردی بریتیە لە بانگهێشتکردن و لەواڕندنی خەڵکێکی زۆری بیانی لە ناوەندەکان، بە هیوای ئەوەی کە ئاوڕێک ل ەکورد بدەنەوە. ئەم شێوازە لە دەم چەور کردن هەتا دانێکی خێرت پیادا بنێت لە کاتی تەنگانەدا، هەتا ئێستا هیچ دەرئەنجامێکی نەبوە.

سێیەم، خانەی بیری کوردی چونکە بە دەست نەخۆشی باوی کوردی وەک خۆ بە کەم زانینیەوە دەناڵێنث حەزی بە کەس و ناوی بیانییە هەتا کردیت بە دەست بهێنێت. لێردا کردیت یانی متمانە. بۆیە هەمیشە دژ بە کەسانی کوردبوە کە کاری لێکۆڵینەوە و توێژینەوە دەکەن.

ئەگەر ئێستا کەسێک هەڵسەنگاندنێک بۆ هەر کام لەم خاڵانە بکات، جگە لە بۆنەسازییەکە هەموو ئەوانیتر مایە سفرن. بۆ لێکۆڵەری بیانی نانی کورد دەخوات و دانی خێری پیادانانێت؟ پرسێکە شایستەی چەند دوکتۆرایەکە. مەسەلە تەنها سوێری نانەکە نیە.

بەڵکو تێنەگەیشتنی کوردە لە خۆی و پرسەکەی و گەندەڵکردن وەک تەنها ڕێگایەک بۆ مامەڵەکردن لە گەڵ ئەوانیتردا. کەس هێندەی کورد پێویستی بە زانست و زانیاری و داتا و فەلسەفە و ئاگایی و تێگەیشتن نیە لە میانەی حوکمڕانیدا. چونکە کورد بنەماکانی هێزی جێگیرنین دەبێت بە ئاگاییەوە مامەڵە بکات و سەرچاوەکانی بەکاربەرێت. بەڵام ڕونە کە هیچ پەیوەندییەک لە نێوان واقیع و حوکمڕانیدا بونی نیە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی