دەربارەی پێشمەرگە؟

45 خولەک پێش ئێستا

سەردار عەزیز


چۆن ئێمە سوپایەکمان هەبێت؟ بە گشتی دەتوانین بڵێین کە دێتە سەر بنەمای مەعریفی ئێمە دوو جۆر لە تیورەمان هەیە، تیورەی تەنک لە گەڵ تیورەی قوڵ. تیورەی تەنک بڕوای وەهایە کە هەموو سوپاکانی دونیا وەک یەکن و دەتوانرێت سوپای هاوشێوەی لە جێگای  جیاواز دروست بکرێت. بۆ نمونە ئەم دیدە لە ئابوریدا زۆر زاڵە کە بڕوای وەهایە عەقلانیەت یانی خۆپەرستی، سەرباری کەلتور و شوێن.
بەڵام تیورەی قوڵ یان ئاڵۆز بروای وەهایە کە هیچ دوو کۆمەڵگایەک یان کەلتورێک لە یەک ناچن و هیچ تیورەیەک نیە بۆ هەموو کۆمەڵگاکان بشێت. ئەمە بە زۆری لە ڕشتەی ئەنترۆپۆلۆژیادا باوە.
ئەم پوختەیە بۆ ئەو مەبەستەیە کە دروستکردنی سوپایەک لە کۆمەڵگای کوردیدا، دەبێت تایبەتمەندی سیاسی و ئابوری و کەلتوری ئەو دونیایە لە بەرچاو بگرێت. 
بە گشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هیچ کوێ سوپایەکی مۆدێرن نیە. سوپای مۆدێرن بەو مانایەی کە سوپا سەر بە دەوڵەتە. دەزگایەکە کە خەڵک متمانەی پێ دەکەن. هەرچەندە دەزگایەکی سەربازییە بەڵام لە لایەن مەدەنییەوە بەڕێوەدەبرێت بۆ خزمەتی مەدەنی. دیارە ئەمە ئاڵۆزە لەوەی کە چۆن سوپا خاوەنی بڕیار نیە، بەڵکو جێبەجێکەرە. سوپا خاوەنی داهات نیە، زۆر شتی تر.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە گشتی دوو جۆرە سوپا هەیە: جۆرێک لە سوپا خۆی خاوەن دەوڵەت و بڕیارە. لە تورکیای پێش ئەردۆغان وەهابوو. لە پاکستان وەهایە. جۆری دووەم، سوپا بونی نیە، بەڵکو دەسکەلای سیاسییەکانە. دیارە مۆدێلی ئێرانی لە سوپای هاوتەریب مۆدێلیکی ترە کە هاوتەریب بە سوپا سوپایەکی تر هەیە کە خاوەنی دەوڵەتە لە دەرەوەی دەوڵەت. حەشدی شەعبیش جۆرێکە لەو مۆدێلە. 
لە تیورە جیاوازەکانی مەدەنی و سەربازیی چەمکی گاپ یان دابڕ هەیە. بەڵام ئەم دابڕانە بەمانای نەبونی پەیوەندی نیە، بەڵکو بەمانای دوو یەکەی جیاواز بەڵام پێکەوە گرێدراو لە هەندێک ڕایەڵەدا. 
بەو مانایە هەموو کۆمەڵگایەک جۆرێکی جیاواز لە سوپا بەرهەم دەهێنێت. 
سوپا چەمکێکی مۆدێرنە. پێش سوپا، خەڵکی لە ئەوروپا دەگەڕان لەم شوێن بۆ ئەو شوێن بۆ ئەوەی ئیشی چەکدارییان دەست بکەوێت. پێش سەرهەڵدانی دەوڵەت نەتەوە، خەڵکی بۆ هێز و لایەنی جیاواز شەڕیان دەکرد بە بێ هیچ هەستێک بە خیانەت یان دژایەتی. چەمکی شەر بۆ گەل و وڵات و خاک و نەتەوە، دوو سێ سەدەیە بونی هەیە لە مێژوی مرۆڤایەتیدا. 
ئەو سەردەمە بە خەڵکی دەگوترا مێرسینەری یان بە کوردییەکەی جاش. لە سەردەمی پۆستمۆدێرنەدا بە زۆری سەریهەڵداوەتەوە. بۆ نمونە خەڵک لە کۆڵۆمبیاوە دەهێنن بۆ شەڕ لە سودان.
پێشمەرگە ڕەگێکی ڕۆمانسیی هەیە، کە مەرگ دەکاتە پەراوێز لە بەرامبەر نەتەوەدا. ئەمە بەشێکە لە کەلتوری قوربانی دان. ئەم دیدە بنەمای کەلتوری شەهید و نەمریی و کەلتوری خوێن و زۆر شتی ترە لە کۆمەڵگای کوردیدا. ئەمانە لە کەلتوری گەریلاییشدا هەمانشتن.
بەڵام لە ڕێکخستنی سوپای مۆدێرندا جیاوازە. 
لە ڕاستیدا ئێمە ئێستا بەرەو سەردەمی ئاوابونی خۆری سەرباز و شەڕکەر و قارەمان و چاونەترسان دەچین. تەکنەلۆجیای نوێی وەک درۆن و چاودێری و توانای بینین و کوشتن لە دورەوە، ڕۆڵی سەربازی ئەگەر کۆتایی پێنەهێنابێت زۆر لاواز کردوە.
لەم ڕوەوە پێشمەرگە ڕوبەڕوی زۆر قەیران دەبێتەوە. قەیرانی ناوخۆی کوردی، نەبونی تێگەیشتنی قوڵ بەرامبەر چۆنێتی دروستکردنی ئەم سەبجێکتە.
لە هەمانکاتدا ڕوبەڕوی دۆخی جیوپۆلەتیکی دەبێتەوە، چونکە پێشمەرگە پێویستی بە پشتیوانی نێودەوڵەتییە هەتا وەک یەکەیەکی نادەوڵەتی لە ناو دەوڵەتدا بونی هەبێت. لەم ڕوەوە دەبێت کارایی و پێویستبونی خۆی نیشان بدات.
سێیەم، گۆڕانی تەکنەلۆجی، کە ڕۆڵی شەڕکەری تەقلیدی کەمکردوەتەوە.
بۆیە دەبێت تێگەیشتنمان بگۆڕین، دەزگاکانمان بگۆڕین، هەروەها ئامرازەکانمان. 
کاتی ئەوەیە باسی کاکە حەمە بکەین!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی