من پەكەكە نیم ، قەتیش نەبوومە ، تازەش پێموایە كاتی بوون
نەماوە ، لەبەر ئەوەی ئێستا لەنێو پرۆسەی خۆ
هەڵوەشانەوەدایە، لە زۆر بارو دۆخیشدا ڕووبەڕوو ڕەخنەم لێگرتون و پێمووتون لەو شوێنەدا
من لە تەكتانا ناكۆكم ، بە نووسینیش ڕەخنەم لێیان هەیە ، ئاپۆچیش نیم ، بەڵام وا ئاپۆ
دەبینم كە بیرمەندێكی ئاشتیخوازەو دەیەوێت لەنگیەكی دیرۆكی ڕاستبكاتەوە ، لە ناو ئەو
هەموو تاریكی و وێرانەییەی دنیادا ، لە ناو ئەو هەموو شەقاوە سیاسیەی كە ئێستا دنیا
بەڕێوە دەبەن كەسێك دێت باسی ئاشتی و پێكەوە ژیانی ئاشتیانە دەكات ، ئەو كەسەش سەر
بەنەتەوەیەكی ستەملێكراوی دیرۆكەو نەتەوەكەی سەت ساڵ زیاترە لەبەردەم سڕینەوەو جینۆسایدایە،
ئەمە دەبێت نەتەوەكەی شانازی پێوە بكەن نەك تانەو تەشەر ی لێبدەن ، من لەو پەیامدان
و هەنگاوانەدا ڕەخنەم تەنها لەوەیە دەبێت بەرتاقای هەنگاوەكانی قوربانی ستەمكاریش بۆ
ئاشتی بێتە پێشەوە ، ئەمەشم نەشاردوەتەوەو لە شوێنی خۆی ووتومە ، هەمیشە لە شەڕی نێوان
جەلادو قوربانیدا دەبێت جەلاد وێڕای هاتنە پێشەوە بۆ ئاشتی داوای لێبوردنیش لە قوربانی
بكات ، ئەمە سەرنج و دیدی منەو دەشێت كەسێكی تر جۆرێكی دیكە بڵێت ، لە گەڵ ئەوەشدا
من باوەڕم وایە لە نێوان تورك و كورد ، عەرەب و كورد ، فارس و كورد یان پێكەوە ژیانی
ئاشتیانە كە بە مانایەك " تێكەڵبوون و ئاشتبونەوە " دەگەیەنێت ، یان دراوسێیەتیە
، ئەویش دراوسێیەتی باش و بێشەڕ، لەم دوو ڕێگەیە
زیاتر نیە ، خۆ كەسانێك كە قسە نامێنێت نەیكەن بڕواناكەم هیچ ڕێگەیەكی تر شك بەرن .
من دەزانم ئاوەزی توركی ، عەرەبی ، فارسی ، ئاوەزی نەتەوەی
زاڵ و سواغدراو بە ناسیونالیستی ئەوی تر نەبین و جۆرێك لە فاشیەتە، بەڵام ئاشتی دەرچەو
دەرفەتە، لە دەرەوەی ئەمەشدا كورد بۆ ئەم قۆناغە دەبێت یان شەڕ بكات یان ئاشتی ، فەلەستین
بەو هەموو پاڵًپشتیە عەرەبی و ئیسلامیەوە بەو دیرۆكەوە كە لە بواری دیبلۆماسیەت و پەیوەندیدا
هەیەتی لە غەزە لە پەل و پۆ خرا ، كەس بە یەحیا سینواری نەوت خیانەتی كرد، ئەم پەندە
بۆ كورد گرنگە كورد كام دۆستی هەیە لە عەرەب و ئیسلام بە ڕاستی لە گەڵیدا بێت ، من
دەپرسم ئەگەر سبەی كورد داوای نوێنەری چاودێر بكات لە نەتەوە یەكگرتوەكان" كە
بە نیازە بیكات" چەند دەوڵەت پشتگیری
دەكات ، فەلەستین لە یەكەم هەنگاودا ساڵی 1974 ، پەنجاو پێنج دەوڵەت واژوی پێشنیازەكەی
بۆ كردو لە یەكەم دەنگدانیشدا بۆ وەرگرتنی نوێنەرەكەی 95 دەوڵەت بە بەڵێ دەنگیانداو
تەنها 17 دەوڵەت وتیان نەخێر ، بێگومان هەموو دەوڵەتە عەرەبی و ئیسلامیەكان بە بەڵێ
دەنگیان دا ، ئەی كورد تۆ بڵێی دەوڵەتە عەرەبی و ئیسلامیەكان هەمان هەڵًوێستیان هەبێت
و كەمێك ئاكاری دینی و ئینسانی بیانجوڵێنێت!!.
لە داهاتودا ئەوە دەبینین و ئەوەش دەزانین كە دەبێت لە بری
ئومێد هەڵچنین لە سەر عەرەب و ئیسلام دەبێ چاومان لە هەڵوێستی فەڕەنساو ئیتالیاو باشوری
ئەفریقیاو پیرۆو لۆكسەمبۆرگ بێت ، دەی كەواتە لە ناو ئەم بارو دۆخەدا جگە لە ئاشتی چی تر ، هەڵبەت بۆ كوردیش جگە لە یان شەڕ یان ئاشتی
بژاردەیە تر نیەو ئەمەبە فشەو فاڵ و خۆ بادان و قسەی زل نابێت، ئەوانەی تێكەڵ بوونەوە یان تێكەڵكردنەوە كە من لام
وایە دەبوو لە گەڵیدا پێكهاتنەوەو ئاشتبوونەوەش بهاتایە وەك ڕادەستبوون و ملدان دەبینن
و دەڵێن ئاشبەتاڵ یان ئەوەتا بە چاویلكەی ڕەشەوە لە وڵاتانی ئەوروپی ئەو هەموو پێكەوەییە
نابینن، یان ئەوەتا داڵدە دانی بەعسی و عەرەب لە هەرێمی كوردستان نادیدە دەكەن ، لە
داهاتودا دەردەكەوێت زۆرێك داعشیش لە هەرێم بوونەو شاهانە ژیاون ، دەبێت هەندێك ئاوەزیانە
شیكاری ئەو دۆخەو ئەو هەنگاوانە بكەین و هەر لە خۆوە نەكەوینە ناو.
ڕێگەی پڕ كەندو لەندی ئاشتی ئەگەر خوێنی تێدا نەڕژێت و كەسی
تێدا نەبێتە قوربانی زۆر لە ڕێگەی شەڕو وێرانی باشترە لە گەڵ ئەوەشدا لە بری دژایەتی
و تانەو تەشەر دەكرێت بە ڕەخنەو سەرنج و پاڵپشتی كردن لە پرۆسەكە بگەینە جێیەكی دیكە
، من ئێستاش دەڵێم لانی كەم ئەوە زۆرە كە نزیكەی ساڵ و نیوێكە درۆنی توركی و چەكی ناتۆ
لە باشوری كوردستان و لەو شاخانە كیژو كوڕی كوردیان شەهید نەكردووە
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی