کۆبوونەوەکەی "عەباس عێراقچی" وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و "ستێڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەر"، کە دوو نێردەی تایبەتی دۆنالد ترامپی سەرۆکی ئەمریکەن، کە لە ٢٢ی ئەو مانگە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجامیان دایە. یەکێکە لەو ڕووداوە سیاسییانەیە کە بە سەرنجڕاکێش دادەنرێت. بە تایبەتی لە کاتێکدا کە هەردوو لایەن لە سەرڕا بە زمانی توند دژ بە یەک دەئاخفن و لە پشتڕاش هەوڵی سازشدان لەگەڵ یەکتردەدەن.
بەپێی ئەو زانیارییەی لەلایەن ئاژانسی هەواڵی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئێرانەوە IRIBو رۆژنامەی تایمز ئۆفی ئیسرائیلی، بڵاوکراوەتەوە. بە تایبەتی دوای 24 کاتژمێر لە ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوە، بەشێوەی رەخنە ئامێز ئەو هەواڵە لە مێدیاکانی ئێرانی بڵاو کراونەتەوە. هەرچەندە دەگوترێ، کۆبوونەوەکە سێ سەعات خایاندوەو بەشێوەی ناڕاستەوخۆ بە ناوبژیوانی قەتەر،بەڕێوە چووە، لەگەڵ ئەوەش ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیە، پرسیاری زۆر دەوروژێنی: بەتایبەتی، بۆچی واشنتۆن، هەوڵی فشاری سیاسی و گەمارۆی ئابووریی لەسەر تاران بە توندی بەڕێوە دەبا، کەچی لە پەناو پەسیوان، دیداری نهێنی بۆ سازشکردن لەگەڵیدا، بەڕێوە دەبا!؟.
ئەمە لە سیاسەتدا شتێکی نامۆ نییە. زۆرجار ئەو دەوڵەتانەی لە سەڕا بە توندی دژی یەکتر دەوەستن، لە پشت پەردەدا، هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەک دەدەن. چونکە لە سیاسەتدا، دوژمنایەتیی گوتاری هەمیشە بە مانای داخستنی دەرگای دیپلۆماسی نییە. بەڵکو زۆرجار توندوتیژیی گوتار خۆی لە خۆیدا، دەبێتە ئامرازێک بۆ زیادکردنی ئەگەری چارەسەری لەسەر مێزی گفتوگۆدا.
لەبەر ئەمە، ئەوەی ئێستا گرنگە تەنیا ئەوە نییە کە "عێراقچی و ویتکۆف و کۆشنەر"، لە نیویۆرک کۆبوونەتەوە؛پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، لە پشت ئەو کۆبوونەوەیە چی هەیە!؟.ئایا واشنتۆن و تاران دەیانەوێت هەر یەکەیان بە روکەشی هەڵوێستی توندی خۆیان درێژە پێ بدەن، تاوەکو لە پشت پەردەدا کەناڵێکی نهێنی بۆ سازدان و ڕێککەوتن بدۆزنەوە؟ یان ئەم دیدارە تەنیا هەوڵێکە بۆ خوێندنەوەو بەدەستهێنانی زانیاریی، لەسەر یەکتر!؟.
گرنگی ئەو پرسیارە زیاتر دەبێت کاتێک دەبینین:
_ ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، تەنیا لەسەر یەک بابەت نییە: "بەرنامەی ناوکی، سزا ئابوورییەکان، پەیوەندییە ناوچەییەکانی ئێران، هێزە هاوپەیمانەکانی تاران، ئاسایشی ئیسرائیل و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، هەموویان یەک پاکێجن لە ئەو پەیکەرە ئاڵۆزەی کە لە نێوان ئەو دوو وڵاتدا دروست بووە.
_ هەر کۆبوونەوەیەکی نهێنی یان ڕاستەوخۆ بە مانای نزیکبوونەوە لە ڕێککەوتن نییە. دیپلۆماسی زۆرجار لە قۆناغی یەکەمدا تەنیا تاقیکردنەوەی سنووری سازشە. هەر لایەنێک دەیەوێت بزانێت لایەنی بەرامبەر تا کوێ ئامادەی هەنگاونانە، چی دەوێت و لە چی دەتوانێت پاشەکشە بکات.
ئەگەر ئەو کۆبوونەوە بەڕاستی بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی دیپلۆماسیی نوێ بوو بێت، دەبێت رەنگدانەوەی لە هەنگاوەکانی پاشەخۆیدا ببینرێت. "گفتوگۆی بەردەوام، کەمکردنەوەی هەڵوێستە توندەکان، گۆڕینی هەندێک سیاسەت و گەیشتن بە خاڵەکانی هاوبەش"، ئەوانە نیشانانەن کە دەتوانن گفتوگۆکە لە قسەوە بەرەو ڕێککەوتن بگوازنەوە.
بە پێچەوانەوە، ئەگەر دوای ئەم دیدارە هەمان گوتاری توند، و فشار و هەڕەشەکان، بەردەوام بن، ئەوا ئەگەری ئەوە زیاتر دەبێت کە کۆبوونەوەکە تاکتیکێکی سیاسی و دیپلۆماسی بووبێت، نەک هەنگاوێکی جدی بەرەو ڕێککەوتن.
لە کۆتاییدا، لە دیپلۆماسیەتدا هەموو دوژمنداریەک بۆ شەڕ و هەموو گفتوگۆیەکیش بۆ ئاشتی، نییەو هەندێک جار دوو دژ بەیەک گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی شەڕ نەکەن، هەندێک جاریش گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی خۆیان بۆ قۆناغێکی نوێی فشار ئامادە بکەن.
بۆیە کۆبوونەوەی عێراقچی و ویتکۆف لە نیویۆرک هێشتا گرێی نەکراوەیە و ئایا ئەوە دووڕووییەکی دیپلۆماسییە بۆ بەڕێوەبردنی شەڕی سیاسی، یان سازشدانێکی نهێنییە بۆ ڕێککەوتنێکی نوێ؟ وەڵامەکەی ئەمڕۆ دەستناکەوێ؛ بەڵکو لە هەنگاوەکانی داهاتووی تاران و واشنتۆن دەردەکەوێت!!؟.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی