ڕۆهان سەفۆو پرسی فاشیزم

8 کاتژمێر پێش ئێستا

لەتیف فاتیح فەرەج

1 یەڵماز گۆنەی لە ڕێی فیلم و سیناریۆو نوسینەكانیەوە وێنەی فاشیزمە نیشان خۆی لە لایەك و كورد لە لایەكی دیكەوە دەدا ، فاشیزم هەرلەبەر ئەوە لە یەڵماز گۆنەی تۆقیبوو ، دەیزانی ئەو پیاوە لە ڕێی هونەرەوە فاشیزم قاو دەدات و هەقیقەتی مرۆڤی نەخۆش ، مرۆڤێك كە وەك كرم لە سەر خوێنی ئەوانی دیكە خۆی قەڵەو كردوە دەردەخات ، ئیتر یەڵماز بۆ مردنەكەشی نیشتمانەكەی خۆی پێڕەوا نەبینراو لە تاراوگە سەری نایەوە.

2 ئەحمەد كایە یەكجار وتی دەمەوێت بە فاشیزم بڵێم زمانی دایكی من جۆرێكی ترەو بەو زمانەش گۆرانی دەگوترێت و لێوان لێوە لە جوانی و وشەی باڵا ، ئەوان چاكەیان بە دەركردن و سوكایەتی پێكردن دایەوە لە كاتێكا ئەو لە ڕێی سترانچڕینی بە توركی خزمەتی هونەری توركی كردبوو ، یەكجار وتی من زمانێكی ترم هەیە ، هاوڕێكانی بەربونە وێزەی ئەویش تاراوگەی بوبە مەسكەن .

3 هیچ چەكێك بە هەموو ئەو چەكانەی ناتۆشەوە كە تورك لە سەر كوردی ئازادیخوازی تاقیدەكاتەوە بەرتاقای زمانی دایك فاشیزم زارە ترەك ناكەن ، ئەندام پارلەمانێكی ئاكەپە " كوردی نێو ماڵی فاشیزم " پێی وتم یەكەمین توڕەبوونی مامۆستا لە من دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆژەی دایكم نەیزانی بە توركی لەگەڵ مامۆستاكەم قسە بكات ، مامۆستا بە توڕەیی پێی وتم تۆ چۆن هاونیشتمانیەكی تا ئێستا دایكت توركی نازانێ‌ ، ئەو لە نێو كۆڵان و كوچەكانی فاشیزما بوو ، بەڵام هەرگیز ئەو چیرۆكەی لە بیر ناچوەوە.

4 هەموو مناڵێكی كوردی باكور جا دەنگی خۆش بێت یان ناخۆش دەزانێ‌ بە كوردی گۆرانی بڵێت و ڕوحی فاشیزم بتۆقێنێ‌ ،لە سەر قەڵای دێرینی وان مناڵ " كینە ئەم"ی بۆ دەگوتین ئەوە چ جۆش و خرۆشێك بوو ، گۆرانی و هونەرو شیعرو زمانی دایك چەكە كاریگەرەكەی ئازادین ، ئەوەبۆیە بەری چوار سەت ساڵ ئەحمەدی خانی نەوبەهاری بچوكای بۆ مناڵان نووسی، رۆهان فاشیزمی بە گۆانیەك بۆ ئامەد سپۆر تۆقاند ، تۆقینێك كە هەرڤیز ناتوانێ‌ ئەو دەنگ و دڵگەرمی و جوانیەی ڕۆهانمان لە بەر دیدە لابەرێت .

5 كاتێك گۆنەی فاشیزم چیەی بۆ مناڵان نووسی هێشتا زوو بوو تا مناڵانی كورد فاشیزم بناسن ، ئەمڕۆ ڕۆهان وەڵامی پرسیارەجەوهەریەكەی گۆنەی دایەوەو پێی وتین ئەوە فاشیزمە، ئێستا لە هەركات زیاتر دەمەوێت لە ناخەوە سوپاسی ئارام تیگران بكەم ، ئەو مرۆڤەی بە هونەر پێی دەوتین " زمانی كوردی شیرین و خۆشە " ئێستا لە مانای شیرین و خۆشە تێدەگەم كە دەبینم فاشیزم بەو هەموو بەیرەقدارو چەك و چۆڵەوە توند توند گوێیەكانی دەگرێت تا گوێی لە " دێ‌ لێخە لێخەی " رۆهان نەبێت.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی