ئاراستەی پرسی کورد؟

8 کاتژمێر پێش ئێستا

سەردار عەزیز

لە ئێستادا دوو چەمک زاڵن لە هەناو ململانێی سیاسی/فیکریی کوردیدا، چەمکی ئینتگراسیون لە گەڵ چەمکی دەوڵەت. دیارە چەمکی ئینتگراسیون یانی تێکەڵبون یان ئاوێزانبون، بەڵام بەکارهێنانی ئەو وشە قەبزە تەنها بۆ زلکردنیەتی. لە ڕاستیدا ئیتمۆلۆژیای وشەکە ڕەهەندێکی تری جیوپۆلتیکی ئەم چەمکەمان بۆ دەردەخات، ئینتگراسیون وشەیەکی ئینگلیزی یان فەرەنسییە، کە تورک لە بەر نەبون یان مۆدێرنبون وەریانگرتوە، ئێستا لە زمانی کوردیدا بە هەمان ئاوازی تورکی دەوترێتەوە. ئەمە جگە لە هەژاری زمانی تورکی هەروەها ئەوروپیبونی نەژادای ئەم پرۆسەیەمان بۆ ڕوندەکاتەوە.

ئەوەی گرنگە لێرەدا ئاراستەی پرسی کوردە. ئەگەر دەوڵەت بە مانای چونە دەرەوە دێت لەو سیستەمەی کە هەیە بۆ ئەوەی وەک یەکسانێک یان هاوتایەک یان سەروەرێک تیایدا ئامادەبیت، چەمکی ئینتگراسیون یانی چونە ناوەوەی ئەو سیستەمە و ووردە ووردە توانەوە یان ئەسیمیلیسیون. پرۆسەی تورکی و سوری پرۆسەی ئەسیمیلەبونە، یانی توانەوەی تەواو و نەمان. لە سەرەتای سەرهەڵدانیەوە، پرسی کورد لە نێوان ئەم دوو تەوەرەدا جۆلانێی بوە. ئایا لە هەناو ئەو دەوڵەتانەی کە هەیە دەتوێتەوە یان بونێکی ناوەکی بۆخۆی دەستبەر دەکات، یان لێی دێتە دەرەوە. پرسی دەوڵەت لای کورد، پرسە لاوازەکەیە. لە ڕاستید ادەتوانین بڵێی کە دەوڵەت جگە لە دروشمێک یان خواستێک، هیچی تر نیە. دیارە ئەمە بە گشتی لە ناوچەکە وەهایە.

لای کورد دەوڵەت نە وەک ئاراستەیەکی مێژویی یان ئاگایی بونی هەیە، نە وەک کۆسیستەمی بەڕێوەبردن، نە وەک ئامادەبون لە دونیادا. بەڵکو ماوە ماوە ئاماژەی پێدەدرێت و پاشان پاشەکشەی لێدەکرێت و پاشان دژایەتی دەکرێت. زیاتر دەتوانین بڵێی ڕەوتی سیاسی کوردی پەیوەندییەکی دەرونی لە گەڵ کۆچەمکی دەوڵەتدا هەیە. ئێستا بە گشتی ئاراستەی کرداریی پرسی کورد زیاتر بەرەو ناوەوەبونە. لەم دۆخەدا چەمکی ئینتگراسیون کە یانی تێکەڵبون یان پێکەوەبونی دوو یەکەی جیاواز، کاتێک دەبێتە پرۆسە یانی زەمینەسازان بۆ تێکەڵاوبون لە ڕێگای ڕەهەندی کۆمەڵایەتی وەک ژن و ژنخوازیی، ئەمە زیاتر لە باکور باوە، بە بەراورد بە بەشەکانی تری کوردستان. یان لە ڕێگاکانی تری وەک خوێندن، بەشاربون، کار، سەربازیی و سیاسیی. دەبینین چۆن سیمای شارەکانی باشور دەگۆڕێن. دیارە هۆکاری تری وەک ژینگە، دیموگرافیا، گەندەڵی ڕۆڵیان هەیە. ئەوەی من دەمەوێت لە ماوەی داهاتودا بیکەم، کە ئایا پرسی کورد لە هەناو دوو ئاراستەی مۆدێرنەی ئەوروپیدا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن فەراهەم دەبێت. ئاراستەی یەکەم، جەخت لە سەر کانت دەکەمەوە.

کانت بیرمەندێکی پڕ لە دوو فاقییە، لە کاتێکدا بڕوای وەهایە کە ئەخلاق ڕەهایە، بەو مانایە ڕێژەیی نیە. ئەخلاق دەبێت لە هەموو شوێنێک لە هەمانکاتدا وەک یەک بێت، لە هەمانکاتدا بڕوای وەهایە کە خەڵکانی ڕەشپێست یان نائەوروپی کەمترن لە مرۆڤی ئەوروپی و لە میانەی پرۆسەی ڕۆشنگەریدا ناتوانن خۆیان بسازێنن ئەوا یان لە ناودەچن یان دەتوێنەوە. ئاراستەی دووەم، بەرجەستەکەری ئەم دیدەیە کە لە مۆدێلی دەوڵەتانی ناوچەکەدا خۆی دەبینێتەوە. کاتێک کورد دابەشکراوە بە سەر ئەم وڵاتانەدا لەو ڕوانگەیەوە مامەڵەی لە گەڵدا کراوە، کە تەنها پرسی کاتە و لە هەناو کایەکانی دەوڵەتدا دەتوێنەوە یان دەتوێنرێنەوە. ئەمە زۆر بە زەقی لە باکور بەرجەستە بوە، هەر لە نکوڵیکردنەوە هەتا دروستکردنی بەنداوە ئاوییەکان هەموو لە پێناو ئەم ئاراستەیەدا بوە. دیارە تەعریب و ئەنفال و نکوڵیکردنی کردنی کورد لە سوریا هەموو بەم ئاراستەیەن. ئاراستەی ئێرانی کەمێک نەرمترە، هەرچەندە لە ئێستادا ناسیونالیزمی فارسی بە ئاستێکی زۆر باڵا فاشیستە. دیارە لە ئاستی کەلتوری و زمانی و ئاگاییدا لە ئێران پرۆسەی زاڵکردنی کەلتورێک بە سەر کەلتورێکی تردا بە چڕی لە ئارادایە. ئەوەی جێگای سەرنجە هەر چوار دەوڵەتی کۆڵۆنی کوردستان لە ئێستادا دەوڵەتی ئیسلامیین. تورکیا، سوریا، عێراق و ئێران هەمویان لە لایەن هێز و لایەن و کەسایەتی ئیسلامییەوە بەڕێوە دەبرێن، بەڵام هیچ جیاوازنین لە پیادەکردنی پرۆسەی بە ناوەکی کردن و سنوردارکردن و توانەوەی پرسی کورد. کورد کاتێک لە دەوڵەت بێ هیوا دەبێت، نابێت وەها بیری لێبکاتەوە ئیتر چیدی بژاردەنیە.

دەبێت بیرکردنەوەی کورد لە دەوڵەت زۆر فراوانتر بێت، لە میانەی ئامانج، بونیاد، ئامادەیی لە دونیا، ڕەوایی، فەرهەنگ، لە سەروی هەمویەوە دەزگا. چونکە تەنانەت برادەرانی ئینتگراسیونیش دەبێت ئەوە بزانن کە لە ناو دەوڵەتدا ئینتگراسیون دەکەن، ئەوەنیە دەوڵەت نەمابێت. کاتێک دێتە سەر پرسی مەعریفی کادیر و چالاکوانی سیاسی کورد توشی ئەو دۆخە دەبێت کە بیرمەندی مارکسی فەرەنسی ناوی نا ئینترپیلەشن. بەو مانایە کاتێک بیرۆکەیەک وەهای لێدێت وەک ئەوەی بەشێک بێت لە ژیان. چیدی بیری لێناکرێتەوە وەک ئەوەی کە ئایدیایەک بێت و لە هەناو پرۆسەی بیردنەوەدا بێت بەڵکو وەک پێدراوێکی گومانلێنەکراوە دەوترێتەوە و پیادەدەکرێت. وەک ناوی جادەیەک بۆ نمونە. جادەی سالم، کاتێک لەلایەن خەڵکەوە دەوترێتەوە کەس بیری بۆ بونی شاعیرێک و ئامانجی کردنی ناوی ئەو بە بەشێک لە پرۆسەی بیرەوەری گشتی مامەڵە ناکرێت، بەڵکو وەها مامەڵە دەکرێت کە ناوێک بێت بۆ جادەیەک، هەتا لە جادەکانی تری جیا بکاتەوە. لە کۆتاییدا هەردوو پرۆسەی دەوڵەت و ئینتگراسیون لە قەیرانی قوڵدان. پێش هەموو شتێک چونکە لە ڕوی فیکرییەوە لاوازن، ئەوا لە ڕوی کردارییەوە چاوەڕوانکراوە کە لاوازتربن. ئایا کورد لە ئێستادا بونی خۆی چەسپاندوە، لە میانەی ئینتگراسیوندا کایەی دەوڵەتان دەگۆرێت هەتا وەک یەکەیەکی جودای ناوەکی مامەڵە بکات؟ ئایا گۆرانی دۆخی جیهانی، کە لە ماوەی چەند دەیەی ڕابوردودا بە قازانجی کورد بوو چۆن کاریگەری دەبێت؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی