شارەزووری عیرفانە، شكسپیر ویژدانە
دوێنێ ئێوارە، لەنێو
گێژەلووکەی سۆشیاڵ میدیادا بە ڕێکەوت گوێم لە بەشێكی دیمانەیەکی سۆران حەمەڕەش بوو. کاتێک بە
بێباکی و بێ بنەمایەکی زانستی و بە جۆش و خرۆشەوە گوتی شکسپیر ناگاتە قولەپێی
شەمسەدینی شارەزووری، من لەجێی خۆم تاسام. هەر لەو چركەساتەدا پرسیارێک مێشکمی
پڕكرد؛، ئایا ئەمە ئەو کەسەیە کە زیاتر لە دوو ساڵە سەکۆکانی میدیای داگیر کردووە
و بەم ئاستە نزمەی لە بیرکردنەوەوە قسە بۆ خەڵک دەکات؟!
ئەم دیمانەیە بە
ڕوونی بۆی دەرخستم کە چەند بە تراژیدیایی، شەیدایانی سۆشیاڵ میدیا تووشی جۆرێک لە
نەخۆشیی بوون؛ نەخۆشییەک لە پشت دیواری ڕووکەش و دەنگدانەوەی بەتاڵدا، بە فیکرێکی
پووچ و بێ ناوەڕۆکەوە بەستراونەتەوە. هەر بۆیە بە ئەرکی سەرشانی خۆمم زانی، بەم
کورتە نووسینە وەڵامی ئەو جۆرە تێگەیشتنە تەنکە بدەمەوە، بۆ ئەوەی ڕوونبێتەوە
شەمسەدینی شارەزووری کێیە و شکسپیر کێیە؟ وەک پەیامێک بۆ حەمەڕەش و هاوفیکرانی؛
ئەگەر پێویست بکات، ئامادەم لە داهاتوودا بە وردی و لە ڕوانگەیەکی ئەکادیمی و
فەلسەفییەوە، جیاوازیی ئەم دوو کەڵە پیاوە لە مێژووی ئەدەب و فیکری جیهانیدا
زیاتر تاوتوێ بكەم.
کاتێک باس لە شەمسەدینی
شارەزووری و ویلیام شکسپیر دەکەین، ئێمە تەنها دوو مرۆڤی بەرهەمهێنەری هزر و وێژە
هەڵنابژێرین، بەڵکو ڕووبەڕووی دوو پارادایمی جیاوازی بوون دەبینەوە کە یەکێکیان ئەنتۆلۆژیا
یان زانستی بوونە و ئەوی تریان ئەنتڕۆپۆلۆژیا یان زانستی مرۆڤە. ئەگەر شارەزووری بە
نەگبەتی یان بە قەزا و قەدەر لە سێبەری سۆهرەوەردیدا ماوەتەوە، ئەوە گەورەییەکەی نییە
کە کەم بێت، بەڵکو پێوەندی بەو چەشنە گوتارەوە هەیە کە ئەو هەڵیبژاردووە. شارەزووری
لە سەدەی حەوتەمی کۆچیدا، لەو سەردەمەی کە فەلسەفە لە جیهانی ئیسلامیدا بەهۆی هێرشی
دژە-فەلسەفەکانەوە (وەک غەزالی) لە حاڵەتێکی بەرگریدا بوو، هات و پرۆژەی حیکمەتی ئیشراقیی
زیندوو کردەوە. ئەو پارێزەری رووناكییەك بوول ە ئاسمانەوە نەك لە سەر زەوی.
لای شارەزووری، حیکمەت
پڕۆسەیەک نییە تەنها لە ڕێگەی لۆژیکی ئەرستۆیی و قیاسی وشکەوە بەدەست بێت، بەڵکو ڕێگایەکە
بۆ گەیشتن بە شوهوود. شارەزووری لە شەرحی حیکمەتی ئیشراقیدا، ئەو کلیلانەی دۆزییەوە
کە سۆهرەوەردی بە زمانێکی هێمایی و ئەفسانەیی لە مەعاریج و ئەلواحی ئەقڵیدا
شاردبوویەوە. گەورەیی شارەزووری لەوەدایە هات لە نێوان ئەقڵ و دڵدا پردی دروست
کرد. پێیوابوو مرۆڤ کاتێک دەتوانێت بە ڕاستی بژی کە لە (عالمالمثال) جێگیر
بێت. ئەم چەمکە کە شارەزووری بە قووڵی پەرەی پێدا، ئەو پانتاییەیە لە نێوان جیهانی
ماددە (جسمانیات) و جیهانی ئەقڵی ڕووت (مجردات)دایە. ئەمە ئەو شوێنەیە کە وێنەکان،
خەونەکان، ئایدیاکانی تێدا دەژین ،بەبێ ئەوەی
کێش و قەبارەیان هەبێت.
شارەزووری وەک مێژوونووسێکی
فەلسەفە لە نوزهەتولئەرواح دا، نیشانی داوە حیکمەت خاوەن بەشێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو
میراتێکی گەردوونییە. ئەو ڕێگایەکی گرتۆتە بەر کە لە هێرمیسی مەزن و فیساغۆرسەوە دەست
پێدەکات و بە فەیلەسوفە یۆنانییەکاندا تێدەپەڕێت و دەگاتە سۆهرەوەردی. بۆ شارەزووری،
فەلسەفە تەنها ڕێزەکانی کتێب نین،بەڵکو نوورێکە لە دڵی عارفێکەوە بۆ فەیلەسوفێک دەگوازرێتەوە.
کاتێک ئەو باس لە ژیانی فەیلەسووفان دەکات، تەنها مێژووی ژیاننامەیان ناگێڕێتەوە،
بەڵکو هەوڵیداوە ڕۆحی هزریان لە ناخی خۆیدا زیندوو بکاتەوە. ئەمە ئەو شوێنەیە کە
شارەزووری لێوەی دەبێتە پردێک؛ دەبێتە ڕاژەیەک بۆ ئەوەی حیکمەتی سەدەکانی پێشوو بۆ
سەدەکانی دواتر (وەک قوتابخانەی ئیسفەهان و مولا سەدرا) بگوازرێتەوە.
لە شەجەرەی ئیلاهی دا، شارەزووری خۆی وەک بیرمەندێکی سەربەخۆ نیشان
دەدات کە لە قاڵبی کۆپیکردنی بیرۆکەکانی سۆهرەوەردی دەردەچێت و خۆی دەبێتە خاوەنی
سیستەمێکی ئۆنتۆلۆژی. پێیوایە مرۆڤ گەشتێک دەکات لە نەبوونی ئاگایییەوە بۆ ئاگایی
بە بوونی ڕەها. لای ئەو، پزیشکی و زانست تەنها ڕێگایەکن بۆ دەستپێک، بەڵام مەبەست ڕزگارکردنی
ڕۆحە لە زیندانی ماددە. ئەمە ئەو فەلسەفەیەیە کە کۆن نابێت؛ چونکە پرسیاری ئەوەی
ئایا ئێمە تەنها جەستەین یان بوونەوەرێکی ڕووناکین؟ هەمیشە وەک پرسیارێکی کراوە دەمێنێتەوە.
شارەزووری بەمە مرۆڤ لە قەفەسی زەمین ڕزگار دەکات و دەیهێنێتە بەردەم ئاسۆی جیهانی
خەیاڵی چالاک.
شارەزووری
لە ڕێگەی ئەو ڕەخنانەی لە فەیلەسوفانی پێش خۆی دەگرێت، نیشانیداوە ئەقڵ دەبێت لە بەڵگە
و شوهووددا هاوسەنگ بێت. ئەو ڕەخنەگرێکی بێوێنەی لۆژیکە، بەڵام هاوکات دڵسۆزترین پەیڕەوکەری
ئەو ڕێگایەیە کە بە حیکمەتی یەمانی ناسراوە( حیکمەتی یەمانی (الحکمة
الیمانیة) ناوی ڕێبازێکی فەلسەفییە بە تایبەتی بە سۆهرەوەردی پێوەندیدارە،
تێکەڵکردنی حیکمەتی یۆنانی وفەلسەفەی ئیسلامی و حیکمەتی ئیشراقە)، شارەزووری پێیوایە
هەر کەسێک بێ ئەوەی بە پلەکانی ڕووناکیدا سەربکەوێت، حوکم لەسەر بوون بدات، تەنها
لە تاریکیی بەڵگەی کاتییدا دەمێنێتەوە. لای شارەزووری، مرۆڤ بریتییە لەو ئاوێنەیەی
ئەگەر شەوق بداتەوە، ڕەنگدانەوەی ڕاستی گەردوونی تێدا دەبینرێت. ئەم ڕوانینە ئیشراقییە،
تەنها ڕێبازێکی ئایینی نییە، بەڵکو جۆرێکی باڵای فینۆمینۆلۆژیی ڕۆحە(بەڵام نەك بەو
قووڵییەی كە هیگڵ لە فینۆمینۆلۆژیای رۆح دا رەگ و ریشەی
دەرهێناوە).
شارەزووری بە شیکردنەوەی
زانینی حوزووری Knowledge by Presence، دەیسەلمێنێت ئێمە پێویستمان بە نێوەندگیریی وێنەکان نییە بۆ ئەوەی
بزانین کە هەین، بەڵکو ئێمە بە تەواوی ئاگاییمان لە خۆمان، ڕاستەوخۆ دەگەینە ناوەڕۆکی
بوون. ئەمە ئەو خاڵەیە کە دەبێت زۆر وردتر لێی بڕوانین: شارەزووری وەک بەهرەمەندێک،
بەو ئەنجامە دەگات کە بوون خۆی ڕووناکییە، نەبوونی مانا تەنها سێبەر و تاریکییە. ئەو
بە تێگەیشتنی لە جیهانی مِثال،دەرگایەکی کردەوە بۆ
داهاتوویەکی فەلسەفی کە هێنری کۆربین لە سەدەی بیستەمدا بە مەزنترین دۆزینەوەی فەلسەفەی
ڕۆژهەڵاتی دانا. شارەزووری تەنها لەبەر ئەوەی بە زمانی عەرەبی نووسیوە یان لە نەریتی
ئیسلامیدا ژیاوە، نابێت بەکەم سەیر بکرێت، چونکە ئەو بەشێکە لەو ڕەوتە جیهانییەی کە
پرسیاری مانای کردووە بە تەوەری سەرەکی ژیان. بەڵام شارەزووری وەک ئەو مامۆستایە دەردەکەوێت
کە نایەوێت وەڵامی ئامادەمان بداتێ، بەڵکو دەیەوێت فێرمان بکات چۆن بە چرای ئەقڵ و
گەرمی ڕۆحەوە بەناو دارستانی بەڵگە فەلسەفییەکاندا تێپەڕین. ئەو تەنها میراتگر نییە،
بەڵکو داڕێژەرەوەی سیستەمێکی ئیشراقییە کە تا ئەمڕۆش تا رادەیەك وەک چەترێک بۆ تێگەیشتن
لە بوون ماوەتەوە. شارەزووری بە هێمنی، وەک ڕووناکییەک لە نێو کتێبخانە تاریکەکانی
سەدەکانی ناوەڕاستدا دەدرەوشێتەوە، بۆ ئەوەی بیرمان بخاتەوە کە مرۆڤ، وێڕای هەموو ئازار
و سنووردارێتییە ماددییەکانی، هێشتا پارچەیەکە لەو ڕووناکییە گەورەیەی کە سەرچاوەکەی
لە واجب الوجود دایە. ئەمەش ئەو جیهانەی شارەزوورییە كە مرۆڤ لە ئاستی بوونەوەرێکی بایۆلۆژییەوە دەباتە
ئاستی بوونی ڕۆحێكی نەمر.
شکسپیر، داهێنانی مرۆڤی مۆدێرن
ئەگەر شارەزووری لە
ئاسمانەوە ڕووناکی ببینێت و مرۆڤی لە ڕێگەی جیهانی مِثال ەوە بە ئاسمانەوە گرێدابێت، ئەوە ویلیام شکسپیر پزیشکێکی نەشتەرگەریی
مێشك و ڕۆح بووە کە بە دەستی خۆی خانەكانی مێشك و برینەکانی ناخی مرۆڤی هەڵداوەتەوە.
شکسپیر، کوڕی ستراتفۆرد، لە سەردەمێکدا دەرکەوت کە جیهانی کۆنی مەزهەبی ودەرەبەگی
بەره و رووخان و نەمان دەچوو، ئینسانی نوێ وەک بوونەوەرێکی بێ پەنا، لە نێوان ئەقڵ
و گوماندا گیری خواردبوو. جیاوازیی شکسپیر لەگەڵ فەیلەسووفانی سەردەمەكەی ئەوە نەبوو
ئەو تیۆری داهێناوە، بەڵکو ئەوە بوو کە ئەو بوون ی کرد بە شانۆ. لای شکسپیر، مرۆڤ
نە لە واجب الوجودەوە دەست پێدەکات و نە بە ئاسمانیشدا سەردەکەوێت، بەڵکو مرۆڤ لەو
چرکەساتەدا دەردەکەوێت کە بڕیار دەدات و لە کرداری خۆیدا دەشکێت.
شکسپیر بە داهێنانی
هاملێت، ڕەهەندێکی نوێی بۆ هۆشیاری زیاد کرد كە دواتر دەروونزانەكان گەشەیان بەو
لایەنە دا. هاملێت تەنها شازادەیەک نییە بەیەوێت تۆڵەی باوکی بکاتەوە؛ بەڵكو هاملێت
بووە یەکەم کەسایەتی لە مێژووی ئەدەبیاتدا کە بیرکردنەوەی خۆی دەبینێت. کاتێک هاملێت
دەپرسێت بوون یان نەبوون، ئەو پرسیارە نییە لەسەر فیزیکی مردن، بەڵکو پرسیارێکە لەسەر
قووڵایی ویژدانێک کە لە نێوان حەقیقەت و فریوداندا پارچە پارچە بووە. لای شکسپیر،
ویژدان دادگایەکی بێ دەنگە؛ ئەو دادگایەی تەنانەت ئەگەر یاسای مرۆیی نەیتوانی حوکم
بدات، مرۆڤ خۆی خۆی سزا دەدات. ماکبێث، نموونەی ئەو مرۆڤەیە کە ئارەزوو بەسەر ڕۆحدا
زاڵ دەبێت. خوێنی دەستی ماکبێث، تەنها خوێنێکی ماددی نییە، بەڵکو ڕەمزی ئەو تاوانەیە
کە هەرگیز ناشۆردرێتەوە. شکسپیر لەم ڕووەوە فەیلەسوفێکی تراژیدییە، ئاخر پێمان دەڵێت
مرۆڤ تەنانەت ئەگەر هەموو دەسەڵاتی سەرزەمینیشی بەدەست بێت، کاتێک خۆی لەدەست دەدات،
بوون دەبێتە دۆزەخێکی بێ کۆتایی.عیسا پێغەمبەریش قسەیەكی لەم شێوەیە
هەیە.
داهێنانی گەورەی شکسپیر
لەوەدایە مرۆڤی وەک بوونەوەرێکی ناکوک نیشان دا. لە پێش شکسپیر، کارەکتەرەکان لە ئەدەبیاتدا
یان قارەمان بوون یان دڵسۆز، یان باش بوون یان خراپ. بەڵام شکسپیر ئەو دیوارەی
شکاند؛ ئایاگۆ لە ئۆتێلۆدا، شەیتانێک نییە لە دەرەوە هاتبێت، بەڵکو ئەو تاریکییەکی
ناوەکییە کە لە هەموو مرۆڤێکدا هەیە و تەنها پێویستی بە هەلێکە تا سەرهەڵبدات. لێرەدا
شکسپیر دەبێتە فەیلەسوفی ئەخلاقی تێگەیشتن نەک ئەخلاقی حوکمدان. ئەو ناڵێت خراپە
چاکە، بەڵکو نیشانمان دەدات مرۆڤ چۆن هەنگاو بە هەنگاو، بەهۆی لاوازییەکانی خۆیەوە،
دەگاتە لووتکەی تاوان. ئەمە ئەو قووڵاییەیە کە دەروونناسیی مۆدێرن (بەتایبەت فڕۆید)
لەسەری بنیاد نراوە.
زمانی شکسپیر، تەنها زمانێكی
شیعری نییە؛ ئاخر ئەو زمانی کردە ئامرازێک بۆ دروستکردنی کەسایەتی. هەر وشەیەک کە
پاڵەوانەکانی شکسپیر دەری دەبڕن، بەشێکە لە هەوڵدانیان بۆ پێناسەکردنی خۆیان لە جیهانێکی
بێ مانا. کاتێک شا لیر هەموو ناونیشان و دەسەڵاتێکی لێ دەسەنرێتەوە، لەوێدا تازە
مرۆڤایەتیی ڕاستەقینەی خۆی دەدۆزێتەوە. لێرەدا فەلسەفەی شکسپیر دەردەکەوێت: مرۆڤ
کاتێک دەگاتە پلەی باڵای بوون کە لە هەموو شکۆ و ناونیشانێک ڕووت بێتەوە و تەنها وەک
بوونەوەرێک ڕووبەڕووی مردن ببێتەوە. ئەمە ڕوانینێکی زۆر پێشوەختەی بوونگەرایی
مرۆڤە.
شکسپیر فەیلەسوفی نەزانینە.
راستە وەڵاممان ناداتەوە، بەڵام بۆچی وەڵاممان ناداتەوە، ئاخر ئەو دەزانێت وەڵامەکان
لە نێو پرسیارەکاندا ونن. ئەو پرسیارانەی هاملێت و لیر و ماکبێث دروستیان كردووە،
ئەوەندە بەهێزن هەر نەوەیەک لە هەر سەردەمێکدا، ناچارە بە شێوازێکی جیاواز وەڵامیان
بداتەوە. ئەمەیە سیحری شكسپیرە كە پێشتر كەس ئەمەی پێ نەكراوە. بۆیە ئەگەر
شارەزووری چرای حیکمەت بێت، شکسپیر ئەو تاریکییەیە ڕێگای بینینی ڕاستییمان بۆ ئاسان
دەکات؛ چونکە لەناو تاریکیی تراژیدیادا، مرۆڤ ناچارە بە دوای ڕووناکییەکی ناوخۆیدا
بگەڕێت. هارۆڵد بلۆم بە وردی دەڵێت شکسپیر مرۆڤی داهێنا، مەبەستی ئەوەیە ئەو ڕەهەندە
شاراوانەی مرۆڤی دەرخست کە پێشتر کەس نەیدەبینی. ئەو هێزەی شکسپیر لە داهێناندا هەیبووە،
لە توانای ئەودا بووە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە مرۆڤ بوونەوەرێکە لە گۆڕاندا. هیچ کەسایەتییەک
لای شکسپیر لە کۆتایی شانۆنامەکەدا هەمان ئەو کەسە نییە کە لە سەرەتادا بوو. ئەمە
جوولەی فەلسەفیی دیالیکتیکە لە ڕێگەی کردەوەوە.
لەگەڵ هەموو ئەو
داهێنانە بێ وێنەیەی شكسپیر دەكرێ متەوازعانە بڵێین شارەزووری و شکسپیر دوو ڕێگای
تەواوکەری یەکترین. یەکێکیان ئاسۆیە و ئەوی تریان قووڵایییە. شارەزووری ئاسۆی ڕووناکی
کە مرۆڤ بەرەو مانا دەبات، شکسپیر قووڵایی دەروونی مرۆڤەو مرۆڤ بەرەو وشیاری و
تێگەیشتن لە خۆی دەبات. هیچکامیان بچووک نین، چونکە هەرکامێکیان بەشێکی تەواونەکراوی
مرۆڤایەتین. بەڵام ئەوەی شکسپیر بەجێی هێشت،
ئاوێنەیەکی شکاو بوو، هەموومان لەناویدا ڕووخساری ناکۆکییەکانی خۆمان دەبینین. ئێمە
لە شارەزوورییەوە فێری ئەوە دەبین کە بە سادەیی مانای بوون چییە، بەڵام لە
شكسپیردا فێری ئەوە دەبین مرۆڤ چۆن لەنێو نەمانی مانادا دەتوانی بمێنێتەوە. سەیركە دوو رێگا، دوو دیدگای تەواو لەیەك جیاوازن.
بۆیە ئەگەر شارەزووری
فەیلەسوفی ڕووناکی بێت لە دونیای مەعریفەدا، شکسپیر هونەرمەندی ویژدانە لە دونیای
ئەزموونی مرۆییدا. هەردووكیان نەخشەی مرۆڤایەتییان کێشاوە، نەخشەیەک هەم ئاسمانی هەیە
بە حیکمەت و ئیشراقەوە، هەم زەوییەکی پڕ لە ئازار و ویژدانی هەیە بە تراژیدیا و
هونەرەوە. مرۆڤی تەواو ئەو مرۆڤەیە بە چاوێکی شارەزوورییانە لە ئاسۆی ڕووناکی بڕوانێت
و بە دڵێکی شکسپیریانەش لە تراژیدیای خۆی تێبگات. ئەوان دوو دەرگای کراوەن بۆ ماڵی
گەورەی مرۆڤبوون، ماڵێک مرۆڤ وێڕای هەموو ترس و تاریکییەکان، هێشتا دەتوانێت پرسیاری
گەورە بکات و بە دوای حەقیقەتدا بگەڕێت. شکسپیر لێرەدا تەنها شانۆنووس نییە، بەڵکو
ئەو فەیلەسووفەیە بە کردەوەی مرۆیی، ئۆنتۆلۆژیای ئازادی و تاوان و مردن ی بۆ بۆماوە
بەجێ هێشتووین.
كەواتە شكسپیر ئەو
سنوورانەی شكاند كە شارەزووری نەیتوانی بیشكێنێت ئێستا دەبێت دەبێت راشكاوانەتر
قسە بكەین، شارەزووری ئەندازیاری بینینی ڕووناکییە، بەڵام شکسپیر خودی مرۆڤە لە هەموو
وێرانەیەکیدا بە رووتی، واتا مرۆڤێك دەناسێنێ كە بێ پەردەو بێ دەمامكە. شارەزووری
لەناو بازنەی حیکمەتدا دەخولێتەوە، بەڵام شکسپیر ئەو بازنەیەی شکاندووە و چووەتە
ناو ئەو پانتاییەی کە هیچ فەلسەفەیەک نەیتوانیوە پڕی بکاتەوە.
گەورەیی شارەزووری لەوەدایە
کە میراتی ئیشراقی پاراستووە، بەڵام شکسپیر لەوەدا گەورەیە کە داهێنەری جیهانی ناوەوەی
مرۆڤە. ئەوەی شارەزووری دەیڵێت، گێڕانەوەی ڕووناکییە بۆ خودایەک یان سەرچاوەیەکی ڕۆحی،
بەڵام ئەوەی شکسپیر دەینووسێت، پەیڕەوی ئازادیی خودی مرۆڤە لە ئاست بێمانایی ژیاندا.
شارەزووری مرۆڤ وەک ئاوێنەیەک دەبینێت بۆ ڕەنگدانەوەی واجب الوجود، بەڵام شکسپیر
مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خۆبەدیهێنەر نیشان دەدات کە تەنانەت ئەگەر ئاسمانەکانیش بێدەنگ
بن، ئەو دەتوانێت لە ئازاری خۆیدا مانا بخوڵقێنێت.
شکسپیر باڵاترە، چونکە
ئەو کۆتایی بە ئەفسانەی پێشینەکان هێنا. نەک هەر میراتی ئۆڤید و پلوتارخ ی نەخوێندەوە،
بەڵکو وای لێ کردن ببن بە بەشێک لە گۆشت و پێستی مرۆڤی مۆدێرن. کاتێک هاملێت قسە دەکات،
تەنها وەك فەیلەسووفێک قسە ناکات، بەڵکو تەنهاییەکی قووڵ دەدوێت کە شارەزووری لە
کتێبەکانیدا تەنها بە نزمی باسی كردووە. شکسپیر ئەو قووڵاییەی دۆزییەوە کە شارەزووری
تەنها لە پەراوێزی حیکمەتدا دەیبینی.
لە هەمووی گرنگتر،
شکسپیر زمانی کرد بە مرۆڤ. ئەو وشەی داهێنا بۆ ئەو هەستانەی کە پێشتر ناویان نەبوو.
شارەزووری بە زمانێکی کلاسیك و پارێزراو لە ناو کتێبەکاندا ماوەتەوە، بەڵام شکسپیر
لە دەمی هەموو تاکێکی سەر ئەم زەوییەدا دەژی. ئەوەی بلۆم دەڵێت( شکسپیر مرۆڤی داهێنا)لەو
ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئێمە هەموومان بە چاویلکەی شکسپیری لە خۆمان و جیهان
دەڕوانین. شکسپیر لووتکەی ئەو شاخەیە کە شارەزووری تەنها لەبنارییەوە تێی رادەما.
شارەزووری وەڵامی
پرسیارەکانی دەستەبەر کردووە، بەڵام شکسپیر خودی پرسیارەکەی کردووە بە بوونەوەرێک.
بۆیە، شکسپیر باڵاترە؛ چونکە ئەو نەزانینی قبوڵ کرد و کردی بە ستوونی ژیان. شارەزووری
دەیەوێت بە ڕووناکی تاریکی بسڕێتەوە، بەڵام شکسپیر نیشانمان دەدات کە تاریکی بەشێکی
دانەبڕاوی تەواویی مرۆڤە. مرۆڤی باڵا لای شکسپیر، ئەو کەسە نییە کە ڕووناک دەبێتەوە،
بەڵکو ئەو کەسەیە کە لەناو تاریکیی خۆیدا دەمێنێتەوە و هێشتا دەتوانێت وەك مرۆڤ بمێنێتەوە.هەموومان ناچارین بەدوای ئەو ویژدانەدا بچین کە شکسپیر وەک
دادوەرێکی بێ دەنگ لە ناخماندا دروستی كردووە. شکسپیر بوو بە مرۆڤایەتی گوت مانا لە
نێوان گفتوگۆ و ئازار و ڕووداوەکاندا دروست دەبێت. شکسپیر وەک فەیلەسووفێک
دەیبینین کە مرۆڤی مۆدێرنی لە قەفەسی زەمین و ئاسمان ڕزگار کرد و خستییە سەر
ڕێگایەک کە تەنها خۆی لێی بەرپرسە، واتا پێمان دەڵێت مرۆڤ دەبێت چۆن بژی.
کەواتە ئەگەر شارەزووری
پارێزەری حیکمەت بێت، ئەوا شکسپیر خاوەنی مرۆڤە. گەورەیی شکسپیر لەوەدایە ئەو
سنووری فەلسەفەی بەزاند و بوو بە خودی ئەزموونی بوون. لە بەرانبەر ئەم لووتکەیەدا،
فەلسەفە تەنها دەبێت بە پەراوێزێك بۆ شانۆنامەکانی شکسپیر. شکسپیر ئەو کۆتاییەیە کە
دەسپێکی هەموو شتێکە، ئەو ناونیشانەیە مرۆڤایەتی لە هەر سەردەمێکدا بۆ دۆزینەوەی خۆی
دەبێت بەدوایدا بگەڕێت تا بیدۆزێتەوە.
دەیان فەیلەسووفی
مەزنی وەك ماركس، گۆتە، نیچە، فرۆید و..............هتد بە شكسپیر سەرسام بوون،كاتێك كچەكانی ماركس لە ماركسیان
پرسی باوكە حەزت لە چ شتێكە، ماركس گوتبووی خوێندنەوەی شكسپیر!. بەلام یەك فەیلەسووفی مەزن بە شارەزووری سەرسام نەبووە. ئیتر خوێنەری ئازیز تۆش
خۆت بڕیاری دروست بدە.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی