لە ساڵانی نەوەدەکان و دواتردا، سەردەمێکی سەختی ژیان و گوزەرانی
خەڵک بوو؛ سەردەمی چیرۆکی گوڵەگەنمە بەجێماوەکانی دوای دەڕاسە و دوورێنەبوو، کە
ژنان و منداڵانی وڵات بۆ دابینکردنی بژێوی، گوڵەگەنمە جێماوەکانیان کۆدەکردەوە. لە
پاڵ ئەمەشدا، کۆچی بەلێشاوی گەنجان بۆ گەڕان بەدوای ژیاندا دەستی پێکرد.
لەو هەلومەرجە سەختەی ژیان و گوزەراندا، کە کوردستان لەژێر گەمارۆی
ئابووریی جیاجیادا بوو، زستان بە سەختی دەستی پێکرد. ئا لەو کاتەشدا، نەبوونی نەوت
و سووتەمەنی ببووە کێشەیەکی گەورە، بەتایبەتی لە ناوچە کوێستانییەکاندا. بۆیە خەڵک
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەرما و ڕزگارکردنی ماڵ و منداڵیان لە دەست سەرمای سەختی
زستان، ڕوویان لە ناوچە شاخاوییەکان کرد بۆ بڕینەوەی داری دارستانەکان.
لێرەدا ژینگەی کوردستان کە پێشتر ڕژێمی بەعس وێرانی کردبوو ،ئەوەشی
مابووەوە بووە قوربانیی نەبوونی سووتەمەنی ، چونکە خەڵک لەناچاریدا دەستیان کردبووە
بڕینەوەی بەکۆمەڵی دار و درەختەکان، بەتایبەتی داربەڕووەکان.
ئێستاش کە لە هەلومەرجێکی ناجێگیر و خراپی ئابووریداین و نرخی
نەوتی سپی ئەوەندە گرانە کە خێزانەکان توانای دابینکردنیان نییە ، ئەوەی لە ماوەی ۱۰ ساڵی ڕابردوودا کە ژینگەی
کوردستان و ڕێژەی سەوزایی گەشەیەکی بەرچاوی کردوەتەوە و دارستانەکان ژیاو نەتەوە،
جارێکی دیکە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی سپییەوە زەنگی مەترسی دژ بە ژینگە، بەتایبەتی
دار و درەخت لێدەدرێتەوە.
پەیوەندیی نێوان تێکچوونی ژینگە و قەیرانی ئابووری بەرئەنجامی
وێرانکاریی ژینگەی لێ دەکەوێتەوە و داربەڕووەکان ڕووبەڕووی قڕبوون دەبنەوە. بۆیە دەبێت
لایەنی پەیوەندیدار لە خەمی دابینکردنی نەوتدا بێت ، چونکە داربەڕووەکان تەنیا درەختێکی
ئاسایی نین، بەڵکوو هەناسە و سییەکانی ژینگەی کوردستانن. گەشەکردن و پێگەیشتنی
داربەڕوویەک دەیان ساڵی پێویستە، بۆیە بڕینەوەی داربەڕوویەک لە نیو کاتژمێردا، ڕەنگە
بە دەیان ساڵ قەرەبوو نەکرێتەوە.
لەبەر ئەوە، پێویستە مەترسیی قڕکردنی ژینگە و داربەڕووەکان بکەینە
خەمێکی گشتی.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی