بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار، دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی

55 خولەک پێش ئێستا

بەختیار شاوەیس

عەلی زەیدی دواجار پێکەژەهرەکەی خواردەوە و داوای لەبانکی ناوەندی کرد کەنرخی دۆلار بەرامبەر بەدیناری عیراقی بەرزبکاتەوە. بەمەش شڵەژانی بازار و شۆکی شەقام و پەرچەکرداری ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی لێکەوتەوە.

بریارەکەی زەیدی گەرچی راستەوخۆ کاریگەری لەسەر بژێوی هاوڵاتیان دروست دەکات و دەبێتە لێبرینی ٪ ١٤ ی موچە، بەڵام لەقوڵایدا شتێکی سەرپێی و هەوانتە نیە، بەڵکو بژاردەیەکی ناچارانە بوو لەنێوان کۆمەڵێک ئۆپشنی بەردەست بۆ رزگارکردنی وڵات لەو دۆخە نەخوازراوە ئابووریەی کەتێیکەوتوە.
هەربۆیە لەنێوان بژاردەکانی وەک:

١- لابردنی سفرکانی سەر دراوی عیراقی
٢- پێدانی موچەی فەرمانبەران لە٤٥ رۆژدا
٣- دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر بەدۆلار

سەرۆک وەزیران  لەم هەلومەرجەدا  چارەسەری سێیەمی هەڵبژارد، کەئەم بژاردەیە هەربەتەنها لێکەوتەو دەرهاویشتەی دۆخە ئابووریەکە نیە بەڵکو لەرەهەندی سیاسییشەوە  دەکرێ ئامانجەکانی بریارەکە ببینین. بەمانایەکی روونتر :

شتێکی حاشاهەڵنەگرە کە ئەو بارودۆخە سەختە ئابووریەی کەحکومەتەکەی زەیدی پیایدا تێدەپەرێ راستەخۆ هۆکارەکەی دەگەرێتەوە بۆ جەنگی ئیران و ئەمریکا. جەنگێک بوەهۆی ئەوەی کەدەوڵەتی عیراق جگەلەوەی کەیەدەکی بانکیەکەی لە ١٠٧ ملیار دۆلار بۆ ٧٩ ملیار کەمی کردوە، هەروەها لەمانگەکانی تەموز و ئابدا بەدواکەوتنی دوو هەفتەوە زۆر بەزەحمەت موچەی فەرمانبەرانی دابینکرد
کەواتە ئەم هەنگاوەی زەیدی لەدیوەسیاسیەکەدا بریتیە لەوشککردنی سەرچاوەی داهاتی ئەو لایەنانەی کەنزیکن لەئێران وەک گروپەکانی حەشد و وەلائیەکان کەلەرێگەی بانکەکانەوە بەهۆی جیاوازی زۆر لەنرخی فەرمی حکومی و نرخی بازار رۆژانە دەیان ملیۆن دۆلاریان دەست دەکەوت.

 لەسەرێکی ترەوە عەلی زەیدی لەرێگەی یاسای بودجەوە دەیەوێ یەک ملیۆن لەوانەی کەگرێبەست و خۆبەخشن دابمەزرێنێت کەبەرزکردنەوەی نرخی دۆلار یارمەتیدەری باش دەبێت بو جێبەجێکردنی ئەم پلانە و ئەمەش  جارێکی تر لەرووی سیاسیەوە دەبێتە ئامرازی جێپێقایمکردنی خۆی  لەئایندە.

ماوەتەوە بڵێم: بریارەکە هەربەتەنها سەرۆک وەزیران نەیداوە بەڵکو بانکی ناوەندی وەک لایەنی بەرپرس لەمەسەلەکە  هەمان بریاری هەیە و چوارچێوەی هەماهەنگی لەکۆبونەوەی دوێنێ شەودا پشتیوانی بۆ دەربریوە. ئەوەیشی دەمێنێتەوە لە جموجوڵی پەرلەمانی و نارەزایەتی جەماوەری رەنگە لەکۆتایدا بەرئەنجامێکی ئەوتۆی نەبێت و بریارەکە ببێتە ئەمری واقع. واقعێکی تاڵ کەحکومەت دەتوانێ بەکۆنترۆڵی نرخی ناوبازار لەگەڵ نرخە فەرمیەکەیدا لێکەوتەکانی لەسەر هاوڵاتیان کەم بکاتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی