ئەمڕۆ بێ ئاوەزی دنیا بەڕێوەدەبات، لەتەك ئەو بێئاوەزیەدا زیرەكی دەسكردو سۆسیال میدیا هیچ پەردەو نهێنیەكی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئاینی نەهێشتوەتەوە، دنیا لەبەردەم هەڕەشەدایە، ئەمە بەو مانایە نا كە ئیدی هیوا نەماو تەواو، بەو مانایەی هەر گۆڕانكاریەكی ئاوەزی دەشێت یان دنیایەكی باشتر، یان خراپتر بێنێتەدی، كۆمپانیەكانو سەرانی پوڵپەرستی دنیا دەیانەوێت ڕێژەی مرۆڤایەتی نەك لەشوێنێكا ڕابگرن بگرە لەمەنگەنەی بدەن.
ئەمەش مەترسیەكی گەورەیە ، یان پەتا ، یان شەڕو ئاڵۆزی ، یان دروستكردنی كارەساتی سروشتی وێرانكەر ن بۆ هەرسێ كردەكە سەرانی شەڕخوازو پارە خوازی دنیا ئامادەن ، ناوچەكەی ئێمەش نزیكترین شوێنە بۆ شەڕەكە ، نەوتی تیایە ، ململانێی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی تیایە ، ناسیونالیستی فاشیستی تیایە ، ترەمپ دەیەوێت بەر لەڕۆیشتنی خۆی ئێران بخات، هەر ئێران نا، دەیەوێت ڕوسیاش چوار چێوە بەندبكات، داخی دوریشی لەفەڕەنساو ئەڵمانیا هەیەو ئەوانیش تێوە دەگلێنێت، ترەمپ دەیەوێت بەڕێگەیەكی تر سەردارێتی ئەمەریكا بەسەر جیهاندا بهێڵێتەوە.
لە بواری پەیوەندی و گەشەی ئابوری و تەكنەلۆژیا بە گشتی ، هەروەها گەشەسەندنی خێرای چین تێدەگات كە دنیا بەرەو چەند جەمسەریەكی نوێ دەڕوات ، بەڵام دەیەوێت لە بواری هەیمەنەی سەربازی و بڕیاردان لە چارەنووسی ئەوانەی ئەو بە نەیاریان دەزانێت بەسەرداری بمێنێتەوە ، ڕوداوەكەی فەنزوێلا، شەڕی ئێران ، پاڵپشتی ئۆكرانیا لە شەڕی بەرانبەر ڕوسیا هەموو ئەوانە ئەو ڕاستیە دەسەلمێنن.
ئێران لە ناو خۆیدا لە بارو دۆخێكی زۆر خراپدایە ئابوری ئێران پاشەكشەی گەورەی كردوە ، وەزیری نەوت دەستی لە كار كێشاوەتەوە ، ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی پەیتا پەیتا لە كۆبونەوەدان ، هەرچەند لە ناو خۆدا نەیارەتی هەیە ، جگە لەوەش ئۆپۆزسیۆنێكی زۆر كاریگەر نین " كورد بە دەرە لەمە " ئێران بەو جۆرە نامێنێت، ئەمەریكا مەبەستێتی زیاتر ملی پێبدات.
ترەمپ پەلەیەتی لەوەی بەر لە ڕۆیشتنی ئەو كارە بكات، هەڵبەت ترەمپیش لە ڕوی پشتگیری جەماوەریەوە پاشەكشەی كردوە ، لە گەڵ ئەوەشدا ئەمەریكا هێزی زیاتر دێنێتە ناوچەكە، بارو دۆخی هەرێمی كوردستان لە نێو ئەم هەموو ململانێیەدا و بە تایبەت پاش ڕیفراندۆم و ڕوداوەكانی 2017 لە پاشەكشەیەكی بەردەوامدایە لە ڕوی خۆ خاوەنیەوە ، پارتی و یەكێتی نەیانتوانی پارلەمان كارا بكەنەوە ، باشترە بگوترێ نەهێڵرا ، حكومەت ، حكومەتێكی سەرتاسەری و لە بەر دڵان نیە ، نەتوانرا وەك پێویست و بە گوێرەی خواستی دۆستان پێشمەرگە یەكبخرێت لە ڕوی بودجەو موچەوە بە تەواوەتی كەوتوینەتە ژێر فەرمانی بەغداوە، كۆكەرەوەیەكیشمان نییە.
ئەم بارو دۆخە ئەگەر كورد ئاوەزیانە مامەڵەی لە گەڵ بكات دەرفەتێكی باشە ، گەر نا ئەوە دەبێت بۆ ماوەیەكی زۆر دور تر بەم شێوەیەی ئێستا بمێنینەوە ، لەناوچەكەگۆڕانكاری دەبێت ، گۆڕانكاریەكەش بەو جۆرەیە كەدەوڵەت نەتەوەی بە هێز نەمێنێت و مەترسیەكانی سەر ئیسرائیل كۆتاییان پێبێت ، ئەمڕۆ هیچ دەوڵەتێكی عەرەبی مەترسی نین بۆ سەر ئیسرائیل ، زۆربەی دەوڵەتە عەرەبیەكان پەیوەندی ئاشكراو ژێر بەژێریان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە.
ئەوانەی تا ئێستا وەك مەترسیی ماونەتەوە بەتایبەت توركیاو ئێرانن، ئێران تا ڕادەیەك كارەكەی تەواو بووە ، هەڵبەت ئەوەشمان بیر نەچێت ئێران بەو دژایەتی كردنەی ئیسرائیل خزمەتێكی زۆری بەو وڵاتە كردوەو دەشێت لە پشتی پەردەوە زۆر بابەتی دیكەش هەبن ، كورد دەبێت خوێندنەوەی وردو ئاوەزیانەی بۆ ئەم دۆخە هەبێت ، ناكرێت قەتەرو ئیمارات و ئەردەن ئەو پەڕی پەیوەندیان لە گەڵ ئیسرائیل هەبێت و كوردیش لەپەیوەندی سڵبكاتەوە، دەكرێت لەڕوی میلیەوە خەڵك ئازادبن لەوەی نەیاری ئیسرائیل بن، لێ لەڕوی پەیوەندی دیبلۆماسیەوە ناكرێت كورد لەناو هەموواندا وەك نەیاری ئیسرائیل دەربكەوێت.
بابەتی جینۆسایدو كوشت و بڕی خەڵكی سڤیل هەقی خۆیەتی وەك ستەمكاری و تاوان بناسرێت و نەیارەتی بكرێت ، بەڵام ناكرێت بە قسەی چوار عەرەب و چوار ڕیشدار كە دەشێت خۆیان ژێر بە ژێر پیاوی ئیسرائیل بن ، لەوە بترسین بە كورد بگوترێت ئیسرائیلی دوەم ، بۆ كورد ئیسرائیلی دوەمە لە كاتێكا سەت ساڵە گەلانی موسوڵمان جینۆسایدی دەكەن و سەرەتایی ترین مافی خۆی پێنادەن ، ئەگەر بۆ محەمەد بن سەلمان هیچ هێڵێكی سور نەبێت ئەوە بۆ كوردیش نابێت هەبێت ، ناكرێت كورد هەمیشە لە دەرەوەی مێژودا بێت لەبەر خاتری خەڵكانێك كە ئامادە نین وەك نەتەوەیەكی جیاواز بیناسن .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی