په‌روەردە؛ لە تێڕوانینی هەڵەی بەڕێوەبردنەوە تا لێپرسراوێتیی نیشتمانی

8 کاتژمێر پێش ئێستا

رێبین محەمەد سەعید




بەڕێوەبردن و بڕیاردان لە هەر سیستمێکدا، پێویستی بە تێگەیشتنێکی قووڵ هەیە لە کێشەکان و داننان بە راستییەکاندا. زۆرجار کێشەکە لە خودی واقیعدا نییە، بەڵکو لەو هاوکێشە هەڵەیەدایە کە مرۆڤ بۆ خۆی و دەوروبەری دروست دەکات. 

دەگێڕنەوە پەنابەرێک چووبووە فەرەنسا، بەڵام بەهۆی نەگونجانی لەگەڵ ژیان و شارستانیەتی ئەوێدا، داوای کردبوو دیپۆرت بكرێتەوە و گەڕابووەوە بۆ وڵاتی خۆی. کاتێک لێیان پرسیبوو: "بۆ گەڕایتەوە؟"، وەڵامی دابووەوە: "وڵاتی فەرەنسا لەگەڵ من نەگونجا!" لەو کاتەدا مەجلیس لە قاقای پێکەنین دا بوون و پێیان وت بوو: "ئاخر چۆن دەوڵەتێک و شارستانیەتێک کە سەدان ساڵە بونیاد ناوه، لەگەڵ تۆ دەگونجێت؟ ئەوە تۆ خۆتت لەگەڵیاندا نەگونجاندووە!"

هەر لەسەر ئەم بنەمایە، نوکتەیەکی تریش هەیە کە دەڵێن پیاوێک ون بوو، بەدوای هاوڕێکانیدا دەگەڕا و لە خەڵکی دەپرسی: "١٠ کەستان نەبینوە لێرەوە بڕۆن؟" لێیان پرسیبوو بۆچی بەدوایاندا دەگەڕێیت؟ وتی: "ئەوان لەگەڵ من بوون، ئێستا ون بوون!" بەڵام بۆیان ڕاستکردبووەوە و پێیان وتبوو: "خاڵەگیان، تۆ خۆت ون بووی، ئەوان لە شوێنی خۆیانن."


ڕەهەندی کارگێڕی و سیاسیی ڕەخنەکە
ئامانج لە گێڕانەوەی ئەم دوو نوکتەیە، تیشکخستنە سەر واقعێکی تاڵی کارگێڕییە؛ هەر حکومەتێک، حزبێک، وەزارەتێک، شارێک، کۆمەڵگەیەک، یان هەر یەکەیەکی ئیداری، ئەگەر بیەوێت خۆی لە دابینکردنی خەرجی، بودجە و پێداویستییەکانی وەزارەتی پەروەردە بدزێتەوە، لە راستیدا خۆی ون دەکات، نەک ئەوەی زیندوترین چینی کۆمەڵگە لە هەڕەتی چالاکیدا (خوێندکاران و مامۆستایان و پەروەردەکارانن) لەناوببات یان فەرامۆشیان بکات.

ئەوە تۆی لە ژێر عەبای نابەرپرسیارەتیدا خۆتت شاردووتەوە و ناتەوێت ئەرکە ڕاستەقینەکانت هەڵبگریت، نەک ئەوەی کێشەکە لە کەرتی پەروەردەدا بێت.


پەروەردە وەک لێدانی دڵی کۆمەڵگا: 

پەروەردە خوێنە بۆ دەمارەکانی کایە جیاوازەکانی کۆمەڵگا. کاتێک دەهەوێیت چاوت لەسەر پەروەردە داخەیت و پەرەی پێ نەدەیت، لە راستیدا تۆ خوێنی دەمارەکانی کۆمەڵگات نابینیت و ئاگاداری ڕەوتی شارستانیەت نیت. ئەمە نیشانەی کەموکوڕی و قەیرانە لە پەیکەری بیرکردنەوە و ئاراستەکردنی بڕیار بەدەستدابوونی تۆدا.

چارەسەر لە هەڵاتن و خۆدزینەوەدا نییە، بەڵکو لە گەڕانەوەیە بۆ بنەما ڕاستەقینەکانی بنیاتنانی مرۆڤ و ژینگە پەروەردەییەکان؛ چونکە هیچ دەوڵەتێک بێ پەروەردەیەکی بەهێز، ناگاتە قۆناغی گەشەسەندن و پێشکەوتنی ڕاستەقینە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی