ئەمریکا سەرۆک وەزیرانی عێراق، زەیدی، بە سەربەخۆ دەبینێت و وەک کەسێک سەیری ناکات کە بە قسەی پیاوەکانی ئێران بکات. واشنتۆن ئەوەندە متمانەی بە زەیدی هەیە کە ڕاستەوخۆ و بە تەنیا لەگەڵیدا دادەنیشێت و قسەی لەگەڵ دەکات، بەڵام چونکە گومانی زۆری لەو حزب و لایەنانە هەیە کە لە ئێرانەوە نزیکن، تەنانەت ڕێگەیان نەدا ئەو وەفدەی لەگەڵیدا بوون بێنە ناو کۆبوونەوەکەی نیویۆرکەوە، و ڤیزەیان نەدا بە بەشێکی ئەو تیمەی کە بڕیار بوو یاوەری بکەن.
زەیدی بە پشتیوانیی ترەمپ و تیمەکەی دەستی کردووە بە کۆمەڵێک هەنگاو ڕینامی کراوە چی بکات و ئەویش وەعدیکی زۆری بە ترامپ داوە تا ئەو شوێنە پشتگیریی دەکەن کە ئەنجامی هەبێت، بێ ئەوەی هیچ حسابێک بۆ پەرلەمانی عێراق بکات. دوور نییە بە تەواوی ئەو دەزگا تەزویرە بێدەسەڵات بکەن و بیکەنە شتێکی تەشریفاتی، ڕێک وەک سەرۆکایەتیی کۆمار. هەروەها بە هیچ جۆرێک ڕێگە نادەن ئەو پەرلەمانتارانەی سەر بە موقاوەمەن یان لایەنگری ئێرانن چی کورد بن، چی شیعە یان سوننە هیچ ڕۆڵ و کاریگەرییەکیان لە بڕیارەکاندا هەبێت.
لەولاشەوە، ئەمریکا و دامەزراوەکانی گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە هەموو هەڵبژاردنەکانی ڕابردووی عێراق، لە بەسرەوە تا زاخۆ، بە تەواوی تەزویر و ساختەکاری بوون. هیچ حزبێک دەنگی ڕاستەقینەی خەڵکی نییە، بەڵکو دەنگەکانیان لەلایەن ئێرانەوە بۆ دانراوە. لەبەر ئەمەیە واشنتۆن تەنیا قسەی زەیدی وەردەگرێت و هیچ حسابێک بۆ ئەو حزب و گرووپانە ناکات کە شانازی بە کورسی و زۆرینەوە دەکەن؛ بە تایبەتی چوارچێوەی هەماهەنگی کە لای ئەمریکا هیچ قورسایییەکی نییە. تا ئەو شوێنەش پشتگیریی زەیدی دەکەن کە ئەنجامی هەبێت.
ئەگەر شیعەکان هەر بەربەستێک دروست بکەن، ئەمریکا وەک چۆن سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە، چەکی سزاکانیان بەسەردا دەبارێنێت؛ بزانین لە نێوان ژیان و گوزەرانی عێراقییەکان و ئێراندا کامیان هەڵدەبژێرن، ئەو کات مەهدیش فریایان ناکەوێت. بۆ هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوەیە؛ پارتی و یەکێتی قورسایی و پێگەی جارانیان نەماوە لە واشنتۆن، هەمووی دەستی بە کڵاوی خۆیەوە گرتووە و نازانن چی ڕوو دەدات.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی