باجی سەر هێلکەو مریشک، بارگرانییەکی گەورەی هاوڵاتیان

17 کاتژمێر پێش ئێستا

د. سەعدی تەیب

سەبارەت بەهەڵگرتنی باجی گومرگی لەسەر هێلکە و مریشک پێویستە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت ، پارلەمانتاران ، چالاکوانان و ڕێکخراوو سەندیکاکان بێنە دەنگ و هەڵوێستی جددیان هەبێت .

چونکە سەرەڕای پشتیوانی نەکردنی کەرتی پەلەوەر و ئاژەڵداری لەلایەن حکومەتەوە و  بەهەموو ئەو ئاڵانگاریانەش کەلەسەریانە وەبەرهێنەرانی بواری هێلکە و گۆشتی سپی (مریشک) توانیویانە بەرهەمێکی لە بڕدا زۆر لە کوالێتیشدا باش و ساغڵەم پێشکەشی هاونیشتیمانیان بکەن، توانیویانە پارێزگاری لەئاسایشی خۆراک بکەن و سەدەها هەلی کاریش بڕەخسێنن و  پاڵپشتی حکومەت بکەن لەکەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاریدا.

گرنگە و ئەرکیشە لەسەر هەموان (سەرباری هەموو تێبینیەکان) پاڵپشتی لە ڕا و بڕیاری حکومەتی هەرێم و وەزارەتی کشتوکاڵ بکەین بۆ ئەوەی کارئاسانی بۆ ساغبونەوەی بەرهەمی ناوخۆی تەندروست بکرێت نەک کارئاسانی بۆ هاوردەی بەرهەمی دەرەکی (جا بەیاسایی بێ یا بەنایاسایی.!!!).

جەنابی حکومەتی فیدڕاڵ، بفەرموو باجی گومرگی لەسەر ئەو مادانە هەڵگرە کە لەپێکهاتەی ئالیکدا پێویستن و لەناوخۆدا دەست ناکەون و ناچار دەبێ هاوردە بکرێن ، بفەرموون باجی گومرگی لەسەر دەرمانی ئاژەڵ و پەلەوەر و زێدەگی خۆراک ( اضافاتی علفی) هەڵگرن کە بەناچاری دەبێ هاوردە بکرێن . 

بەچەند قات گومرگ و سەرانە لەدەرمان و موادە پێویستیەکانی تری کەرتی ئاژەڵداری وەردەگیرێت کە لەناوخۆدا بەرهەم نایەت  و باجەگەورەکەش خەڵک و کاسبکار دەیدات ، بەڵام دێن بە یاسایی و نایاسایی   ئاسانکاری بۆ هاوردەکردنی هێلکە و مریشک دەکەن کە لەهەرێمدا بەچەند قاتی پێویستی هەرێمەکەمان بەرهەم دێت و پشتیوانێکی گەورەشە بۆ شارەکانی تری عێڕاق.

دەبێ چارەسەری ئەو گرفتە و گرفتەهاوشێوەکانی تر بەکەسانی پڕۆفشناڵ و بەئەزموون و دڵسۆز و بوێر بسپێرن ، بەپێچەوانەوە ئیفلاس بونێکی گەورە ڕوو لە وەبەرهێنەرانی کوردستان دەکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی