بەشی یەکەم
لەو کاتەوەی حکوومەتە نیولیبراڵەکان لە فەرەنسا دەستیان کرد بە فرۆشتنی ئەو کەرتە گشتییانەی پێشتر لەژێر هەژموونی دەوڵەتدا بوون، لە نموونەی کەرتەکانی: تەندرووستی، پەروەردە، وزە، گواستنەوە و پەیوەندییەکان و وەرزش،… ئیتر بنەما ئابوورییەکانی سۆسیالیزم
لەو وڵاتە کە لەسەر پەیڕەوی خاوەندارێتی گشتی بوونیاد نرابوون، ڕووە و خوارەوە چوون و چەمکی «دەوڵەتی خۆشگوزەرانی» پاشەکشەی کرد و
سۆسیالیزم کاڵبووەوە.
کەمکردنەوەی خزمەتگوزارییە گشتی و کۆمەڵایەتییەکان، هەوڵدان بۆ لاوازکردنی پێگەی سەندیکاکانی کرێکاران، کردنەوەی ڕێگا و سنوورەکان بەڕووی بازاڕی
ئازاد، وایان کرد کۆنتڕۆڵی نرخ و بازاڕ بکەوێتەدەست گەورە بازرگانان و کۆمپانیاکان،
بەمەش ئەرکی هەرە سەختی بژێوی ژیان کەوتە ئەستۆی چینی هەژار و مامناوەند و دەوڵەمەندەکانیش
لە ڕێگای کەمکردنەوەی باج و دەستکراوەییان بەسەر بازاڕەکاندا خۆشگوزەرانتر و دەوڵەمەندتر
بوون، چینە پەراوێزخراوەکانیش کەوتنە نێو بازنەیەکی خولاوی نەهامەتییەکانی ژیان و
دونیای سەرمایەداری، لێرەوە کێشە دارایی و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵک لە فەرەنسا
دەستیان پێ کرد.
دوو
سەرۆک و یەک ئامانجی نیولیبرال
لەگەڵ سەردەمی سەرۆکایەتی
هەر یەک لە نیکۆلا سارکوزی (٢٠٠٧- ٢٠١٢) و ئیمانوێل ماکرۆن (٢٠١٧ - ٢٠٢٦) کێشەکانی خەڵک لەڕێگای ژمارەیەک
بڕیار و یاساوە قووڵتر
بوونەوە کاتێک
ویستیان سیستەمی ئابووری فەرەنسا زیاتر لەگەڵ مۆدیلی نیولیبرالیزمی جیهانی
بگونجێنن، بەتایبەت
لەودەمەی لە ساڵی ٢٠١٠ سارکوزی تەمەنی یاسایی خانەنشینی لە ٦٠ ساڵەوە کرد بە ٦٢ ساڵ،
لەکاتێکدا پێشتر فرانسوا میتێران وەک سەرۆکێکی سۆسیالیست توانی لە ساڵی ١٩٨٢ تەمەنی خانەنشینی کە
لە سەردەمی حکوومەتی کاتیی کۆماری فەرەنسا بە سەرۆکایەتی جەنەڕاڵ شارل دوگۆل بە فەرمی کرابوو بە ٦٥ ساڵ، کەمبکاتەوە
بۆ ٦٠ ساڵ.
دوای سارکوزی،
ماکرۆن گورزێکی گەورەتری لەم پرسە دا و لە ساڵی ٢٠٢٣ تەمەنی یاسایی خانەنشینی لە ٦٢ ساڵەوە کرد بە ٦٤ ساڵ؛
بەهۆی ناڕەزایەتییە زۆرەکان و ترسی لەبەدەستنەهێنانی زۆرینەی ڕەها، وایکرد ماکرۆن
پەنابباتەبەر ماددەی (٤٩.٣)ی دەستوور کە ڕێگەی پێدەدا پرۆژەیاساکەی بسەپێنێت.
ئێستا بەهۆی قەیرانی سیاسەتی ئابووری ماکرۆن و
حکومەتەکەی، فەرەنسا رووبەڕووی قەیرانێکی دارایی پێوانەیی بووەتەوە و قەرزی گشتی
گەیشتۆتە ٣.٦ ترلیۆن یۆرۆ، کورتهێنانی ساڵانەی بودجەش هێڵی سووری پێوەرەکانی
یەکێتی ئەوروپای تێپەڕاندووە و بووەتە ٥.٤٪، بۆیە دەبێت لە یاسای بودجەی ٢٠٢٧ دا
بڕی ٤٤ بۆ ٥٤ ملیار یۆرۆ لە خەرجییە گشتییەکانی کەمبکاتەوە، ئەمەش سیاسەتێک دەبێت ئەگەر
بەدیبێت لەسەر بنەمای لەناوبردنی ئەوەندە سۆسیالیزمەی کە ماوە لە فەرەنسا جێ بەجێ
دەکرێت.
جوڵانەوەی
بزووتنەوەی خوێندکاران دژ بە "ماکرۆنیزم"
شاری (کرێتێ)
کە ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی ٩٤ هەزار کەسە و بە دووری ١٣ کیلۆمەتر دەکەوێتە
باشووری ڕۆژهەڵاتی ناوەندی پاریس، لە ١٧ی سێپتەمبەر لە (لیسێی ئەنتوان دو سانت ئێکزوپێری- Lycée Antoine de saint Exupéry) مامۆستایان
و کارمەندانی خوێندنگاکە بەهۆی کەمی کارمەندان و مامۆستایان دەستیان بە مانگرتن
کرد، ڕۆژی دواتر خوێندکاران پشتیوانی مانگرتنی مامۆستایانیان کرد و ناڕەزایەتییان
دەربڕی بەرامبەر بە کەمی مامۆستا، نەبوونی کەرستەی پێویست، جیاکاری و نادادپەروەری
لەنێوان خوێندکارانی گەڕەکە هەژارنشین و دەوڵەمەندەکان، زۆری کاتژمێرەکانی خوێندن
و قەرەباڵخی ناو پۆلەکان، خراپی دۆخی باڵەخانە و پێکهاتەی خوێندنگاکە، کێشەکانی
تایبەت بە سیستەمی )پارکۆرسۆپ- Parcoursup) بۆ وەرگرتنی خوێندکاران لە زانکۆکاندا، توندووتیژییەکانی
پۆلیس و سیاسەتەکانی سکهەڵگوشینی ماکرۆن لە بودجەی ٢٠٢٧، نادیاری ئایندەی
خوێندکاران.
٢١ی سێپتەمبەر،
ڕۆژی سێیەمی خۆپیشاندانەکە بووە وەرچەرخانێک لە گۆڕینی ڕێڕەوی ناڕەزایەتییەکە، ئەوان
تەواوی خوێندنگاکەیان داخست و ڕاپەڕینێکی خوێندکارییان ئەنجام دا، بە بڵندگۆ داواکارییەکانی
خۆیان خوێندەوە و چەندین درووشمیان دژ بە وەزیری پەروەردە و ماکرۆن وتەوە. ئەم ناڕەزایەتی
و خۆپیشاندانە خێرا بەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیاکاندا بڵاوبووەوە، گەیشتە ئەو
دۆخەی جوڵانەوەی بزووتنەوەی خوێندکاری بەهێز لە سەرانسەری فەرەنسا درووست ببێت و سەدان
هەزار کەس لە مامۆستایان، خانەوادەی خوێندکاران، خەڵکی فەرەنسا، سەندیکا و
یەکێتییەکانی خوێندکاران پشتیوانییان بکەن، هەروەها هاوکاریان بن لە وەرگرتنی
مۆڵەت و ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکاندا.
خوێندکاران سەرەتا
لەڕێگای بەکارهێنانی تەنەکەی خۆڵە گەورەکان، درووستکردنی بەربەستی فیزیکی، بەکارهێنانی
پەرژینی ئاسنینی کاتی کۆمپانیاکان، پاسیکل و تەختە و ئەو درووشمانەی لەسەر
مقەباکان دەیاننووسی، لە بەیانیان زووەوە بەردەمی دەرگای خوێندنگاکانیان دەگرت و
دایاندەخست، بەم جۆرە وایان دەکرد ئەگەر کارگێڕی خوێندنگاکەش بییەوێت بەربەستەکان
لابدات بەبێ بەکارهێنانی هێز لە دژی خوێندکارە دانیشتووەکان نەتوانێت.
خوێندکارەکان بە
پشتیوانی سەندیکاکانیان توانییان رێکخستنی بەهێز لەنێوان خۆیاندا درووست بکەن، لە
سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەریشەوە سەرەڕای سڕکردنی خوێندنگاکان لەناو گەڕەکەکان، خوێندکاران
لەناو شەقامەکان مانەوە و لە درووشمەکانیاندا ماکرۆنیان وەک "پاشایەکی
بێبابک" وەسف کرد، بە سڕکردنی خوێندنگاکانیش پەیامێکی ڕاستەوخۆیان بە دەوڵەت گەیاند،
ئەگەر بەردەوام بێت لەسەر سیاسەتە نیولیبرالەکانی، ڕێگا نادەن وڵات بە ئاسایی
بەڕێوەبچێت، بەتایبەت دوای ئەوەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری پەروەردەدا کرد و
نەگەیشتنە هیچ دەرئەنجامێک.
داواکاری
لابردنی سیستەمی پارکۆرسۆپ لەلایەن خوێندکارانەوە شۆکێکی گەورەیە بۆ ماکرۆن، چونکە
یەکێک لە شانازییە گەورەکانی ئەو بە دیجیتاڵکردنی زانکۆکان بوو لە ڕێگای ئەو سیستەمەوە،
ئێستا درووشمی یەکەمی گەنجان کە بووەتە هەڵوەشاندنەوەی ئەو پرۆژەیە، واتای شکستی
کەرتی پەروەردەی ماکرۆنیزمە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەو مۆدیلی حوکمڕانییە لەناو
نەوەی نوێدا شوێنی نابێتەوە.
ماکرۆن لە
پایزی تەمەنی سەرۆکایەتییەکەیدا ترسێکی راستەقینەی هەیە لە فراوانبوونی
خۆپیشاندانەکانی خوێندکارانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ و خوێندکارانی زانکۆکان، چونکە دۆخەکە
ئەگەری دووبارەبوونەوەی شۆڕشی مێژوویی مانگی مای ساڵی ١٩٦٨ی هەیە، بە تایبەت گەنجان
کە خۆیان بە نەوەی زێد دەناسێنن، سۆز و پشتیوانی کۆمەڵایەتی، هاودەنگی سەندیکاکان
و مامۆستایان و خیزانەکانیان لەگەڵ دایە و هاوپەیمانن لەگەڵ کرێکاراندا، ئەمەش
توانای کۆنتڕۆڵکردنی شەقام بۆ پۆلیس و دەوڵەت ئەستەم دەکات، بڕیارەکانی
سنووردارکردنی خۆپیشاندنانەکان و قەدەغەی هاتووچۆی شەوانە لە هەندێک شوێن ڕاستی ئەو
ترسە دەسەلمێنێت، بەتایبەت فەرەنسا خاوەنی (٢،٢٦١،١٠٠ - دوو ملیۆن و دووسەد و شەست
و یەک هەزار و سەد) خوێندکارە لە قۆناغی ئامادەییدا.
شەممەی
زەرد و ڕەش
ڕووداوی
خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی شەممە ١٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٦ لە مەیدانی ریپۆبلیک لە پاریس، وایان
کرد ئەو ڕۆژە لەنێوان ڕەنگ زەردی ئێلەگ زەردەکان و ڕەشپۆشی بلاک بلۆکەکان و
تاڵانچییەکان دابەش ببێت، ئەمەش وای کرد ئەو خۆپیشاندانانە پەیامێکی ڕوون هاوکات
ئاڵۆزیان هەبێت و ببێتە نمایشێکی فرەڕەهەندی ئەو قەیرانە قووڵەی بەرۆکی وڵاتەکەی
گرتووە، بۆیە فەرەنسا لەبەر چەندین هۆکار بەو ڕۆژە تووشی شۆک و هەژان بوو.
وەک
ڕۆژنامەنووسێک کە لەسەرەتای خۆپیشاندانەکانی مانگی ڕابردووەوە لە زۆربەیاندا
ئامادە بووم، لەم خۆپیشاندانەشدا لە شوێنە هەرەگەرمەکانی ئەو ڕووداوانە بووم،
دیمەنەکە کورتکراوەی دۆخی کۆمەڵگەی فەرەنسا بوو؛ هەماهەنگی لەنێوان
خوێندکارەکان و ئێلەگ زەردەکان دەبیندار، هاووڵاتییانی ئاسایی و مامۆستایان و
سەندیکاکانی کرێکاران و خوێندکاران و پارتە چەپەکانیش هەموویان بەیەکەوە مەدەنیانە
بە بە درووشم و بەدەم گۆرانی وتنەوە داوای مافەکانیان دەکرد. نیگەرانی ئێلەگ
زەردەکان و خوێندکاران لەنیولیبرالیزمی سەرمایەداری، قورسکردنی باری ژیانی چینە
لاواز و پەراوێزخراوەکان، سەپاندنی باج بەسەر دەوڵەمەندەکان نەک هەژارەکان، لە
درووشمە هاوبەشەکانیان بوو.
سەرەڕای بوونی
داواکارییە ڕەواکان و پاڵنەرەکان بۆ هاتنی زیاتر لە ١١٠ هەزار کەس لە پاریس و ٨٠٠
هەزار کەس لەسەرانسەری فەرەنسا بۆسەر شەقامەکان، بەڵام لەولاوە توڕەیی و ڕادیکاڵی
بلاک بلۆکەکان وای کرد؛ وێستگەکانی پاس و ئوتۆمبێلەکان بسووتێندرێن و پەلاماردان و
تووندووتیژی زۆر درووست ببێت، کە لە پاڵیدا شەپۆلێکی تاڵانکاری و پێکدادان لەگەڵ
هێزە ئەمنییەکاندا بەڕێوەچوو و زیانە ماددییەکانی بە زیاتر لە ملیارێک یۆرۆ خەملێندراوە.
ئەم
فرەچەشنییەی ناو یەک خۆپیشاندان ئاماژەیەکی ڕوونە بۆئەوەی کە چۆن دەکرێت
ناڕەزایەتییەکی ڕەوای وەک ئەوەی ئێلەگ زەردەکان و خوێندکاران لەلایەن هەندێک
گرووپی دیکەوە کە مەرج نییە هاوڕای فکری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەوان بن، وا
بکەن کۆنتڕۆڵ لە دەست بدرێت و ئەوێ بکەنە گۆڕەپانی ململانێ جیاوازەکان.
لەبەرئەوەی قەیرانەکان
زۆر لە داواکاری خودی خۆپیشاندەران گەورەترن، ئەم خۆپیشاندانانە دەریخست دەرئەنجامی نادادپەروەری و چارەسەرنەکردنی
چینایەتی، لە کاتی ڕووداوەکانی وەک خۆپیشاندان و یارییەکانی تۆپێ و ڕۆژی جیهانی
مۆسیقادا، تێکدان و تاڵان و سووتاندنی لێ دەکەوێتەوە.
لە ناوچە
پەراوێزخراوەکانی دەوروبەری شارە گەورەکان بەتایبەت پاریس، کە ڕێژەی هەژاری،
بێکاری، نائومێدی، هەستکردن بە جیاکاری و دابڕان و پەراوێزخستن تیایاندا بەرزە،
نەوەی دووەم و سێیەمی کۆچبەرانی لێ قەتیس بووە، نەوەیەک لە سیستەم توڕەن و بەدوای
دەرفەتێکدا دەگەڕێن بۆ تۆڵەکردنەوە لە دەوڵەت کە پەراویزیانی خستووە، بۆیە ئەم
نەوەیە ئاسانتر لەناو بەشێکی کارە تێکدرەکندا دەبیندرێن. حکومەت لەبری خۆسەپاندنی
دەسەڵاتەکانی لە ڕێگای نمایشکردنی هێزە ئەمنییەکانی، پێویستە گفتوگۆی سیاسی بباتە
ناو قووڵایی کۆمەڵگاوە، ئەو درزە بە چاکسازی و نەهێشتنی نادادپەروەری پڕبکاتەوە
نەک قەدەغەی هاتووچۆ بسەپێنێت و شارەکان بە سەربازگە بکات.
هەرچەند
بەراورد بە خۆپیشاندانەکانی پێشوو لەو ڕۆژەدا ژمارەیەکی کەمتری پۆلیس لە
مەیدانەکەدا دەبیندران، بەڵام حکومەتی فەرەنسا لە ڕێگای پۆلیسەوە تووندووتیژانە
بەرامبەر بە گەنجانی خۆپیشاندەر لەو ڕۆژەدا ڕەفتاری کرد، ڕێژەیەکی زۆری لەگازی
فرمێسکڕێژ و بۆمبی دەنگی و ئاوپرژێن بەکارهێنا، لە دۆخێکدا بۆشایی ئەمنی بەڕوونی
بەشوێنەکەوە دیاربوو.
خۆپیشاندانەکە
پیشانی دا درزی نێوان دەسەڵاتی سیاسی و شەقام قووڵە، بۆیە پێویستە گفتوگۆی
کۆمەڵگایی لەنێوان دەوڵەت و هاووڵاتیاندا هەبێت، چوونکە چەقبەستوویی بووەتە مۆدیلێکی
سیاسی و پێداویستییەکانی ئێستای کۆمەڵگا دابین ناکات، ئەگەرنا هێشتا لە کۆتایی ئەم
پایزە ساردەدا ڕۆژانێکی زیاتری پڕ لە خۆپیشاندانی گەرم بەڕێوە دەبن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی