ئەنتیگراسیۆن، لەنێوان دوو بۆچونی دژ بەیەکدا

3 کاتژمێر پێش ئێستا

هیوا سەید سەلیم

لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دانووستانەکانی نێوان ئۆجالان و دەوڵەتی تورکیا لە دوو ساڵی ڕابردوودا، بابەتی ئینتێگراسیۆن بووەتە مژارێکی گرنگی ناوەندە (ڕۆشنبیری، سیاسی و ئەکادیمییەکان)، ئەوانەی پشتیوانی لەو پڕۆسەیە دەکەن بە پڕۆسەیەکی ئەرێنی لە ئینتێگراسیۆن دەڕوانن و ئەزموونی گەلانی دیکە بە نموونە دەهێننەوە، هەرچی نەیارانی پرۆسەکەیە ئینتێگراسیۆن بە ئەسیمیلاسیۆن، واتە تواندنەوە پێناسە دەکەن.

 لێرەدا پێویست دەکات شارەزایان و لایەنگرانی تەڤگەری ئاپۆچی باشتر ئەو پرسە بۆ ڕای گشتی ڕوون بکەنەوە، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی تورکیا و باکووری کوردستان، کە هیچ مەرج نییە ئەزموونی ئەوەێ  بۆ پارچەکانی دیکە کۆپی بکرێت.

شایانی باسە، ئەزموونی کۆتاییهێنان بە کێشەی چەکداری لە نێوان دەوڵەت و بزووتنەوە چەکدارییەکان، هەمیشە بە مانای کۆتاییهاتنی ململانێ سیاسی و نەتەوەییەکان نییە. لە زۆرێک لە ئەزموونە مێژووییەکاندا، چەکدانان تەنها دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بووە، قۆناغێک کە تێیدا پرسی گواستنەوەی بزووتنەوەی چەکدار بۆ خەباتی سیاسی و مەدەنی، بەشداریکردن لە دامەزراوەکانی دەوڵەت، بەشداریی سیاسی و تێکەڵبوونەوەی چەکدارانی پێشووتر بە کۆمەڵگا دێتە پێشەوە.

ئەزموونی مێژوویی وڵاتانی ئەمریکای لاتین نیشانی دەدات کە گواستنەوە لە قۆناغی خەباتی چەکداری بۆ قۆناغی ئینتێگراسیۆن پرۆسەیەکی ئاڵۆز و فرەڕەهەندە، پرۆسەیەک کە تەنها بە چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی سەربازی تەواو نابێت، بەڵکو پێویستی بە گۆڕانکاریی سیاسی، یاسایی، ئابووری و کۆمەڵایەتی هەیە.

ئەزموونی کۆڵۆمبیا نیشانی دا کە گۆڕینی بزووتنەوەی چەکداری بۆ حیزبێکی سیاسی بە تەنها بەس نییە، ئەگەر ئەندامانی پێشوو لە ئاستی ئابووری و ئەمنییەوە پارێزراو نەبن. هەروەها ئەزموونی سەلڤادۆریش نیشانی دا کە چەکدانان دەبێت لەگەڵ چاکسازیی دامەزراوەکانی دەوڵەت هاوتەریب بێت. هەروەها ئەزموونی گواتیمالا گرنگیی چارەسەرکردنی مافە نەتەوەیی و کولتوورییەکان دەخاتە ڕوو.

لە دۆخی ئێستای پارتی کرێکارانی کوردستانیشدا، پرسیارەکە تەنها ئەوە نییە کە ئایا PKK چەک دادەنێت یان نا، بەڵکو ئەوەیە کە دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی چەکداری، چ داهاتوویەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ ئەندامانی ئەم بزووتنەوەیە و بۆ کۆمەڵگای کورد دەڕەخسێت؟

بۆیە دەڵێین، ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا تەنها بە کۆتاییهێنان بە چەکداری سنووردار بکرێت، پرسی کورد و مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی چارەسەر نەکرێن، ئەوا جیاوازیی نێوان ئاشتیی ئەمنی کە تورکیا داوای دەکات (تورکیای بێ تیرۆر) لەگەڵ ئاشتیی سیاسی و دیموکراسی کە پەکەکە پێداگری لەسەر دەکات هەر دەمێنێتەوە.

بە پێچەوانەوە، ئەگەر چەکدانان لەگەڵ چاکسازیی یاسایی و سیاسی، دانپێدانان بە فرەڕەنگیی نەتەوەیی و بەشداریی دیموکراتیک هاوڕێ بێت، ئەوا دەتوانێت ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندیی نێوان کورد لە باکووری کوردستان و دەوڵەتی تورکیا.

لە کۆتاییدا، ئەو ئینتێگراسیۆنەی کە ئۆجالان ئیدیعای بۆ دەکات، نابێت تەنها وەک پرۆسەی گەڕاندنەوەی چەکدارانی PKK بۆ ژیانی مەدەنی بخوێندرێتەوە، بەڵکو دەبێت وەک بەشێک لە پرۆسەیەکی فراوانتر بۆ چارەسەری سیاسیی پرسی کورد لە تورکیا سەیر بکرێت. چونکە ئاشتیی بەردەوام ئەوە نییە تەنها چەک لەدەست گرووپ و کەسانێک وەربگیرێت، بەڵکو ئەوەیە هۆکارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی شەڕیش چارەسەر بکرێن.

لەبەر ئەوە، هەر پرۆسەیەکی گواستنەوە لە چەکداری بۆ ژیانی مەدەنی، بەبێ ڕوونیی دۆخی یاسایی و سیاسیی ئۆجالان و توانای بەشداری لە پرۆسەی ئاشتی، ڕووبەڕووی پرسیار و ئاڵنگاری دەبێتەوە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی