کاتێک ڕکابەریی میدیایی دەبێتە ئامرازی پڕۆژەی سیاسیی

1 کاتژمێر پێش ئێستا

شەهێن سابیر

لە ئەدەبیاتی زانستیی میدیا، ڕکابەریی نێوان کەناڵە میدیاییەکان بەشێکە لە دینامیکییەکانی پەرەسەندنی میدیا، بەڵام ئەوەی نابێت لەبیر بکرێت، جیاوازیی نێوان ڕکابەریی پیشەیی و ململا‌نێی سیاسییە.

کاتێک میدیا لە چوارچێوەی ڕکابەریی پیشەیی دەردەچێت و دەبێتە ئامرازی ئاراستەکردنی ڕای گشتی، دروستکردنی دابەشبوونی ناوچەیی و بەرهەمهێنانی ناکۆکی لە نێوان شارەکان، هونەرمەندان و ڕۆژنامەنووسان، رۆشنبیران و چین و توێژەکانی کۆمەلگە ئەوا ئیتر باس لە پەرەسەندنی میدیا ناکرێت، بەڵکو باس لە گۆڕانی ئەرکی میدیا و کەوتنە ژێر کاریگەریی بەرژەوەندییە سیاسیی و ئایدۆلۆژیاکان دەکرێت.

لەئاستێکی قوڵترەوە، ئەوەی جێگای نیگەرانییە تەنها ڕکابەریی نێوان کەناڵەکان نییە، بەڵکو گواستنەوەی ئەم ڕکابەرییە ناشرینەیە بۆ ئاستی ناسنامە، کولتوور و جوگرافیا. هیچ بەرژەوەندییەکی سیاسی و هیچ ململا‌نێیەکی میدیایی نابێت ببێتە پاساو بۆ کەمکردنەوەی نرخ و شکۆی هیچ شارێک، ناشیرینکردنی ناسنامەی هیچ ناوچەیەک، یان دروستکردنی وێنەیەکی نەرێنی لە خەڵک و کۆمەڵگایەک.

شارەکانی کوردستان بەشێکن لە مێژوو، ناسنامە و سەرمایەی کولتووریی هاوبەشی ئێمە. ئەوەی ئەمڕۆ بە زمانی ڕکابەریی میدیایی هەوڵی بەرامبەرکردنی ئەم شارانە دەدات، لە ڕاستیدا زیان بەو سەرمایە هاوبەشە دەگەیەنێت کە نەوەکان بە مێژوو و خەبات و کولتوور دروستیان کردووە.

کێشە ئەوە نییە کە کەناڵەکان ڕکابەریی یەکتر دەکەن، چونکە ڕکابەریی پیشەیی بنەمایەکی گرنگی پەرەسەندنی میدیایە. کێشە ئەوەیە کە ڕکابەریی میدیایی بگۆڕدرێت بۆ ئامرازێک بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییە سیاسییەکان و دروستکردنی دژایەتی لە نێوان شار و کۆمەڵگاکان.

هیچ شارێک بە کەمکردنەوەی شاری تر بەرز نابێتەوە، هیچ ناسنامەیەک بە ناشیرینکردنی ناسنامەیەکی تر بەهێز نابێت، و هیچ میدیایەک بە بەرهەمهێنانی دژایەتیی ناوچەیی شایستەی شانازی نییە.

لە بنەڕەتدا، ئەرکی میدیا دروستکردنی پردە، نەک دیوار، زیادکردنی هۆشیارییە، نەک بەرهەمهێنانی کینە؛ و نزیککردنەوەی کۆمەڵگایە، نەک دابەشکردنی بە ناوی شار و ناوچە.

ئەو میدیایەی نەتوانێت لە بەرامبەر بەرژەوەندیی سیاسی سەربەخۆ بمێنێتەوە، پێش هەر شتێک پێویستی بەپێداچوونەوە بە ئەرک و ناسنامەی پیشەیی خۆی هەیە!  کوردستان موڵکی هیچ کەناڵێک نییە، ناسنامەی کوردیش ئامرازی هیچ پڕۆژەیەکی سیاسی نییە.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی