ململانێی نێوان پارتی و یەكێتی خەڵكی كوردستانیشی بە جۆرێك كردوەتە دوو بەشەوە تەنانەت ئەگەر پارتی یان یەكێتی ملهوڕیەكیش بكات خەڵكانێك هەر بە ڕاستی دەزانن ، ڕاستیەكەی ئەمجۆرە لە خەڵك بیانەوێت یان نا بەشێك نین لە خەمخۆرانی هەرێم و زۆر جار نەیاری نادیاری ئەو هەرێمەن ،یەكێتی و پارتی لە ساڵی 1992ەوە لە چوار چێوەی یەك قەوارەدا ئیدارەی دوو زۆن دەدەن ، لە ساڵی 1996یشەوە ئەمە بەتەواوەتی تۆخ بوەتەوەو دەستی دەرەكیشی هاتوەتە ناو بە تایبەت توركیاو ئێران ، توركیا بە فەڕمی یەكێك لە زۆنەكانی داگیر كردوەو ئێرانیش لە زۆنەكەی دیكەدا هەرچی خراپەهەیە كردویەتی ،دیسان لە ناو خەڵكی كوردستاندا خەڵكانێك هەن پشتگیری ئەم ئاوەزە مەترسیدارە دەكەن و ڕەوایەتی پێدەدەن ، ئەو خەڵكە نەیارو دژە سەرسەختەكەی هەرێمی كوردستان و قەوارەكەین ، هەڵبەت لە ناو ئەمانەدا بەرپرسانی زل هەن ، پارتی و یەكێتی هێشتا جەلالی و مەلاییان تێنەپەڕاندوەو زۆر جاریش وەك سوكایەتی بەیەكتر ئەمە وەك جنێو بە یەك دەدەن ئەگەر ئەمانە دوژمنی قەوارەی هەرێم نەبن ، ئەی كێ دوژمنێتی ؟.
دەستوەردانەكانی پارتی لە ناو یەكێتی نیشتمانی و گەورە كردنەوەی درزو كەلێنی نێوان یەكێتیەكان ، هەوڵدان بۆ تێكدانی پەیوەندی ئامۆزاكان ، دواتر ماڵباتی برایم ئەحمەد و تاڵەبانی ، تاڵەبانی و كۆسرەت، پەیوەندی نێوان تاڵەبانی و نەوشیروان مستەفا ، دەستبردن بۆ دۆسیەی تەناهی یەكێتی و بردنی ئەژی ئەمین و زۆر كاری تر درزی نێوان پارتی و یەكێتی گەڕاندەوە سەردەمی مەلای و جەلالی ،هەڵبەت لە ساڵانی پێش ئەم ڕوداوانە بە تایبەت لە دوای ساڵی 1998ەوە تا مردنی مام جەلال ، مام جەلال و كاك مەسعود زۆر هەڵیان دابوو ئەو برینانە ساڕێژ بكەن ، گەرچی لە بن دەستی ئەوانەوە خەڵك هەبوون بەردەوام كاریان بۆ گەورە كردنەوەو ساڕێژنەكردنی برینەكە دەدا ، ئایە ئەمانە نەیاری ئەم قەوارەیە نەبوون ، هەرێمی كوردستان نەیارو دژە دیارەكانی دیارن و مرۆڤ دەتوانێ بیانبینێ و مامەڵەیان لە گەڵ بكات ، نەیارە نادیارەكانی كە لە ناو خودی هەرێمدان ئەوانە مەترسیە گەورەكەن ، ئەگەر هەرێم ڕووبەڕووی هەر گرفتێك بێتەوە دوژمەنە كانی ئەوانەن كە لە ناوخۆدا بنكۆڵی دەكەن و ئەوانەشی كە پشتگیری هەق و ناهەقی پارتی و یەكێتی دەكەن .
دوو میر نشینی سەوز زەرد هەرگیز وەك یەك میر نشین دەرنەكەوتون ، هەرگیزیش لە هیچ كات و سەردەمێكدا نەتوانراوە كۆكك و تەبا دەربخرێن و كۆكەرەوەیەكیان هەبێت مەودای 10ساڵ، 2005 تا 2014 مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم بوو ، بە هەموو پشتیوانیەكی تاڵەبانیەوە كە ئەو سەردەمە تاڵەبانی زیاتر لە بەغدا بوو، بارزانی نەیتوانی كۆكەرەوە بێت ، لە بن دەستی ئەوەوە خەڵكانێك بەردەوام سەرقاڵی تێكدانی هەرێم بوون هیچی بۆ نەكرا ، تەنانەت كە پڕۆژەی چاكسازی و بە گژا چوونەوەی گەندەڵیشی ڕاگەیاند سەركەوتو نەبوو ، خەڵكانێكیش لە ناو یەكێتیدا چووبوونە بن دەستیەوە ئەوەندەی ڕۆڵی بەكری مەرگەوەڕٍیان دەگێڕا ئەوەندە ڕۆڵی ئاكاریان نەبوو، ئەمانەش نەیارە سەرسەخت و ناجۆرەكانی هەرێم بوون .
ئەو شینگێڕیەی ئێستا هەندێك بۆ قەوارەی هەرێمی دەگێڕن ، هەر ئەوانە ڕۆژگارێك سەرسەختانە دژایەتی پێكەوەیی ناو هەرێم بوون، پارتی و یەكێتی بەرپرسن لەوەی هەرچی بە سەر ئەم هەرێمە بێت ، هەنگاوی ئەم دوایەی بەناو كۆبونەوەی پارلەمانیش درێژكراوەی هەمان ئەو نەیارەتیەیە بە قەوارەی هەرێم ، خۆ كابە كەچ نابێت ئەگەر ئەم ڕاستیە بووترێت ، ئێ تۆ ناكرێت لە بری دانیشتنی ئاشكراو كۆبونەوەی چارەسەر بێیت خەڵكی ناوماڵەكەی ئەوی تر بەری و نیسابی پێتەواو بكەیت و حساب بۆ هاوبەشی و پێكەوەیی نەكەی ، ئەوە درۆیەكی گەورەیە كە گوایە دوو ساڵە چاوەڕێی ئەوی ترن ، ئەی خێرە بەمجۆرەو بەم یاریە ناشرینە كێشەكە حەلكرا، لە ڕاستیدا دوژمنی راستەقینەی قەوارەی هەرێم دیارە و هەركەسێك كەمێك ویژدانی هەبێت دەتوانێ بە ئاشكرا پەنجەی بۆ ڕابكێشێت ، بەڵام ئەمە كەمێك ئاوەزو ئاكاری دەوێت، ئێستاش پارتی و یەكێتی بیانەوێت دەتوانن ڕۆڵی ئەرێنی ببینن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی