کڵاوێک لەسەر کێلی گۆڕ و کامێرایەک لە بەردەم مەرگدا

3 کاتژمێر پێش ئێستا

کارزان عزیز


ڕۆژی دەرچوون لە زانکۆ، تەنها وەرگرتنی کاغەزێکی ڕەنگاوڕەنگ و گێڕانی ئاهەنگ نییە؛ وێستگەی بەریەککەوتنی چوار ساڵ شەونخوونی، بەرگەگرتنی سەرمای کڕێوەی زستان و تینی گەرمای هاوینە لە پێناو ساتێکدا کە مرۆڤ بە سەربەرزی پێی بگات. بەڵام بۆ "زیلان دەشتی"، چارەنووس لە کۆتا چرکەدا پەڕەیەکی تری هەڵدایەوە. لەو وێستگە کۆتاییەی کە دەبوو بەرگی شادمانی ببێتە تاجی سەرکەوتنی، مەرگ مەودای نەدا؛ ئەو گیانی پاکی خۆی بە زانست سپارد و کڵاوی دەرچوونەکەی بە ئەوپەڕی شکۆوە گوازرایەوە بۆ سەر کێلی گۆڕەکەی، تا بۆ هەمیشە وەک هێمایەکی نەمر بۆ ڕەنج و پاکیی کچێکی ماندوو لە یادەوەرییەکاندا بمێنێتەوە.
مەرگ لە خۆیدا حەقیقەتێکی سەخت و حەتمییە و کەسمان دەسەڵاتمان بەسەریدا ناشکێت. بەڵام ئەوەی کارەساتی زیلانی لە کۆستێکی ئاساییەوە کردە برینێکی قووڵی ویژدان و پرسێکی هەژێنەری کۆمەڵایەتی، ئەو خەمساردی و سڕبوونە سامناکانە بوو کە لە کاتی کەوتنیدا لە دەوروبەری بینرا. چوار ساڵ پێکەوەبوون، دانیشتن لەسەر هەمان کورسی و هەناسەدان لە ژێر یەک سەقفدا، دەبوو سۆزێکی ئەوەندە بەهێز لە ناخی مرۆڤدا بچێنێت کە لە کاتی تەنگانەدا تەواوی گیانی بهەژێنێت. کاتێک هاوپۆلێک لە بەرچاوی هەموان دەکەوێتە نێوان مان و نەمان، سەرەتاییترین ئەرکی هاوڕێیەتی و ویژدان ئەوەیە مرۆڤ ڕابچڵەکێت و بە هەموو وجودییەوە هەوڵی بەهاناوەچوون و فریاگوزاری بدات، نەک لە شوێنی خۆی دەستەوستان بوەستێت یان بە بێدەنگی تێپەڕێت.
ئەم سەردەمە ساردەی شاشە و تەکنەلۆژیا، شتێکی لە ناخماندا کز کردووە کە پێی دەوترێت بەزەیی. لەو چرکەساتە جەرگبڕەدا، لەبری ئەوەی دەستەکان بۆ فریاکەوتن درێژ ببن و چاوەکان پڕ بن لە فرمێسکی خەمخۆری، کامێرا و مۆبایلەکان دەبنە بەربەست لە نێوان مرۆڤ و هەستە زیندووەکانیدا. ئامێرێک یان ڕۆبۆتێکی دروستکراوی ئاسن ئەگەر لە بەرامبەر مەرگ و ئازاردا بێدەنگ بێت کەس لۆمەی ناکات، چونکە بێ ڕۆح و بێ هەستە؛ بەڵام چ تراژیدیایەکی قورسە کاتێک گەنجێکی خوێندەوار، بە جەستەیەکی پڕ لە ژیانەوە، لە ئاسن ساردتر دەبێت بەرامبەر کەوتنی هاوسەفەرەکەی! ئەمە تەنها ڕووداوێکی تێپەڕ نییە، بەڵکو زەنگێکی مەترسیدارە دەربارەی ئەو بەستەڵەکە دەروونییەی کە جیهانی مەجازی لە ناخی کۆمەڵگەکەماندا دروستی کردووە.
ڕووداوەکەی زیلان ئەو ڕاستییە تاڵەی سەلماند کە بڕوانامەی زانکۆ، تەنها کاغەزێکی بێگیانە ئەگەر مرۆڤایەتی، وەفا و غیرەتی بەدەمەوەچوونی لەگەڵدا نەبێت. هەموو زانست و زانیارییەکانی دونیا دەبنە بڵقی سەر ئاو کاتێک لە کتوپڕترین تاقیکردنەوەی ئەخلاقیدا نەتوانیت دەستێک بۆ هاوڕێکەت ڕابکێشیت. کڵاوی سەرکەوتن کاتێک شکۆ و بەهای هەیە کە خاوەنەکەی لە تاقیکردنەوەی مرۆڤبووندا شایستەیی خۆی سەلماندبێت، نەک لە ساتی گیانەڵای هاوپۆلەکەیدا لە خەمی جوانیی کادر و ڕواڵەتی کامێراکەیدا بێت.
زیلان دەشتی بە سەربەرزی و بە مێژوویەکی خاوێنەوە ماڵئاوایی کرد؛ ئەو کڵاوەی کە دەبوو لە هۆڵەکەدا لەسەری بکات، ئێستا لەسەر کێلی مەزارەکەی بووە بە تاجی شەرەف و قوربانیدان لە پێناو زانستدا. بەڵام ئەو بێهەڵوێستی و خەمساردییەی لە بەرامبەریدا تۆمار کرا، پەڵەیەکی قورسی ئەخلاقییە و نابێت بە ئاسانی لەسەری بێدەنگ بین. با ئەم کارەساتە ببێتە ڕامانچڵەکێنەرێک بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە بازنەی هاوڕێیەتی و جۆری پەروەردەی خۆماندا بکەین، و نەهێڵین ژیانی مۆدێرن و لێنزە ساردەکان، دوایین چەخماخەی سۆز و مرۆڤایەتی لە دەمارەکانماندا بکوژن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی