محمد خۆشناو
جارێ پێش هەموو شتێک دەبێت ئەو ڕاستیە بخەینەڕوو ، کە ئێمەی کورد میدیایەکمان نیە بەناوی میدیای کوردی ، بەڵکو میدیایەک هەیە بەزمانی کوردی کە زۆربەیان حزبین ، ڕاگەیاندن یان میدیا دەبێت نموونەیەکی : هاوبەشی هزری ، چوارچێوەی فکری ، مەنزومەی بەها ، ئاستی باشی پیشەیی و شارەزایی ، فرە ئاراستە بێت ، بەڵام ئەمانە لەزۆربەی زۆری تیڤیەکان و شاشەکانی میدیا بە زمانی کوردیدا نیە ، تائێستا ڕاگەیاندنی ئێمە بەروەڕووی تەحەدای ڕاستەقینە بۆتەوە : غیابی سەربەخۆیی ، پاشکۆی ئابووری ، لاوازی مەشقی پیشەیی ، کۆتوبەندکردنی ئازادی .
ئێمە دەبێت ئەوە بزانین کە میدیا بە هەموو ئامرازەکانی کۆڵەکەیەکی بنچینەییە لە کۆڵەکەکانی هێزی نەرم ، کە ئێستا کاریگەریەکی گەورەی لەسەر پەیوەندیەکانی نێودەوڵەتی و سیاسەتی جیهانیدا هەیە ، دەتوانرێت لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە ئامانجەکانی وڵات بێتێچووی زۆر بهێنرێنەدی ، کە ئەمەش لەگەڵ پڕنسیپەکانی هزرمەندی ستڕاتیژی چین-ی ( سن تزو ) دێتەوە کە دەڵێت : ( باشترین سەرکەوتنەکان ئەوانەن کە بێ شەڕ بەدیدێن ) ، گرفتی میدیای بە زمانی کوردی لە پارەدا نیە ، کە ناتوانێت میدیایەکی کاریگەر دروستبکات ، بەڵکو لە دیدگا ناڕونیەکەیدایە و ، لەوەدایە کە بەرلەوەی وەبەرهێنان لە باڵەخانە و ئامێرەکان بکات ، دەبێت وەبەرهێن لە مرۆڤدا بکات ، کەناڵی تەڤی هەیە خەرجیەکی زۆری تێداکراوە ، بەڵام نەیتوانیووە بناخەی متمانە دابنێت کە قەزیەیەکی مەرکەزیە لە ڕاگەیاندن و هەر لە چوارچێوە حزبیەکەدا دەسوڕێتەوە و لێی دەرناچێت ، جەماوەر بەهای ڕاگەیاندن بەو توانایەی کە تاچەند ڕێز لە عەقلی دەگرێت دەپێوێتن ، نەک ببێتە دەنگێک بۆ بەدریارخستنی دەسکەوتی حزبی و گوزارشتکردن لە سیاسەتەکانی و ، قناعەتپێکردنی شەقام بۆ داپۆشینی شکستەکانی ، سەنگی میدیای ڕاستەقینە لە شەقامە نەک ستۆدیوی زەبەلاح و باقوبریقی دەنگی و نەڕەنەڕی بێژەر و زەردەخەنە و نەک ژمارەی بینەر ، ژمارەی ئەو « تڕندانەی » کە بۆ بەرنامەی کەناڵی شاشە دێت ، تڕێندی دیگیتاڵی و گریمانەییە ، نەک لەسەر ئەرزی واقیع ، ئەم هەراوهۆریای دیگیتاڵی نابێتە کارێکی پشتیوانی ڕاستەقینە بۆی ، ئەو جەماوەریەی کە تیڤیەکە خۆی پێهەڵدەکێشێت کە دەڵێت یەکەمی بێڕکابەرە وەک هەندێک تیڤی پڕوپاگەندەی بۆدەکەن ، مادەیەکی ئیستیهلاکی خێرایە و هاوسۆزیەکی درۆیینەیە و لە موزایەدەپێکردن هیچی تر نیە !! ئەگەر سەیری بێژەرەکانی تیڤیەکانی هەرێمی کوردوستان بکەین ، کە من لەوبڕوایەدام زۆربەیان ئاستی ڕۆشنبیری و هوشیاری-یان نزمە ، گەر نەڵێم هەندێکیان زۆر بازاڕین ، کەواتە ئەی بێژەری میدیای تیڤی بە زمانی کوردی ! سەرکەوتنی کەناڵی «الجزیرە» لەبەر ئەوە نەبوو کە «میر»ی قەتەر پارەی بەسەر کارمەند و بێژەر و پێشکەشکاری بەرنامەکاندا ڕژاند ، بەڵکو لەبەر ئەوەبوو کە زۆربەی زۆری کارمەندەکان دەرچووی قووتابخانەی (B.B.C) بوون ، پیشەگەر و ڕۆشنبیر و بەتوانا بوون ، جا وەرە سەیری ئەو مەهزەلەیە خۆمان بکە ، کە ماوەیەک لەمەوبەر گوێم لە بێژەری یەکێک لە کەناڵی تیڤی هەرێمی کوردوستان بوو کە گەیشتبووە لووتکەی نەرجسیەت و دەیگووت : من ئەستێرەم ، یەکێکی تریان وەک ئەوەی وەلی ئەمر یان وەصی بێت قسەی بۆ بینەران دەکرد و ، بەرگی باوکایەتی پۆشیبوو کە نازانێت منداڵەکانی چیان دەوێت و بەرژەوەندیەکانیان و پێشبینیەکانیان بۆ ژیان چیە ؟! خەریکە لەناو میدیای بە زمانی کوردی دیاردەیەکی ترسناک سەرهەڵدەدات ئەویش باوکایەتی میدیا «اڵابویە الإعلامیە » ، میدیاکار ئەوکەسە نیە کە لە لایەن گەلەوە هەڵبژێردرێت و ، کۆمەڵگەش وەکالەتی گشتی یان تایبەتی خۆی پێنەبەخشیووە وەک ئەو بێژەرەی باسمکرد ، جا مادامەکی وایە با بچێت ڕۆلی وتەبێژی کۆمەڵگا پیادەبکات !! تیڤی-مان هەیە وەک ئەوە خۆی پێشاندەدات کە هەموو ڕاستیەکان لەکن ئەون ، ئەمە ئەو قسەیەی « وینستۆن تشرشل »ی لەسەر دەگونجێت کە دەڵێت : (ڕاستی زۆر بەنرخە ، بۆیە پێویستە بە پەرژینێک لە درۆ داپۆشرێت ) بەڕاستی لە زەمەنێکدا دەژین کە پارسەنگیەکان ئاوەژوو بوونە ، بێژەر هەیە خۆی بە ئەستێرە دادەنێت و هەیە دەڵێت با پەیکەرێک بۆ فلان بێژەر دروستبکرێت ، وەک ئەوەی ئەمانە ( بتهۆڤن و موزارت و ڤیڤاڵدی و ڤاگنەر ) بن پەیکەریان بۆ دروستبکرێت ، ئەوڕۆ وشەی بەهێز و بیروهزری قوڵ جێی بایەخ نین و ، درۆ و فریودان و ساختە دەوریداوین و ، تارامایی جەهالەت و گەمژەیی ڕاوەدوت دەنێ ، وایلێهاتووە ئەگەر دەنگت بەرزبێت یان بەبێ هۆ پێبکەنیت ، ئەوە دەرگای شکۆمەندی و نجومیەتت بۆ دەکرێتەوە ، ئا لەناو ئەو بازاڕی فەوزای میدیایەدا ، جەماوەر بت دروستدەکات و ، خاوەن وێنەی شاشە وەک شوانێکی جەماوەر چەپڵەی بۆ لێدەدرێت ، بەڕاستی ئێمە کەوتوینەتە نێو چڵپاوێکی دیگیتاڵی ، کە زۆر قوڕسە بۆ عاقلمەندان کە بتوانن بەرەنگاری شێتێتی مێگەڵ و گاڕان ببنەوە و ، لەناو جەنجاڵی ئەو سێرکەدا کەڕامەری خۆی بپارێزێت .
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی