زانکۆ لەپەروەردەی پسپۆڕەوە بۆ دروستکردنی مرۆڤ

11 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕێبین ڕەحیم

زانکۆ تەنها دامەزراوەیەک نییە بۆ گواستنەوەی زانیاری وتنەوەی وانە و دەرکردنی شەهادە بەڵکوو دامەزراوەیەکی فکری و پەروەردەییە کە ئەرکی سەرەکیی دروستکردنی مرۆڤێکی بەئاگاو بەرپرسیارو هەستیار و خاوەن ویژدانی کۆمەڵایەتییە،لەڕاستیدا شەهادە دەتوانێت بەڵگەی تەواوکردنی قۆناغێکی خوێندن بێت بەڵام هەرگیز بەڵگەی تەواوبوونی پەروەردە و مرۆڤایەتی نییە، بەهای زانکۆ بە ژمارەی ئەو شەهادانە ناپێورێت کە ساڵانە دەیبەخشێتەوە بەڵکوو بە پێشکەشکردنی ئەو مرۆڤە تەمام عەیارانەیە کە کۆمەڵگە.

پێویستیەتی،ئەوەی لە ئاهەنگی دەرچوونی قوتابیانی زانکۆیەک لە کوردستاندا ڕوویدا، لە کاتێکدا هاوڕێیەکیان لەسەرزەوی کەوتبووە ، ئەوان بەردەوام بوون لە سێلفی گرتن و وێنەگرتنی خۆیان بێ ئەوەی هیچ هەستێکی ئینسانی پێویست بۆ دۆخی هاوڕێکەیان و هەوڵبدەن یارمەتی بدەن تەنها ڕووداوێکی ئاسایی یان هەڵەیەکی تاکەکەسی نییە کە بە ئاسانی تێپەڕی بکەین ، بەڵکوو دیمەنێکە کە دەبێت پرسیارێکی جددی لەبارەی ئامانج و ئەنجامی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە کوردستاندا بخاتە ڕوو، کێشەکە لە سێلفی گرتن نییە بەڵکوو لەو کاتەدایە کە مرۆڤ لەبەردەم چاوی هاوڕێکەیدا دەکەوێت بەڵام سەرنجی ئەو لە جیاتی یارمەتیدانی مرۆڤێکی پێویست بە هاوکاری لەشۆیەکی بێواتادا خەریکی تۆمارکردنی ساتێکی خۆشی فەیکە کە ڕەنگە بۆخۆشی بڕوا بە تۆمارکردنەکەی نەکات ، ئەمە جۆرێک لە پێچەوانەبوونەوەی پێوەرە مرۆییەکانە کاتێک وێنە لە مرۆڤ گرنگتر دەبێت و تۆمارکردنی ساتێک لە یارمەتیدانی مرۆڤێک پێش دەکەوێت ئەمە لە ڕاستیدا پرسیارێکی بنەڕەتیی پەروەردەییە ئایا ئێمە زانیاریمان بە قوتابیان داوە یان مرۆڤیشمان لێ پەروەردە کردوون؟

فەیلەسوفی ئەڵمانی ئیمانوێل کانت لە بیرکردنەوەی پەروەردەییدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە مرۆڤ دەبێت فێری بەکارهێنانی عەقڵ و سەربەخۆیی فکری بێت ، بەڵام یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی فەلسەفەی ئەخلاقیی کانت ئەوەیە کە مرۆڤ دەبێت هەمیشە وەک ئامانج مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت نەک وەک ئامراز ، ئەگەر ئەم بنەمایە بخەینە ناو ژیانی زانکۆ و پەروەردەوە ئەوا قوتابی تەنها بۆ ئەوە پەروەردە ناکرێت کە پسپۆڕێکی سەرکەوتوو یان فەرمانبەرێکی شارەزا بێت بەڵکوو دەبێت فێر بێت بەرامبەر بە مرۆڤایەتی بەرپرسیار بێت کەرامەتی ئەوان بپارێزێت و لە کاتی پێویستدا دەستی هاوکاریان بۆ درێژ بکات، لە دیدی کانتەوە مرۆڤایەتی نابێت ببێتە ئامرازێک بۆ بەرژەوەندییە کەسییەکان بۆیە ئەو قوتابییەی کە لە بەرامبەر کەوتنی هاوڕێکەیدا بێ‌هەست و هەڵوێست دەمێنێتەوە هەرچەندە لە ڕووی ئەکادیمییەوە شایستەی وەرگرتنی شەهادە بێت بەڵام لە ڕووی پەروەردەی ئەخلاقییەوە پرسیارێکی گەورە لەبارەی ئەوەوە دروست دەبێت کە خوێندن تا چەند توانیویەتی مرۆڤێکی بەرپرسیار لێ دروست بکات.

لە لایەکی دیکەوە، جۆن دیویی فەیلەسوف و پەروەردەکاری ئەمریکی پێی وایە پەروەردە تەنها پرۆسەیەکی تیۆری و گواستنەوەی زانیاری نییە بەڵکوو پرۆسەیەکی ژیان و فێربوونە لە ڕێگەی ئەزموون و بەشداریی کۆمەڵایەتییەوە بە واتایەکی تر قوتابی تەنها لە ناو پۆل و کتێبدا پەروەردە نابێت بەڵکوو لە ڕێگەی مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکو هاوکاری هاوبەشی و بەرپرسیارێتییەوە فێری ژیان دەبێت، بەپێی ئەم تێگەیشتنە ئەگەر زانکۆ بتوانێت پسپۆڕێک بەرهەم بهێنێت بەڵام نەتوانێت هەستی هاوکاری و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی لە ناخی ئەو دروست بکات ئەوا بەشێک لە گرنگترین ئەرکی پەروەردەیی خۆی بەجێنەهێناوەو پشتگوێیخستوە.

پەروەردەی ڕاستەقینە ئەوە نییە کە مرۆڤ تەنها بزانێت چۆن شیکاری پرسیارێکی بیرکاری یان کێشەیەکی ئەندازیاری بکات بەڵکوو ئەوەشە بزانێت کە کەسێکی دیکە کەوتووە و پێویستی بە یارمەتی هەیە چۆن دەستی بگرێت. لەو بارەیەوە پاولو فرێرە بیرمەندی پەروەردەییی بەرازیلی لە کتێبی (پەروەردەی ستەم‌لێکراوان)دا ڕەخنە لەو سیستەمە پەروەردەییە دەگرێت کە قوتابی تەنها وەک قاپێک بۆ پڕکردنەوە بە زانیاری دەبینێت، ئەو پەروەردەی ڕاستەقینە بە پرۆسەی هۆشیارکردنەوە و تواناسازیی مرۆڤ دەزانێت ، بۆ ئەوەی بتوانێت لە ژینگەی دەوروبەری خۆی تێبگات و بەشدارییەکی ئاگادارانەی لە گۆڕانکاریەکانی کۆمەڵگاکەیدا بکات.

هەروەها هانا ئارێنت فەیلەسوفی سیاسی لە تیۆریەکانیدا گرنگیی بەرپرسیارێتیی مرۆڤ بەرامبەر بە جیهانی هاوبەش و کەسانی دیکە دەخاتە ڕوو، کۆمەڵگا تەنها بە زانیاری و توانای تاکەکان بەهێز نابێت بەڵکوو بەو هەستە هاوبەشە بەهێز دەبێت کە مرۆڤەکان بەرامبەر بە یەکتر و ژیانی هاوبەشیان هەیانە ، ئەم بیرکردنەوانە پەیامێکی ڕوونیان بۆ دامەزراوە پەروەردەییەکان هەیە ئەرکی زانکۆ تەنها پەروەردەکردنی پسپۆڕی نییە بەڵکوو پەروەردەکردنی تاکێکە کە بتوانێت لە ژیانی هاوبەشدا ڕۆڵی بەرپرسیارانە بگێڕێت ، لە هەمان کاتدا نابێت هەموو بەرپرسیارییەتیی ئەم دیمەنە بخەینە سەر شانی قوتابییەکان ئەوەی ڕوویدا دەبێت ببێتە هۆی پێداچوونەوەیەکی جددی لە سیستەمی پەروەردە و خوێندنی باڵادا چونکە پەروەردە تەنها لە وانە و تاقیکردنەوە و نمرەدا کورت نابێتەوە ، ئایا لە زانکۆکانماندا ئەخلاقی پیشەیی و مافی مرۆڤ و هاوکاریی کۆمەڵایەتی و بەرپرسیارێتیی هاوڵاتی بە شێوەیەکی کاریگەر لە پرۆسەی پەروەردەدا جێگیر کراون؟ ئایا مامۆستا و بەڕێوەبەرایەتییەکانی زانکۆ تەنها بە سەرکەوتنی ئەکادیمیی قوتابییەکان هەڵدەسەنگێندرێن یان بە ڕەفتار و هەڵسوکەوت و بەشداریی کۆمەڵایەتییانیش؟

زانکۆ دەبێت ژینگەیەک بێت کە تێیدا ڕێزگرتن لە مرۆڤ و هاوکاری و ڕاستگۆیی، دادپەروەری و بەرپرسیارێتی بە کردەوە فێر بکرێن نەک تەنها لە ڕێگەی وانە و پێناسەی کتێبەکانەوە ، هەروەها پێویستە ئاهەنگ و بۆنە ئەکادیمییەکانیش ببنە دەرفەتێک بۆ پیشاندانی بەهاکانی پەروەردە نەک تەنها ڕێوڕەسمێک بۆ وەرگرتنی شەهادە و وێنەگرتن

شەهادە بەبێ مرۆڤایەتی سەرکەوتنی تەواو نییە، کۆمەڵگایەک کە زانکۆکانی بتوانن پزیشک و ئەندازیار و پارێزەر، مامۆستا و بەڕێوەبەری شارەزا پەروەردە بکەن بەڵام نەتوانن هەستی مرۆڤایەتی و بەرپرسیارێتی لە ناخی قوتابیەکانیاندا بەهێز بکەن لە ڕاستیدا بەشێکی گرنگ لە ئامانجی پەروەردەییان لەدەست داوە، پزیشکێک کە هەست بەئازاری مرۆڤ نەکات، پارێزەرێک کە دادپەروەری بۆی گرنگ نەبێت، ئەندازیارێک کە بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی لەبەرچاو نەگرێت و مامۆستایەک کە ڕێز لە کەرامەتی قوتابیەکانی نەگرێت، هەرچەندە شەهادەی بەرزیان هەبێت، بەڵام ئەو پێوەرە مرۆییەیان تێدا کەمە کە پێویستە لە پێگەی پیشەیی و زانستییاندا هەیان بێت، بۆیە ئەو دیمەنەی لە ئاهەنگی دەرچوونی زانکۆکەدا بینرا دەبێت لە ئاستی ڕەخنەیەکی سۆزداری و کاتی تێپەڕێت و ببێتە دەستپێکی گفتوگۆیەکی جددی لەبارەی ئامانجی خوێندنی باڵا لە کوردستاندا ، مەبەستیش لێرەدا تاوانبارکردنی هەموو قوتابییان یان کەمکردنەوەی بەهای زانستی و ئەکادیمی نییە بەڵکوو ئاگادارکردنەوەی دامەزراوە پەروەردەییەکانە لەوەی کە پێویستە پێوەرەکانی سەرکەوتن فراوانتر بکرێن.

زانکۆ نابێت تەنها شوێنی وەرگرتنی پارچە کاغەزێک بێت بە ناوی شەهادەوە دەبێت شوێنی دروستکردنی مرۆڤێک بێت کە لە کاتی کەوتنی هاوڕێکەیدا دەستی بگرێت لەزەوی بەرزی بکاتەوە نەک کامێراکەی دەستی بەرز بکاتەوە، چونکە لە کۆتاییدا ئەوەی کۆمەڵگا پێویستی پێیەتی تەنها مرۆڤی خاوەن زانیاری نییە بەڵکوو مرۆڤی خاوەن ویژدانە مرۆڤێک کە زانیارییەکەی لە خزمەتی ژیان و کەرامەتی مرۆڤدا بەکاربهێنێت، ئەوەیە مانای ڕاستەقینەی پەروەردە و ئامانجی گەورەی خوێندنگەو زانکۆ.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی