كوردستان بەیەك حكومەتیی و یەك پەرلەمانیی گۆدو گەن بووە، تۆ بڵێی ببێتە دوان چی بەسەر دێت؟!

2 کاتژمێر پێش ئێستا

سەرتیپ جەوهەر




پێدەچێت دابەشبوونی ئەمجارەی كوردستان تەنها دابەشبوونی جوگرافی نەبێت، بەڵكو لەت لەتبوونی میللەتێك بێت كە سەدان ساڵە خەون بەئازادبوونیەوە دەبینێت. لەباتی ئازادبوون ئێستا بۆتە دیلی قەدەرێكی رەش! ئەوانەی بڕیار بوو بمانگەیننە كەناری ئارام، نیشتیمانەكەیان لێ‌ پارچە پارچە كردوین و سامانی سەرزەوی ژێر زەویان لێ‌ هەڕاج و هەرزانفرۆشكردین و ئەوەی ماوەتەوە میللەتی هەشبەسەرە، ئەویش كەوتۆتە سەر ساجی عەلی.
بەڵام ئەو لەتبوونەی ئەمڕۆ، یەكەم هەنگاوی لەتبوونی ئەوكاتە دەستیپێكرد كە لەدوای راپەڕینی 1991 بەبڕیارێكی سیاسی شێوەزاری ناوچەیی بادینان لەدهۆك و ناوچەكانی دیكە كرایە زمانی خوێندن و نوسینی رەسمیی. لەباتی زمان و زاراوە بكەنە هۆكارو فاكتەری یەكخستنی ئەم گەلە! مخابن حوكمڕنان كوردستانیان كردە دوو شێوە زار بۆ خوێندن و كاروباری میریی. لەوكاتەوە بادینانیان لەرووی فەرهەنگیی و زمانییەوە لەناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان جیاكردەوە! بۆیە دەبینین نەك خوێندن، بگرە تابلۆی سەر شەقامەكانیش لەنێوان بادینان و ناوچەكانی دیكە تەواو جیاوازە.
لەتبوونی دووەم، لەتبوونی جوگرافی بوو. ئەوكاتە بوو كە شەڕی ناوخۆ دەستیپێكرد و لە31ی ئابی 1996 گەیشتە لوتكەو دواتر دێگەڵە بووە سنوری لەتكردنی ئەم نیشتیمانە، ئیدی ئەو برینە نەك چارەنەكرا، بگرە قوڵتركراوەتەوە.
لەتبوونی سێیەم لەدوای ریفراندۆم لە16ی ئۆكتۆبەر بوو، بەهۆیەوە نزیكەی نیوەی خاكی باشوری كوردستان لەلایەن سوپاو هێزە شیعەكانەوە داگیركرا، ئەمە لەكاتێكدا پێشتر تەواوی ئەو ناوچە كوردستانیانە لەژێر كۆنترۆڵ و هەژموونی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو!
ئێستا ئەو كوردستانەی ئێمە خەونمان بەسەربەخۆبوونیەوە دەبینی، وەك نێچیرێكی بێدەرەتانی لێهاتووە، لەهەموولایەكەوە لەتوپەتكراوە. لەتێك هەولێرو دهۆك، لەتێكی دیكەی سلێمانی و گەرمیان، لەتێكیشی لەدەست بەغدایەو كەس بیر لەچارەنوسیشی ناكاتەوە!
بەدڵنیاییەوە ئەو دابەشبوونەی كوردستان، ئەنجامی شكستیی حوكمڕانییە. دەبێ‌ هەمووان لەو راستیە تێبگەن، ئەغزكردنی دەسەڵات نیشانەی بەهێزیی و سەركەوتن نییەو یەكپارچەیی خاكی كوردستان ناپارێزێت، هەروەك چۆن دوو ئیدارەیی و دوو هەرێمی پەرچەكردارەو نامانگەیەنێتە هیچ، بەڵكو خراپتری دەكات. هەرێمی كوردستان بەیەك حكومەتیی و یەك پەرلەمانیی گۆدو گەن بووە و لەم دۆخە خراپەی ئابوریی و سیاسیەیە، تۆ بڵێی بەدوو ئیدارەیی و پارچەپارچەبوونی چی بەسەربێت؟!
.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی