سێ هێزی ناوەکیی جیهان لە یەک مێزدا ؟

2 کاتژمێر پێش ئێستا

بەهرۆز ڕئوف



کۆبوونەوەی داهاتووی سەرکردەکانی ئەمریکا، ڕووسیا و چین لە شاری شێنجێنی چین لە ١٩ ی تشرینی دووەم لە ڕۆژی پێنج شەممە، لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە جیهان بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا، شەڕی ئێران و ملمڵانێی نێوان هێزە گەورەکانەوە قۆناغێکی ئاڵۆز تێدەپەڕێنێت. ئەم کۆبوونەوەیە دوای حەوت ساڵ یەکەمین دیداری هاوبەشی ئەم سێ سەرکردەیەیە و گرنگییەکی ستراتیژیی تایبەتی هەیە.

یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە گفتوگۆ لەسەر کەمکردنەوەی چەکە ناوکییەکانە. ئەمریکا و ڕووسیا هەر یەکەیان نزیکەی پێنج هەزار چەکی ناوکییان هەیە، لە کاتێکدا چین بە نزیکەی ٦٠٠ سەرە ناوکییەوە خەریکی فراوانکردنی توانای خۆیەتی. بەڵام بەیجینگ ئامادە نییە پێش گەیشتن بە هاوسەنگی لەگەڵ ئەمریکا، پابەندی هیچ سنوورێک لە بواری چەکی ناوکی ببێت.

ڕووسیاش ئەم کۆبوونەوەیە بە دەرفەتێک دەزانێت بۆ بەهێزکردنەوەی پێگەی خۆی لە کاروباری جیهانی و بەدەستهێنانی پشتیوانیی زیاتر لە چین، بە تایبەتی لە کاتێکدا شەڕی ئۆکرانیا بەردەوامە و مۆسکۆ دەیەوێت بە مەرجەکانی خۆی گەیشتن بە کۆتایی شەڕەکە مسۆگەر بکات.

لە بەرامبەردا، چین هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئەم دیدارەوە توانای خۆی بۆ کۆکردنەوەی هێزە جیهانییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی بسەلمێنێت. بە تایبەتی کێشەی تایوان یەکێکە لە بابەتە هەستیارەکان کە دەتوانێت لە داهاتوودا ببێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەنێوان چین و ئەمریکا.

لە هەمان کاتدا، شەڕی ئێران و فشارە ناوخۆییەکانی ئەمریکا کاریگەرییان لەسەر هەڵوێستی چین و ڕووسیا هەیە. چین، بە تایبەتی لە دۆخی ئێستای ئەمریکا سوودی ستراتیژی و ئابووری وەردەگرێت و نیازی نییە بە ئاسانی یارمەتی واشنتن بدات بۆ دەرچوون لەو قەیرانە.

بە گشتی، هەرچەندە چاوەڕوان ناکرێت ئەم کۆبوونەوەیە بە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی گەورە کۆتایی بێت، بەڵام گرنگییەکەی لەوەدایە کە سێ هێزی سەرەکیی ناوکیی جیهان دەخاتە بەردەم گفتوگۆیەکی هاوبەش بۆ ڕێکخستنی هاوسەنگیی نوێی جیهان، لە کاتێکدا ناکۆکییەکانیان لەسەر ئۆکرانیا، ئێران، تایوان و پێشبڕکێی جیهانی هێشتا بەردەوامن.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی