سێ بەسێ؛ بەغدا بێت، زەحمەتە بگەڕێتەوە

2 کاتژمێر پێش ئێستا

سەلام عومەر



بەغداد دەڵێت ئەگەر بمەوێت هێز دەجووڵێنم بۆ هەرێمی کوردستان، کاندیدی دووەمیش سلێمانییە. عێراق شتێکی وا خۆشی تێدا نییە، بەڵام یەک شتی زۆر بەچێژە، لە شەو و ڕۆژێکدا کام بابەتەی لای تۆ گرنگە یەکسەر قڵپ دەبێتەوە، دوێنێ دەتویست هەرێمێکی تر دروست بکەیت، ئێستا دەبێت وەڵامی (عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق) بدەیتەوە، نەوتی کەرکووک بۆ لە گەڕەکەکانی ئەفغانستان دابەش دەکرێت.

عێراق لەبەردەم ڕسواییەکی نێودەوڵەتیدایە، بەتایبەتی ئەمریکا، بەهۆی قاچاخچێتیی نەوتەوە؛ سێ هێڵی قاچاخچێتیی نەوت، کە دوو هێڵیان لە هەرێمی کوردستانن، لە ساڵی ٢٠٢١ـەوە چالاکن و بە ملیۆنان دۆلار زەرەر لە گەل دەکەوێت؛ هێڵی زۆرتر هەن و جارێ ئەو سێ هێڵە ئەجەلیان هاتووە.

خاڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەش، بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی نهێنیی هەواڵگریی عێراق، جورفولسەخر (ژێردەستی حزبوڵڵا)، سلێمانی (ژێردەستی یەکێتی)، دهۆک (ژێردەستی پارتی)ـین کە پێنج ساڵە ژێربەژێر کار دەکەن.

فەزیحەکە ئەوە نییە سیاسییەکان خەمی نەوتی خەڵکیانە، کێشەکە ئەوەیە بەشی زۆری قاچاخچێتییەکە دەچێتە جزدانی ئێرانەوە، ئەوەش هێڵی سوورە بۆ ئەمریکا. جگە لە هێڵەکەی لای پارتی، جورفولسەخر (ژێردەستی حزبوڵڵا) و سلێمانی (ژێردەستی یەکێتی) دوو سیی جێگرەوەن کە ئێران هەناسەیان پێ دەدات، ئەمەش پێچەوانەی ئاراستەی نوێی ئاشکرا و ڕاگەیەندراوی ئەمریکایە بۆ خنکاندنی ئابووریی ئێران وەک جێگرەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی.

هێڵی یەکەم: لە جورفولسەخر لە باشووری ڕۆژئاوای بەغداوە دەست پێدەکات، کە نەوت لە ڕێی کونکردنی بۆرییەکانەوە دەدزرێت. بەڵگەنامەکە سێ ڕێگای جیاواز لە ڕێگەی موسەیب، عامریەی فەلووجە و ئەبوو غرێب دیاری دەکات بۆ بردنی نەوتەکە. جورفولسەخر وەک یەکێک لە پێگە سەرەکییەکانی کەتائیبی حیزبوڵڵا (ـی عێراق) ناسراوە و پایتەختی دەوڵەتی قووڵی ئێرانە. دوایین گۆڕانکاری ئەوەیە سەرەتا هێزی هاوبەش دەچنە ناوەوە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە حزبوڵڵا ملدەدات!

چاککردنەوەی تەڵاقی یەکەم: لە ئەگەری سەرکەوتنی (زەیدی) لە دەستشکاندنەوەکەدا، متمانەی (زەیدی) لای ترەمپ زیاد دەکات و لای گەلی عێراقیش خۆشەویستر دەبێت. کۆنتڕۆڵکردنی هێڵی ژێردەستی حزبوڵڵا، هانی (زەیدی) دەدات بەرەو هەرێمی کوردستان بێت. دوێنێ عێراق بە ئاشکرا گوتی، حەزمان لە شیمالە بمانەوێت دێین. جا ئەگەر هەموو هەرێمیش قورس بێ، بەڵام دەکرێت کاندیدی دووەم سلێمانی بێت، چونکە ئیدارەی سلێمانی ڕووی لە ئێرانە.

هێڵی دووەم: نەوتی قاچاخ لە کەرکووکەوە بەرەو سلێمانی، دواتر بەرەو ئێران و دواتر ئەفغانستان دەڕوات. بەپێی ڕاپۆرتەکە، نەوتی کێڵگەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک بە بەڵگەنامەی فەرمی بۆ سلێمانی دەگوازرێتەوە. بەشێک لەو نەوتە دواتر بە تەنکەر لە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخانەوە دەگاتە ئێران. لەوێ نەوتی دزراوی عێراق لەگەڵ بەرهەمە نەوتییەکانی دیکەی ئێران تێکەڵ دەکرێت. بەرهەمەکان لە ڕێی پارێزگای خۆراسانی ئێرانەوە دەگەنە ئەفغانستان و لە بازاڕی ناوخۆدا دابەش دەکرێن.

چاککردنەوەی تەڵاقی دووەم: بەغدا حەز دەکات بەرەو دهۆک بڕوات بەڵام هەموو شتێک بە حەزی بەغدا ناڕوات، چونکە قاچاخچێتیی نەوتی لای پارتی بۆ ئێران نییە، خۆیشی کێشەکە ئێرانە. ئینجا لەبەر ئەوەی یەکێتی و نەوەی نوێ پێویستیان بە ئۆکەی بەغدایە بۆ بەڕێکردنی خواستی جیابوونەوەی سلێمانی، لەوانەیە ڕازی بن (یان ناچار بکرێن) بە هاتنی میوانەکان، ئیتر خەونێکی بەغدا دێتە دی کە لە ٧ـی ٣ـی ١٩٩١ـەوە بەدوایدا وێڵە. هاتنی بەغدا و گەڕانەوەی زەحمەتە، بەڵام بە چاککردنەوەی تەڵاقی دووەم، هەموو لایەک سەرمەست دەبن:

ئەمریکا: خۆشحاڵە بەوەی دوو سیی هەناسەدانی ئابووریی ئێران دەبڕێتەوە.
بەغدا: خۆشحاڵە پارەی زیاتری بۆ دەگەڕێتەوە، سەروەری و باڵادەستیی خۆی بۆ ناوچەیەکی تری وڵات دەگەڕێتەوە.
یەکێتی: خۆشحاڵە بەوەی دەتوانێت بەغدا داواکەی پەسەند بکات و پارەی جیا بۆ شارە حەیاتەکە بنێرێت و قوباد تاڵەبانیش دەبێت بە سەرۆکوەزیرانی سلێمانی (لەلایەن بەغداوە دادەمەزرێنرێت).
نەوەی نوێ: خۆشحاڵە بەوەی لەوانەیە لە خولی داهاتوودا "سەرۆک کۆمار" لەوان بێت.

ئەزموونی ڕیفراندۆم لە کەرکووک (دوای ڕیفراندۆم و ١٦ی ئۆکتۆبەر) پێمان دەڵێت، زەحمەتە سوپا کە هات، بگەڕێتەوە، ئەمەش هانی بەغدا دەدات بیر لە چاککردنەوەی تەڵاقی سێیەم بکاتەوە، ئەگەر هەموو شتێک بە دڵی بەغدا و تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ سووریا و عێراق بڕوات، بەغدا بیر لە گەڕاندنەوەی هەرێم دەکاتەوە بۆ باوەشی بەغدا لە ڕێی چاککردنەوەی تەڵاقی سێیەمەوە.

هێڵی سێیەم: نەوتی قاچاخ لە ڕێی فیشخابوورەوە بەرەو تورکیا دەبرێت. بەپێی بەڵگەنامەکە، تەنکەرەکان لە گەنجینەکانی فیشخابوور لە دهۆک بەتاڵ دەکرێن، کە کۆمپانیای نەرویجیی DNO بەڕێوەی دەبات. ڕاپۆرتەکە کۆمپانیاکە تۆمەتبار دەکات بە فرۆشتنی بەشێک لە نەوتی کێڵگەکانی تاوکێ و فیشخابوور بە کڕیارانی ناوخۆیی لە دەرەوەی چوارچێوەی سۆمۆ و گواستنەوەی نەوت بەرەو تورکیا لە ڕێی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە.

چاککردنەوەی تەڵاقی سێیەم: چاککردنەوەی تەڵاقی سێیەم، دوا قۆناغی دەستشکاندنەوەکەیە. دوو فاکتەر کاریگەریی زەبەلاحیان لەسەر ئەوە هەیە ئەم خەونەی بەغدا بێتە دی: یەکەم، ماڵجیایی یەکێتی و پارتی و مامەڵەکردنی تاکلایەنە لەگەڵ دەرەوەی خۆیان؛ دووەم، گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، بەتایبەتی کاریگەریی تۆم باراک، هەرچەندە ئەویش تەنیا دەنگی ناو ئیدارەی ترەمپ نییە، بەڵام ئەم ماوەیە لە لەندەن نەخشەڕێگایەکی نوێی بۆ یەکێتی و پارتی دانا، بە پێچەوانەوە مەلەکردن، لەوانەیە خەونی بەغدا بۆ چاککردنەوەی تەڵاقی سێیەم خێراتر بکات.

وەک ئەوەی تۆم بڵێت تەنیا ئیشی پەیامبەرێکی پیاو، ئاگادارکردنەوەی پارتی و یەکێتییە و ڕێگای ڕاست (الصراط المستقيم): "یەکگرتوویی"، "خۆشگوزەرانیی ئابووری"، و "لێکنزیکبوونەوە"ـیە، لەناو هەرێم، لەگەڵ بەغدا و لەگەڵ تەواوی ناوچەکە.

پێشتریش بەر لە چەند ساڵێک لەمەوبەر پەیامبەرێکی ژن، لە هەولێر ئاگاداری کردنەوە، مەرج نییە ئەم قومارە هەر بە دڵی ئێوە بێت. بەڵام وەک ئەوەی نە (تۆم)یان بینیبێت و نە (بلاسخارت)، لەسەر قومارەکە بەردەوامن لە درێژەدان بە پەرتەوازەیی، قووڵکردنەوەی تەنگەژەی ئابووری و لێکدوورکەوتنەوە.

ئەم نووسینە بۆ پارتی و یەکێتی نییە، چونکە ئەوان جمکێکی ناجۆرن؛ نە پێکەوە هەڵدەکەن، نە بەبێ یەکتر دەژین، نە گوێش دەگرن؛ ئەم پەیامە بۆ تۆی دانیشتووی هەرێمە کە: ئیتر هەرێم ناوچەیەکی پارێزراوی سروشتی (محمیة) نییە لە دەرەوەی جیهان. ئەم جارەش نا جارێکی تر.

ئاشکرایە، هەمیشە بەڕە لە لای (ناکۆکییەوە) دەدڕێت!

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی