برایم زەبۆک لە سلێمانییە..

12 خولەک پێش ئێستا

جوتیار مەلا رەئوف

کاتێک لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەی؛ گوێم لە قسەکانی شاسوار عەبدولواحید گرت کە پێکهێنانی دوو هەرێمی وەک بژاردەیەک خستە ڕوو و لە هەمان کۆنگرەدا گوتی دژی لەتکردنی هەرێمیشە، ڕێکاورێک کارەکتەری (برایم زەبۆکی) عەزیز نەسینم هاتەوە بیرو پێش چاو، برایم زەبۆک هەوڵی دەدا بەوە نفووز پەیدا بکات کە خەڵک وا تێبگەیەنێت لە پشت قسەکانی هێزێکی مەزن هەیە و دەستی بە هەموو ناوەندەکانی بڕیار دەگات، توانای هەموو ئاڵوگۆرێکی لە دەستەڵاتی شارەوانیەکاندا هەیەو دەتوانێت هەرکەسێکی بیەوێت دایبنێتوو لای ببات، من هەمان ئەو کارەکتەرە لە قسە و هەڵسوکەوتەکانی  شاسواردا دەبینم، لە کاتێکدا ئەو هێشتا لە سلێمانی نەیتوانیوە دەسەڵاتی  خۆی لە گوندی ئەڵمانیدا یەکلابکاتەوە، کەچی بە پشتبەستن بە هێزی هاوپەیمانیەتیەکەی لەگەڵ یەکیەتی، وا قسە دەکات کە گوایە دەتوانێت هاوسەنگیی هێز لە هەولێر و دهۆک بە زیانی پارتی و ماڵی بارزانی بگۆڕێت، کە من پێم وایە خەیاڵی هێزی ئەو بانگەشەیە بەراستی  زۆر دۆنکیشۆتانەیە.
بە بۆچوونی من، شەرمەزاریی ئەو هەڵوێستە لە ڕووی نیشتمانییەوە لەوەدایە کە چارەنووسی هەرێم دەخاتە ناو مامەڵەیەکی تەواو حیزبی و بەرژەوەندی کەسییەوە، پرسیارەکە لیرەدا ئەوەیە ئایا بافڵ تاڵەبانی لە هەڕەشەی دابەشکردنی هەرێم دەستی بۆ دانوسـتاندن لەگەڵ پارتی بەهێزتر دەبێت؟، ئایا شاسوار بەو هاوپەیمانییە لە ملمـلانێی دوو حیزبی دەسەڵاتدا دەتوانێت شوێنێک بۆ خۆی بکاتەوە؟، ئەدی ئەو بەشەی خەڵکی سلێمانی کە پشتیوانیی ئەو هەڵوێستە دەکەن، ناپرسن  لە بەرامبەرئەوەدا چی بەدەست دەهێنن؟ ئەگەر سبەی بافڵ تاڵەبانی و پارتی لەسەر پۆست و دەسەڵات ڕێک بکەون، لەو بانگەشەیەی جیاکردنەوەی هەرێمی سلێمانی و دوو لەتکردنی کوردستان چی بۆ خەڵکی سلێمانی بەدەست دێنێت؟
من پێموایە  شاسوار و پشتیوانانی ئەو هەڵوێستە دەبێت وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە، کە  بۆچی خەڵکی سلێمانی دەبێت چارەنووسی سیاسیی خۆیان وهەڵویستە نیشتیمانیاکانیان  بە سەرکەوتنی بافڵ تالەبانی لە ملمـلانێ لەگەڵ پارتی و ماڵی بارزانیدا ببەستنەوە؟ بە دڵنیایەوە مێژوو لە وانە  دەپرسێتەوە کە چییان بۆ خەڵکی سلێمانی بەدەست هێنا و بۆ بەدەستهێنانی چی ئامادە بوون تەنانەت یەکپارچەیی هەرێمیش بخەنە سەر مێزی مامەڵەکردنەوە، ئەگەر دەستکەوتەکە چەند پۆست و دەسەڵاتێکی زیاتر بۆ هاوپەیمانیەتیەکەی ئەو دوو هێزە بێت، ئەوەی بۆیان دەمێنێتەوە تەنهاو تەنها  شەرمەزاری و ئیحراجیەکی سیاسیە لە بەرامبەر مێژوودا.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی