ئەنجامی کۆبوونەوەی سێ زلهێزەکەی جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا

بەهــرۆز ڕەئـوف



کۆبوونەوەی سێ لایەنەی سەرانی چین، ئەمریکا و ڕووسیا لە شێنجێن، هەرچەندە بە هیچ ڕێککەوتنێکی گەورە و یەکلاکەرەوە لەسەر کێشە جیهانییەکان کۆتایی نەهات، بەڵام هەنگاوێکی گرنگ بوو بەرەو دروستکردنی شێوازێکی نوێی پەیوەندی لەنێوان زلهێزەکاندا. هەر ئەوەی ئەم کۆبوونەوەیە لە چین بەڕێوە چوو، نیشانەی گۆڕانی گرنگی هاوکێشەی هێزەکان و بەرزبوونەوەی ڕۆڵی پەکین لە کاروباری جیهانیدایە.

یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانی کۆبوونەوەکە، پاراستنی جێگیریی ستراتیژی و ڕێگریکردن لە مەترسیی شەڕی ناوکی بوو. هەرچەندە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی خێرا لەم بوارەدا دوورە لە چاوەڕوانی، بەڵام بەردەوامبوونی گفتوگۆ لەنێوان سێ هێزی گەورەی ناوکی دەتوانێت ببێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسیی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ و دانانی سنوور بۆ قەیرانە جیهانییەکان.

لە لایەکی دیکەوە، چاکسازیی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەهێزکردنی ڕۆڵی ئەو ڕێکخراوەیە لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە بابەتە هاوبەشەکانی کۆبوونەوەکە بوون. سیستەمی ڤیتۆ لە ئەنجومەنی ئاسایشدا بووەتە هۆی وەستانی زۆر بڕیار و لاوازیی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی شەڕەکانی ئۆکرانیا، غەززە و سوودان. لەبەر ئەوە، بیرۆکەی دروستکردنی هێڵێکی پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەنێوان پەکین، واشنتن و مۆسکۆدا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانە لەناکاوەکان، دەتوانێت هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی ناکۆکییەکان.

هەروەها ڕێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان، یەکپارچەیی خاک و سەربەخۆیی نیشتمانی، وەک بنەمایەکی سەرەکیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان جەختی لەسەر کرایەوە. ئەم بابەتە بە تایبەتی پەیوەندی بە ناکۆکیی نێوان چین و ئەمریکاوە هەیە، چونکە کێشەی تایوان یەکێکە لە هەستیارترین خاڵەکانی نێوانیان. لە هەمان کاتدا، بابەتی دەسەڵاتی دادگای تاوانکاریی نێودەوڵەتی و ڕێزگرتن لە بەرگریی یاساییی بەرپرسانی دەوڵەتان، لە خاڵە ناکۆکەکانی ڕاگەیەندراوەکە بوو.

لە بواری ئابووریدا، جێگیریی دابینکردنی وزە و زیادکردنی بەرهەمهێنانی بەرهەمە نەوتییە پاڵاوتراوەکان گرنگییەکی تایبەتی هەبوو. قەیرانی وزە و بەرزبوونەوەی نرخەکان کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیانی خەڵک و ئابووریی وڵاتان هەیە. چینیش لە ڕێگەی پەرەپێدانی وزەی نوێبووەوە، تەکنەلۆژیای سەوز و ئامێرەکانی پاشەکەوتکردنی وزە، هەوڵ دەدات بەشێک لە پێداویستییەکانی بازاڕی جیهانی دابین بکات.

لە ئاستێکی فراوانتردا، بەشداریی سەرکردەکانی چیلی، پێرو و مەکسیک لە کۆبوونەوەی ئاپێکدا نیشانەی گرنگیی پەیوەندییەکانی ئەمریکای لاتین لەگەڵ ئاسیا بوو. ئەمریکای لاتین کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی کێشەی گەشەی ئابووری بووەتەوە، زیاتر بەرەو هاوکاری لەگەڵ چین، ژاپۆن و ڤیەتنام دەچێت. لەم نێوەندەدا پرۆژەی «یەک پشتێن و یەک ڕێگا» وەک ئامرازێک بۆ وەبەرهێنان لە ژێرخان، گواستنەوە و بەستنەوەی بازاڕەکان، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت.

بۆیە ئەم کۆبوونەوەیە زیاتر  کۆبوونەوەیەکی ئاساییی دیپلۆماسی بوو؛ لەگەڵ ئەوەشدا نیشانەی هەوڵێکە بۆ دانانی ڕێسای نوێی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، کە تێیدا هاوکاری، ڕێزگرتنی دوولایەنە و بەرژەوەندیی هاوبەش گرنگیی زیاتر وەردەگرن. چین بە پشتبەستن بە هێزی ئابووری و تەکنەلۆژیی خۆی، هەوڵ دەدات ڕۆڵی جێگیرکەر و ناوەندیی خۆی لە جیهاندا بەهێزتر بکات. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە،: ئایا ئەم پەیامە ئاشتیخوازانە دەتوانێت لە ئاستی بانگەشەوە بگوازرێتەوە بۆ کردار و گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لە پەیوەندیی نێوان زلهێزەکاندا؟

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی

بەپەلە