لەم رۆژانەدا باس باسی کێشەی نێوان پارتی و یەکێتییە، بە تایبەتی دوای دانیشتنی تەواوکار یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە4ى 11ى 2026 کە پارتی توانی رێژەیەک دروست بکات کە (شەرعیەت) بداتەوە بە پەرلەمان.
کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی، یان بارزانی و مەکتەبی سیاسی کۆنی پارتی، جەلالی و مەلایی تەمەنیان لە تەمەنی پەرلەمان زۆر کۆنترە، مێژووی ئەم ناکۆکییە دەگەرێتەوە بۆ ساڵەکانی گەرانەوەی بارزانی باوک لە یەکێتی سۆڤێت و دامەزراندنەوەی نوێی پارتی دیموکراتی کوردستان.
ئەم ناکۆکی و کێشانەی نێوان ئەم دووباڵە، لە ماوەی چەندین ساڵدا زۆر قۆناغی جیاوازیان بریوە، شەڕی ناوخۆ، ئاشتی و گفتوگۆ، رێکەوتنی ستراتیجی جارێکی تر بۆ شەرو گرژی، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە کێشەکان لە شوێنێکدا کۆتاییان پێبێت و لە بنەرەتەوە چارەسەربکرێن و ئاشتیەکی راستەقینە و پتەوی لێبکەوێتەوە.
نەبوونی (متمانە) لە نێوان ئەم دوو هێزەدا، هۆکارێکی سەرەکی بوە بۆ بەریەککەوتن و هەرلایەک هەوڵی داوە کە خۆی لە کوردستاندا باڵادەستی یەکەم بێت .
ئەم عەقڵیەتە وای کردوە کە بەدرێژای زیاتر لە سی ساڵی خۆبەرێوەبردنی بەشیکی باشور دوو (زۆن) بوونی هەبێت هەرلایەک لە زۆنی خۆیدا،
هەرچی دەسەڵاتی ئیداری و مالی و پێشمەرگایەتی هەیە.. بۆخۆی قۆرخکردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە هیچ کام لەم دوو هێزە نەیانتوانیوە متمانە و دەنگی زۆرینەی دەنگدەرانی کوردستان یان زۆنەکەی خۆیان بەدەست بهێنن.
بۆ نمونە یەکێتی و نەوەی نوێ بەیەکەوە لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا تەنها 411.68 بەڕێژەی 28٪ دەنگدەرانیان بەدەستهێناوە، هەروەها پارتیش لەهەمان هەڵبژاردن و لەپارێزگای هەولێرو دهۆک تەنها 749.938 بەڕێژەی 33٪ دەنگیان بەدەستهێناوە.
کێشەی ئێستای نێوان پارتی و یەکێتی تەنها لە دانانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمدا یان دەسەڵاتەکانی خۆی نابینێتەوە، پرسیار ئەوەیە گەر سبەینێ سەرۆکی حکومەت بگۆڕرێت، ئایە ئەم گۆڕانکاریانە کلیلی چارەسەری هەمو ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دەبێت؟ بێگومان وەڵامەکەی بە (نەخێر)ە، چونکە عەقڵیەتی بەرێوەبردن و ئیدارەدانی ناکۆکییەکان بە ئاڵوگۆرکردنی کەسێک بە کەسێکی تر، هیچ ناگۆرێت، چونکە ئەم شیوازی حوکرانییە سیستەمێکی دیموکراتی نییە و دەسەڵاتی حیزب و خێل و کەسە دەسترۆشتووەکانی خستۆتە سەرووی یاساوە.
دیارە لە دۆخێکی ئاوادا ئاسان نییە، تەنانەت دەنگ و کورسی پەرلەمانیش ناکرێتە مەحەک و هاوسەنگی تەواو لە نێوان ئەم دوو هێزە دروست ببێت، بۆیە گەر لایەک نیوەی دەنگی لایەکی تریش بهێنێت، هەر هەق بەخۆی دەدات داوای شەراکەت بکات و ئەوەش ناوبنێت هاوسەنگی هێز، چونکە هاوکێشەکە بە جۆرێکە بە هیچ لایەکیان ناتوانن بە تەنیا پەرلەمان و حکومەتێکی بەهێز پێکبهێنن.
لە چەند رۆژی رابوردودا مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی پارتی، دەربارەی ئەم ناکۆکییانە بەیانێکی دەرکرد، داوا لەو دوهێزە دەکات بەیەکەوە دابنیشن و کێشەکانیان چارەسەر بکەن، پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە، ئەگەر سەرۆکی پارتی زۆری مەبەستبێت کە ئەم دوو هێزە لەیەکتر نزیکببنەوە، بۆ بەیان دەردەکات؟، بۆ خۆی راستەوخۆ بەشداری لەم پرۆسەیەدا ناکات نایەت و نیوەرۆیەک لای کورانی مام جەلال لە قەڵاچوالان نانێک بەیەکەوەبخۆن؟، وەک چۆن چەندەها جار مام جەلال لە کاتی کێشەکاندا بە تەنها سەردانی مەسعود بارزانی کردوە بۆ چارەسەکردنی کێشەکانی نێوانیان و هەموولایەک ئەم هەڵوێستەیان بەرزنرخاندووە.
ئهمڕۆ لەهەموکات زیاتر ئەوە ئاشکرابوە کە ئەم هاوپیمانیە ناچارییەی لەدوای 1992وە لەنێوان یەکێتییو پارتیدا دروستبوە، بەکوردی پەتی (فەشەلی) هێناوە، بۆیە گرنگو پێویستە بیر لەڕێگهیەکی دیكه بکرێتەوە بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێم لەداڕمان بپارێزرێت.
ناکرێت تۆ داوا لەحکومەتی عێراق بکەیت کە سیستەمی لامەرکەزیی پەیرەوبکات، بەڵام خۆت لەهەولێر، مەرکەزیەت پەیڕەو بکەیت، ناکرێت باسی شەفافیەت بکەیت و چەندین کابینەیە میزانییە نەهاتبێتە پەرلەمان،
دیارە لامەرکەزیەت مانای دابڕانی سیاسی یان جیاکردنەوەی هەرێمێک ناگەیەنێت، بەڵکو چارەسەرە بۆ لەت نەکردن و جیابوونەوە. نموونەی وڵاتانی جیهان زۆرن، کە ئەم سیستەمە پەیرەو دەکەن.
وڵاتێکی فیدراڵی وەک ئەڵمانیا لە 16 ویلایەت پێکهاتوەو دەسەڵاتەکان لەنێوان ناوهندو ولایەتەکاندا بەگوێرهى دەستور دابەشکراون، ناوەند دەسەڵاتی سیاسەتی دەرەوە، بەرگریی، بوجەو پارەی گشتیی، سیاسەتی گومرگی گشتی هەیە، هەر وڵایەتێکیش کۆمەڵیک دەسەڵاتی تری هەیە، وەک حکومەتی خۆجێیی کە لە ئەنجامی هەڵبژاردن دێتە کایەوە، سیاسەتی پەروەردە، پۆلیش، دادگای ناوچەکە، بوجەی سەربەخۆی خۆی و کۆمەڵیک دەسەڵاتی تر کە لە دەستوردا ئاماژەی پێکراوە، هەروەها حکومەتی خۆجێیی ولایەتەکە کۆمەڵیک دەسەلاتیان شۆرکردۆتەوە بەسەر قەزاو ناحیە و ناوچە جیاوازەکاندا.
لەسیستەمی فیدراڵیدا، مەرج نییە هەموو دەسەڵاتە ئیداریەکان لەپایتەخت بێت، بۆ نموونە لەئەڵمانیا هەموو دەزگا گرنگەکانی حکومەت لەبەرلینی پایتەخت نین، حهوت وەزارەت لەشاری (بۆن)نن کە جاران پایتەختی ئەڵمانیا بوو، لەوانە وەزارەتەکانی (بەرگریی، تەندروستی، پەروەردەو خوێندنی باڵا، ژینگە، ئابورییو کشتوکاڵ) بارەگای دووەمی سەرۆک کۆمارو سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەشاری بۆنن، هەروەها 70 دەزگای گرنگی حکومی کە هەندێکیان سەر بەوەزارەتەکاننو هەندێکیان سەربەخۆنو دابەشبوون بەسەرجەم شارو شارۆچکەکانی ئەڵمانیادا، بۆ ئەوەی قورسایی سیاسی و ئیداری لەشارێک یان ناوچەیەکدا قۆرخنەکرێتو ناوچەکانی دیكهش بێبەشو فەرامۆشبکرێن..
وڵاتێکی وەک سویسرا کە لە 26 کانتۆن پێکهاتووە، یان نەمسا کە لەنۆ ولایەت پێکهاتوە، بەهەمانشێوەی ئەڵمانیا دەسەڵاتەکان لەنێوان ناوەندو کانتۆنەکاندا دابەشکراونو چەندین وڵاتو ناوچەی دیكهش لەجیهاندا هەن کە بەهەمانشێوەن.
نزیکی 24 وڵات لەکۆی 200 وڵاتی جیهاندا سیستەمی فیدراڵی پەیرەو دەکەن کە نزیکەی لە 40٪ دانیشتوانی سەر ڕوی زەمینن.
بێگومان ئیماراتەکانی کەنداوی عەرەبیش هاوشێوهى سیستەمی فیدراڵیان هەیە کە سەرۆکی حکومەتی هەرێم زۆر لێوەیان نزیکە..
ئێستا دوای ئەو هەموو شکست و نیگەرانیانە، کاتی ئەوە هاتووە کە شێوەیەکی تری حوکمرانی بۆ هەرێمی کورستان بدۆزرێتەوە، ئەمەش تەنها بە لێکتێگەیشتن و رەزامەندیی دەبێت لە نێوان یەکێتی و پارتیدا، وە گونجاوترینیان ( دوو سیستەمی ئیداری لەژێر چەتری یەک هەرێمی یەکگرتوودا)، ئەم شێوە ئیدارییە نە پارچەکردنی کوردستانە و نە کۆتایی هەرێمی کوردستانە، بەڵکو بە سودیش دەگەرێتەوە بۆ خەڵکی کوردستان، بەوەی ئەم دوو زۆنە ئەتوانن باشترین منافەسەی ئاشتیانە و دیموکراتیانەی یەکتر بکەن لە بواری باشترین خزمەتگوزاری، دژایەتی گەندەڵی و قاچاغی و دەستێوەرنەدانی حیزب لە ناو بازار، دابینکردنی نەوت و گاز و سووتەمەنی و ئینجا دڵنیاکردنەوەی هاوڵاتیان کە موچە لە کاتی خۆیدا وەردەگرن.
کاتی ئەوە بەسەرچووە کە لە هەولێرەوە هەموو بڕیارێک بۆ هەموو کوردستان بدرێت، با حکومەتی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەبەخۆکانی گەرمیان و راپەرین خۆیان مشوری ناوچەی خۆیان بخۆن و ئەو پارە و بودجەیەی بۆ ئەو ناوچانە تەرخاندەکرێت خۆیان دابەشی بکەن و بێبەن بەرێوە و پاڵاوگەکانی ناوچەکانی خۆیان بخەنەوە کار و بژێوی ئیدارەکەیان مسۆگەر بکەن.
کورترین و گونجاوترین، رێگا بۆ ئاشتەوایی نێوان پارتی و یەکێتی ئەوەبێت کە دەسەڵاتدارانی هەدوو هێز، کۆببنەوە بۆ ئەوەی پلانی دوو ئیدارەی لە ژێر چەتری یەک هەرێدا بەیەکەوە دابرێژن.
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی