من لە یەکێک لە کامپەکانی ئەوروپا ژیان دەکەم و ساڵێک دەبێت لە کوردستان دورکەوتومەتەو، لەو جێگایەم کە ڕەنگە دەسپێکی گۆڕانکاری بێت بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو شوێنەکانی جیهان، تاراوگە وەک بەشێکی دێکەی شوێنی ژیانکردنیان و جێگۆڕکێیەکی جوگرافیایی هەڵیدەبژێرن.
لێرەدا زۆر خەڵکی جیاواز هەیە و زۆرینەی ئەو کەسانەی کە ڕوو لە ئەوروپا دەکەن، یان بە هۆکار سیاسی، کۆمەڵایەتی، شەڕو ململانێ یانیش بە هۆکاری ئابوری وڵاتیان جێهێشتووە کە لایەنی ئابوری ڕەنگە کەمترین هۆ بێت بۆ جێهێشتنی نیشتمان.
کامپەکە هەموو جۆرە کەسێکی تێدایە منداڵ، گەنج، پیر، خانەوادە، ژن بە تەنیا یان لەگەڵ منداڵ، یاخود باوک لەگەڵ منداڵەکەی، تەنانەت کەسانی کەم ئەندام کە ڕەنگە نیوەی جەستەیان بێ هەست بێت...
لە ماوەی ئەم یەک ساڵە کەم و زۆر هەندێک کەسم ناسیوە و بەتایبەت لەگەڵ ژنانی نەتەوە جیاوازەکاندا، لەوانە، کورد، تورک، عەرەب، فارس، ئیسپانی، چیچەن، ئەفغان، ئافریقایی و ...هتد، تەنانەت فەرمانبەرانی ئەو وڵاتە کە زۆرینەیان ژنن، بەرکەوتەی جیاوازم هەبووە، کە ئەتوانم بڵێم، خەوتن، خواردن، ژیانی ڕۆژانەی خۆمان و منداڵەکانمان هەموو پێکەوەیە، دەشکرێت بڵێین خێزانێکی سەدان کەسی لەهەموو نەتەوەکان لە نێو کامپێک یان گوندێکی بە تێل دەورەدراو لە ژێر چاوەدێری نەتەوە یەکگرتووەکانە.
لەم شوێنەدا ئەگەریش پێداویستییەکان زۆر نەبن، ڕەنگە لە پاڵیدا دەیان گرفتی پاکوخاوێنی، خواردن، شوێنی مانەوە و دوربون لە سەنتەری شارەوە هەبێت، لە سەروی هەمووشیانەوە جیاوازی ڕەنگ و زمان و کلتور، ڕەنگە شوێنێک بێ بۆ ئەو کەسانەی کە گەڕیدەی ئارامین و پەناگەیەک بدۆزنەوە یان لێرەدا پێشەڕۆژێک ببیننەوە کە ڕەنگە هیچ کات هەستیان پێنەکردبێ، بە تایبەت ژنانی ئافریقایی یان کورد یاخود ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناوین کە بەردەوام لە نێو شەڕدان، هەندێکی دیکهش بە دەست نەبوونی ئازادی و نەبوونی ئابووری دەناڵێنن.
ئەو ئازارانەی کە ژنانی کورد بە دەست زهنیەت و کۆمەڵگاوە دەیچێژن، بۆ ژنێکی ئەفغانی، تورک و فارس و ئافریقایی و چیچەن و هتد یەک شتە و کۆکراوەی یەک پرسە، ئەویش له ژێر فشاری سیستمی سەرمایەداری و پیاوسالاری.
ئەم کامپە کە نمونەی هەزاران کامپی ترە، هەڵگری هەزاران چیرۆکی ژنانە، کە کاتێک هاتوونەتە وڵاتانی ئەوروپا چ ئازارگەلێکیان چەشتووە لە زێدی خۆیان و دەبێت چی ناچاری کردبن تا کەسوکار و خاکیان جێبهێڵن...
من گوێبیستی چەند ژنێک بوومە کە یەکیان بە منداڵێکەوە هاتووە و لە گەڵ کەسێک هاوسەرگیری کردووە کە پێی وابووە ئە کەسە دەبێتە پەناگە بۆی بەڵام لە پشت ئەو هاوسەرگیریەوە تەنها هەستێکی غەریزی جەستەییە و هیچی تر...
یانیش دایکێکی شەست ساڵە لە ترسی لێدانە بەردەوامەکانی مێردەکەی، بە پاڵپشتی منداڵەکانی ناچاری هەڵهاتن بووە و وەک خۆی دەڵێت: ئێرە ئەگەرچی سەختیش بێ دیسان بۆ من باشە و بەلایەنی کەم شەوان ئارام بخەوم دور لە هاواری پیاوێک و ئاسەوارەکانی ئەشکەنجە بە دەستەکانی لە سەر جەستەم.
ڕاستە کامپەکان بە ڕووکەش و تەنانەت ناوەڕۆکیش جوان نین، ڕەنگە دیواری ژورەکانی ئازاردەر بێت و لایەنی سایکۆلۆژی خراپ کات یانیش ئەو ژورە کە دیوارەکانی ڕەساسین و قەرەوێڵەکانی ڕەشن و پەردەکانی ڕەش و ڕەساسی و دەرگاگانی سور و سپین، کە ئەتوانم بڵێم جێی دوو خێزان، خەوتن، خۆگۆڕین، خواردن و تەنانەت توالێت کردنی منداڵی خوار سێ ساڵ بێت.، لە لایەکی دیکەشەوە توالێت و حەمامەکانی هاوبەش بە نەبونی خاوێنی و ڕێنماییە تەندروستیەکان، یان نەبوونی پارک بۆ منداڵ و نەبوونێ مارکێت و ... زۆر شتی دیکە... لەگەڵ هەموو ئەمانە ئەگەر لە من یان ژنێ تر بپرسی دەڵێ خۆشە، بۆ ؟ چونکە ژنان بە دوای ئارامی و پێکەنین و پەناگەیەک دور لە شەڕی خێزانی و کۆمەڵگایی و جوگرافی دەگەڕێن، کە بە کەمترینەکان ڕازین.
لە تەنیشت ئەمانە ڕەنگە هەر لەم چواردیوارەدا ژنان دیسان ڕۆوبەڕووی گرفت ببنەوە ، کە ئەوەش پرسێکی شاراوەیە، لە تەنیشتیدا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی یاسا هەیە و ژن و منداڵ و ئاژەڵ، قسەی یەکەم دەکەن دواتر پیاو دێتە بەر باس...ئەمانە جوانن کە دیسان ڕەنگە ڕووکەشیش بێ یان ڕاستی...جارێ نەگەشتوومەتە وەڵام و پێشەڕۆژ بۆم ڕووندەکاتەوە
لەکاتێکدا ساڵێکە هاتووم، دیار نییە چی ڕوودەدات و سبەینێ چۆن دەبێت. ڕەنگە ئەم جێگایەش ئەو جێگایە نەبێت کە پێی دەڵێین «گەیشتن». زۆر جار نازانین ئاخۆ ئێمە چیمان دەوێت، یان لە چی دەگەڕێین. نازانین چی چاوەڕێمانە و ژیان چ ڕەقەمێکمان بۆ لێدەدات.
ڕەنگە بۆ زۆرێک لە ژن و منداڵەکان، ئەمە واتە تاراوگە و وەرگرتنی وەڵام و ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتە، دوایین وێستگە بێت. بەڵام بۆ من، نا واینابینم و بە شوێنی ئەبەدیم پێناسەی ناکەم.
بۆیە بێ هۆ نییە کە تێکۆشارانی ڕێی ئازادی دەڵێن تۆ ئەگەر هەزاران کیلۆمتریش لە خاکی خۆت دورکەویتەوە دیسان گرێدراوی ئەو جێگەیەی کە پێی دەڵێن نیشتمان، لە ئەنجامدا تاراوگه نابێتە زێدی هەمیشەیی و تەنانەت ئەگەریش مرۆڤ لە ناو بەرداشی سیستمێکدا بهاڕێت کە ناوت نازانێت، تەنیا ژمارەی دۆسیەکەت دەناسێت.
ئەمانەش پێناسەی باشی کامپ و وڵاتی بێگانە و ژیانی دوای کەمپ نین، پێناسەی خواست و هەستی ژنانە، لە هەموو شوێنێک کە لە برا باوک هاوسەر و کەسوکارە نێرینەکان، ئارامی و ڕێزگرتنیان دەوێ، کە ئەگەر ئەۆانە هەبن نە ژنێک دەکوژرێ و نە ژنێک ڕوبەروی توندوتیژی دەبێتەوە و نە کۆچ دەبێتە دوایێن بژاردە بۆی....
لە کۆتاییشدا 25ی نۆڤەمبەر ناونیشانی ڕۆژێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنانە، لەکاتێکدا ژیان هەمووی تێکۆشانە لە هەر ساتەوەختێکدا بێت بۆ لەناوبردنی ئازارەکان و بەدەستهێنانی ئەو ژیانە شایستەیەی کە هەموان ئاواتی بۆ دەخوازن، یانی وەرگرتنی دوو باڵی فڕینە بە ناوی ئازادی و ئیرادەی بەردەوام کردنی ژیان بێ بەرژەۆەندی، ئەویش لە نێو ئەم ساردوسڕییەی پەیوەندییەکانی مرۆڤەکان لێره.
ئەگەر بە داتایی و هەبوونی ڕۆژنامەوانی چاوی لێبکەین، بە پێی ئاماری سەرچاوە فەرمییەکانی یەکێتی ئەوروپا: وێنە گشتیەکە بەو شێوەیەیه کە لە ساڵانی دواییدا، لە هەموو ئەوروپادا ١ لە هەر ٣ پەنابەر ژنە. واتە نزیکەی ٣٠٪ بۆ ٣٣٪ ی ئەو کەسانەی کە داوای پەنابەری دەکەن بۆ یەکەم جار، ژنن.
ئەمەش واتای ئەوەیە ژنان هەمیشە نزیکەی ٣٠٪ ی داواکاران بوون لە یەکیەتی ئەوروپا لە دوو دەیەی ڕابردوودا.
*بەپێی وڵات - بۆ ساڵی ٢٠۲٥ ڕێژەی ژن لە داواکارانی یەکەمجار
فینلاند ٤٥.٧٪
فەرەنسا ٤٤.١٪
نەمسا ٤٣.٩٪
سوید ٤٢.٨٪
ئەسپانیا ٤١.٤٪
ئەڵمانیا ٤٠.٦٪
بەلجیکا - ٣٩.٣٪
پۆرتوگال ٣٩.٠٪
هۆڵەندا ٢٧.٣٪
ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی