بڕیارەکانی زەیدی و مەترسیی ناوەندگەرایی

47 خولەک پێش ئێستا

ڕێبین ڕەحیم

دەسەڵاتی سیاسی کاتێک ڕەوایی هەیە کە لە چوارچێوەی دەستورو یاسادا بجوڵێتەوە نەک ویستی کەسی و ئامانجی پیلان بۆ داڕێژراو بکاتە ئامرازی سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی، ئەمە یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی دەوڵەتی دەستووریە چونکە دەستور بۆ سنووردارکردنی دەسەڵات دانراوە نەک بۆ پێدانی دەسەڵاتێکی ڕەهایی بێ‌سنوور عێراقی دوای ساڵی ٢٠٠٣ دەرفەتێکی مێژوویی بوو بۆ بونیاتنانی دەوڵەتێکی جیاواز لەو سیستەمە سیاسییەی کە ساڵانێکی زۆر بە ناوەندگەرایی ، تاکڕەوی و سەرکوتکردن بەڕێوەچوو ، بنەمای عێراقی نوێ دەبوو لەسەر هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان و قبوڵکردنی فرەیی نەتەوەیی و سیاسی دابمەزرێت واتە گۆڕینی کۆی فەلسەفەی حوکمڕانی نەک تەنها گۆڕینی دەسەڵات لە دەستی گرووپێکەوە بۆ گرووپێکی دیکە ، دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ ئەنجامی ئەو ڕێککەوتنە مێژووییە بوو کە لە ماددەی یەکەمی دەستوور عێراق بە دەوڵەتێکی فیدراڵی و دیموکراتی و کۆماری ناساندوە ، ئەمەش واتای ئەوەیە کە یەکپارچەیی عێراق دەبێت لەسەر بنەمای قبوڵکردنی جیاوازییەکان بپارێزرێت نەک بە سڕینەوەی دەسەڵات و ناسنامەی پێکهاتەکانی دیکە لە فەلسەفەی سیاسیی جەیمس مەدیسندا دابەشکردنی دەسەڵات ڕێگایەکی دروستە بۆ ڕێگریکردن لە کۆبوونەوەی هێز لە دەستی یەک کەس و لایەندا ، ماکس ڤیبەریش ڕەوایی دەسەڵاتی یاسایی بە پابەندبوونی بە یاسا و دامەزراوەکانەوە دەبەستێتەوە.

ئەم دوو بیرۆکەیە بنەمایەکی گرنگی فیدراڵیزمن چونکە هیچ حکومەتێک نابێت خۆی لە سەرووی دەستورەوە دابنێت لە مێژووی درێژی عێراقدا حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان هەوڵیان دا بە هێز و سەرکوتکردن پرسی کورد و خواستی سیاسیی کوردستان بەدڵی خۆیان یەکلایی بکەنەوە لە شەڕ و هەڵمەتی سەربازییەکانەوە تا ئەنفال و هێرشی کیمیایی و وێرانکردنی هەزاران گوند، بەڵام ئەو سیاسەتانە نەیانتوانی بوون و ناسنامەی کورد لەناوببەن ، ڕژێمەکان هاتن و ڕۆشتن و گۆڕان و ڕووخان بەڵام گەلی کورد بەسەربەرزی مایەوە چونکە نەتەوە بە فەرمانی حکومەت دروست نابێت و بە فەرمانی حکومەتیش لەناوناچێت، لەبەر ئەو مێژووە پڕ لەخوێن و قوربانیەی کورد لەدەوڵەتی عێراقدا فیدراڵیزم بۆ کوردستان تەنها شێوازێکی کارگێڕیی حوکمڕانی نییە ، بەڵکوو بەشێکە لە چارەسەری سیاسی و دەستووریی ئەو ناکۆکییە مێژووییەی کە هەیە بەڵام فیدراڵیزم کاتێک مانای ڕاستەقینەی خۆی دەدۆزێتەوە کە هەردوو ئاستی دەسەڵات واتە فیدراڵی و هەرێمیپابەندی سنوورەکانی دەستور بن، لە ماددەی ( ١١١ )دا دەستور نەوت و گاز بە موڵکی هەموو گەلی عێراق دەزانێت بەڵام ئەم خاوەندارێتییە نابێت لەگەڵ دەسەڵاتی بەڕێوەبردن تێکەڵ بکرێت، لە ماددەی ( ١١٢ )بە تایبەتی لەبارەی کێڵگە نەوتی و گازییە ئێستاییەکان ، بەڕێوەبردنیان بە شێوەی هاوبەش لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتە هەرێمییەکان و پارێزگاکانی بەرهەمهێنەر ڕێکدەخات، واتە نەوت موڵکی هەموو گەلە بەڵام بەڕێوەبردنی کێڵگە ئێستاییەکانیش دەبێت بە هاوبەشی بێت نەک بە دەسەڵاتی تاکلایەنەی مەرکەز لە ماددەی( ١١٤ )یش کاروباری گومرگ بە دەسەڵاتی هاوبەش دادەنێت، ئەمە واتای ئەوەیە کە حکومەتی فیدراڵی مافی ڕێکخستن و چاودێریی ئەم بوارەی هەیە بەڵام نابێت ئەو دەسەڵاتە بکاتە پاساو بۆ لابردنی ڕۆڵی حکومەتی هەرێم لە هەمان کاتدا ماددەی ١١٥ بە ڕوونی دەڵێت لە دۆخی ناکۆکیدا لەسەر دەسەڵاتە هاوبەشەکان پێشینەیی بە یاساکانی هەرێم دەدرێت مەگەر دەستور بە پێچەوانەوەی دیاری کردبێت ، گرنگیی ماددەی ( ١٢١ )یش لەوەدایە کە مافی هەرێم لە بەکارهێنانی دەسەڵاتی جێبەجێکاری و یاسادانان و دادوەری لە چوارچێوەی دەستوردا دەپارێزێت ئەمە مۆڵەتێکی کارگێڕی نییە کە حکومەتی فیدراڵی هەر کاتێک بیەوێت بیگۆڕێت بەڵکوو مافێکی دەستوورییە ، هەروەها ماددەی ( ١٤٠ )لەبارەی ناوچە جێناکۆکەکانەوە ڕێکاری دەستووریی تایبەتی دیاری کردووە و ناتوانرێت دۆخی ئەو ناوچانە بە بڕیاری تاکلایەنە یەکلایی بکرێتەوە لەبەر ئەوە بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی داخستنی دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان و بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان و چاودێریی پاڵاوگەکانی هەرێم دەبێت لە ڕۆشنایی ئەم ماددانەدا هەڵبسەنگێندرێن ،هەر ڕێکارێکی ڕێگرتن لە قاچاخکاری و گەندەڵی ئەرکێکی گرنگ و یاساییە بەڵام ئەم ئەرکە نابێت ببێتە هۆی تێپەڕاندنی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.

داخستنی دەروازەی نافەرمی لە ڕێگەی یاساییەوە جیاوازە لە گواستنەوەی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی دەروازە سنوورییەکان و کۆنترۆڵکردنی دامەزراوەکانی هەرێم هاننا ئارێنت سیاسەت بە بوونی هاوبەشی و گفتوگۆ لەنێوان مرۆڤە جیاوازەکاندا دەبەستێتەوە ئەم بیرۆکەیە بۆ عێراق گرنگییەکی تایبەتی هەیە چونکە چارەسەری کێشەی نێوان بەغدا و هەولێر لە سەپاندنی ویستی یەک لایەن بەسەر لایەنەکانی دیکەدا نییە بەڵکوو لە سازان و گفتوگۆ و پابەندبوون بە دەستوردا خۆی دەبینێتەوە، عێراقی دوای ٢٠٠٣ لەسەر پەیمانێکی سیاسی و دەستووری دامەزرا کە تێیدا هیچ پێکهاتەیەک نابێت بە خاوەنی ڕەهایی دەسەڵات و دەوڵەت دابنرێت، ئەگەر ئەمڕۆ دەسەڵاتی فیدراڵی بە بیانووی یەکپارچەیی دەوڵەتەوە دەسەڵاتەکانی هەرێم سنووردار بکات، ئەوا پرسیارەکە تەنها لەسەر چەند بڕیارێکی حکومەت نییە بەڵکوو لەسەر چارەنووسی ئەو پەیمانە مێژووییەیە کە عێراقی نوێی لەسەر دامەزرا یەکپارچەیی عێراق بە سڕینەوەی جیاوازییەکان ناپارێزرێت بەڵکوو بە پاراستنی ماف و دەسەڵاتی دەستووریی هەموو پێکهاتەکانی دەپارێزرێت، چونکە دەوڵەتی فیدراڵی ئەو دەوڵەتە نییە کە هەمووان لە مەرکەزەوە بەڕێوەی ببەن بەڵکوو ئەو دەوڵەتەیە کە هیچ لایەنێک مافی خۆی بەسەر دەستووری هاوبەشدا زاڵ ناکات.

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی