بڕیاری تەفسیری دادگای فیدراڵی لەسەر بڕیارەکانی زەیدی دەربارەی هەرێمی کوردستان

54 خولەک پێش ئێستا

هاوڕێ تۆفیق

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دوێنی نوسراوی بۆ دادگای فیدراڵی کردوە کە چەند دەقێکی دەستوریی بۆ تەفسیر بکەن، بێگومان ئەو مادانەی داوایکردوە تەفسیر بکرێن, هەر هەمان ئەو بابەتانە کە بریاری لەسەر داون. دادگای فیدراڵی هەر ئەمڕۆ گەرماو گەرم بڕیاری تەفسیری ژمارە (268/فیدراڵی/2026) یان بە دەنگی زۆرینە، نەک بە کۆی دەنگ !دەرکردوە، بریارە تەفیسیرییەکانی دادگای فیدراڵی بنەبرو کۆتاین. دەقی داواو بەشێک لە بریارەکانی پێشوویی عەلی زەیدی چەسپاندوەو  هەندێکی تر لە بەرژەوەندی هەرێم دەرکردوە .ئەمە دەبێت بکرێتە دەرگای گفتوگۆی سیاسی و حکومی لە نێوان هەرێم و بەغدا، ئاشکرایە کە لەدەرەوەی ئەم بریارانە کار بە بریاری تر ناکرێ. پوختەی قەرارەکان ئەمانەن: 

یەکەم: سوپای عێراق دەتوانن لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوەی پێ بکرێت.واتە سوپای عێراق بۆ سنورەکانی هەرێمی کوردستان بگەرێتەوە
 دەقەکە دەڵێت (پاراستن، دڵنیابوون لە ئاسایشی و بەرگریکردن لە سنوورە نێودەوڵەتییەکانی کۆماری عێراق، لە دەسەڵاتە تایبەتەکانی دەسەڵاتە فیدراڵییەکانە، بەپێی ماددەکانی (109) و (110/دووەم)ی دەستوور. حکومەتی فیدراڵی دەتوانێت هێزە چەکدارە فیدراڵییەکان بڵاو بکاتەوە و بەڕێوەیان ببات، هەروەها ڕێکارە پێویستەکان بگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی هەموو سنوورەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ؛ لەوانەش ئەو سنوورانەی لە ناو ئەو خاکانەدان کە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەبرێن.

دووەم: حکومەتی فیدراڵی مافی چاودێری دەروازەکانی هەیە و بەهاوبەشی پێکەوە کار بکەن  مانای وایە تاک لایەنە حکومەتی فیدراڵ ناتوانێ ئەمەیان تارادەیەک لە بەرژەوەندی هەرێمە.
 دەقەکە دەڵێت (دەسەڵاتە فیدراڵییەکان مافی ئەوەیان هەیە چاودێری و کۆنترۆڵ بەسەر کارکردنی ئەو فەرمانگە و دامەزراوانەدا بکەن کە لە هەموو دەروازە سنوورییەکانی کۆماری عێراق کار دەکەن، لەوانەش ئەو دەروازە سنوورییانەی لە هەرێمی کوردستاندان؛ بەپێی حوکمەکانی یاسای دەستەی دەروازە سنوورییەکان ژمارە (30)ی ساڵی 2016 و یاساکانی پەیوەندیدار. ئەمەش دەبێت بە لەبەرچاوگرتنی حوکمی ماددەی (114/یەکەم)ی دەستوور، سەبارەت بە بەڕێوەبردنی گومرگ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتەکانی هەرێمەکان و پارێزگاکانی نەنێکخراو لە هەرێم.

سێیەم: پرۆسەی ئەلکترۆنی بۆ دەروازە سنورییەکان مەرکەزی بێت ئەمەش بۆ شەفافیەت باشە بەڵام داهاتی نانەوتی کەم دوکاتەوە .
دەقەکە دەڵێت(دامەزراندنی سیستەمێکی نیشتمانی یەکگرتوو بۆ ئەلیکترۆنی‌کردنی دەروازە سنوورییەکان و گومرگ، و بەستنی ئەو سیستەمە بە شێوەی ئەلیکترۆنی بە وەزارەت و دەستە فیدراڵییە پەیوەندیدارەکان لە هەموو عێراق، لەوانەش دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها دانانی ستاندارد و ڕێنماییە تەکنیکی، دارایی و گومرگییە پێویستەکان بۆ کارپێکردنی، لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دەسەڵاتە فیدراڵییەکانە بۆ دانانی سیاسەتی دارایی و گومرگی و ڕێکخستنی سیاسەتی بازرگانی لە نێوان هەرێمەکان و پارێزگاکان؛ بەپێی ماددەی (110/سێیەم)ی دەستوور، بە لەبەرچاوگرتنی هاوئاهەنگیی باسکراو لە ماددەی (114/یەکەم)ی دەستوور.

چوارەم: بۆ نەوت و گاز بەڕێوەبەردن هاوبەشە بەڵام داهات بۆ خەزێنەی فیدراڵە ئەمەش تا رادەیەک لە بەرژەوەندی هەرێمە .
دەقەکە دەڵێت(بەڕێوەبردنی نەوت و گازی بەرهەمهێنراو، بەپێی حوکمی ماددەی (112/یەکەم)ی دەستوور، لەلایەن حکومەتی فیدراڵی بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتەکانی هەرێمەکان و پارێزگاکانی بەرهەمهێنەرەوە ئەنجام دەدرێت. خاوەندارێتیی نەوت و گازیش بۆ هەموو گەلی عێراقە، بەپێی ماددەی (111)ی دەستوور. وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و لایەنە چاودێرییە فیدراڵییە پەیوەندیدارەکان مافی ئەوەیان هەیە دەسەڵاتە دەستووری و یاساییەکانی خۆیان بەکاربهێنن بۆ چاودێری، پشکنین و وردبینیی کێڵگەکان و پرۆسە و گرێبەستە پەیوەندیدارەکان بە بەرهەمهێنان، دەرهێنان، بازاڕکردن و هەناردەکردنی نەوت و گاز؛ بەپێی حوکمە دەستوورییەکان و یاسا نافژەکان و بڕیاری دادگای فیدراڵیی باڵا بە ژمارەی (59/فیدراڵی/2012) و یەکگرتووەکەی بە ژمارەی (110/فیدراڵی/2019)، دەرکراو لە 15/2/2022. گرێبەستە پەیوەندیدارەکانیش لەلایەن لایەنە دەسەڵاتدارەکان و بەپێی یاسا ئەنجام دەدرێن.

پێنجەم: سیسەتی باج فیدراڵی بێت ئەمەشیان بۆ هەرێم کێشەیە نيیە

دەقەکە دەڵێت (دەسەڵاتە فیدراڵییەکان، بە پشتبەستن بە ماددەی (110/سێیەم)ی دەستوور، مافی دانانی سیاسەتی دارایی و گومرگی، دیاریکردنی ڕێنمایی و باجی گومرگی یەکگرتوو، و چاودێریکردنی داهاتە گشتییە بەدەستهاتووەکان لە باج و ڕسومات و داهاتە ناونەوتییەکان لە هەموو عێراق، لەوانەش هەرێمی کوردستان،یان هەیە. هەروەها دەتوانن ئەو داهاتانە بپشکنن، یەکالیی بکەنەوە و بەپێی یاسا نافژەکان بیانخەنە خەزێنەی گشتی؛ بە مەرجێک پێچەوانەی ماددەی (114/یەکەم)ی دەستوور نەبێتەوە، کە بەڕێوەبردنی گومرگ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتەکانی هەرێمەکان و پارێزگاکانی نەرێکخراو لە هەرێم ڕێکدەخات، هەروەها بڕیاری دادگای فیدراڵیی باڵا بە ژمارەی (224/فیدراڵی/2023) و یەکگرتووەکەی بە ژمارەی (269/فیدراڵی/2023)، دەرکراو لە 21/2/2024.

شەشەم: سنوری ئیداری هەرێم هەتاوەکو پێش رووخانی رژێمی پێشوە 2003/3/19 جگە لەو سنورە هەرێم دەسەڵاتی نیيە
دەقەکە دەڵێت(سنووری جوگرافیی بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی حوکمەکانی ماددەی (53/أ)ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە دیاری دەکرێت؛ ئەو ماددەیەی ماددەی (143)ی دەستووری کۆماری عێراقی ساڵی 2005 کاری پێ جێهێشتووە. ئەم سنوورە ئەو خاکانە دەگرێتەوە کە لە 19/3/2003 لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەڕێوە دەبران و لە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، دیالە و نەینەوا دەکەون. دەسەڵاتەکانی هەرێم ناتوانن دەسەڵاتی خۆیان بۆ ئەو خاکانە فراوان بکەن کە لە دەرەوەی ئەو سنوورەن؛ بە لەبەرچاوگرتنی حوکمە دەستوورییە تایبەتەکان بە ناوچە ناکۆکی‌لەسەرەکان، کە لە ماددەی (58)ی یاسای ناوبراو و ماددەی (140)ی دەستووردا هاتوون.

حەوتەم: لەروی کارگێریی و دیفاکتۆوە هەرێم بۆی نیيە لەدەرەوەی ئەو سنورانە بونی هەبێت مەبەستی مەخمور زۆر شوێنی ترە
دەقەکە دەڵێت (بەڕێوەبردنی ئەو خاکانەی لە دەرەوەی سنووری جوگرافیی دیاریکراوی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستانن، و بەکارهێنانی دەسەڵاتە دەستووری، کارگێڕی و جێبەجێکارییەکان لەو ناوچانەدا، دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتە فیدراڵییەکان؛ هەر یەکەیان بەپێی دەسەڵاتی دەستووری و یاسایی خۆی. ئەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێم بە شێوەیەکی کرداری و کارگێڕی لە دەرەوەی ئەو سنوورە کار بکەن، دەسەڵاتی دەستووری بۆیان دروست ناکات.

بڕیارەکە بە زۆرینە دەرچووە و دوو ئەندام پێچەوانەی بۆچوونیان هەبووە. بڕیارێکی بڕاوەیی و پابەندکەرە بۆ هەموو دەسەڵاتەکان، بەپێی ماددەکانی (93/دووەم و 94)ی دەستووری کۆماری عێراق لە ساڵی 2005 و ماددەکانی (4/دووەم و 5)ی یاسای دادگای فیدراڵیی باڵا ژمارە (30)ی ساڵی 2005ی هەموارکراو بە یاسای ژمارە (25)ی ساڵی 2021. بڕیارەکە لە 25/11/2026 بە ئاشکرا ڕاگەیەنرا

ئەم وتارە دەربڕی بۆچونی نووسەر خۆیەتی