شارپرێس:
هێزەکانی ئەمریکا سیستەمی پێشکەوتوی بەرگریی ئاسمانی لەبنکەکانی خۆی لەڕۆژئاوای کوردستانو سوریا جێگیردەکات، هاوكات پێگەیهكى ئەمریکیش ئاشكرایكردوه، واشنتۆن بڕیاریداوه سیستمى لهیزهرى دژه درۆن لهڕۆژههڵاتى ناوهڕاست دابنێتو بۆ ئهو مهبهستهش ڕێكهوتنى لهگهڵ چهند كۆمپانیایهك كردوه.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشكرایكردوه، فڕۆکەیەکی بارهەڵگری هێزەکانی ئەمریکا لەبنکەی عومەر لەدەوروبەری دێرەزور دابەزیوەو سیستەمی پێشکەوتوی بەرگریی ئاسمانی لەبنکەکەدا جێگیرکردوە.
ڕوانگهكه نوسیویهتى:"لەکاتی دابەزینی فڕۆکەکە گەڕی هاوبەشی سەربازیی لەنێوان هێزەکانی ئەمریکاو هەسەدە لەدەوروبەری بنکەکە ئەنجامدراوە، هاوکات هاوپەیمانی نێودەوڵەتی 40 بارهەڵگری چەکو تەقەمەنی ڕەوانەی بنکەکانیان لەتلبێدەر لەباکوری شاری حەسەکە کردوە".
لەلایەکی دیکەوە پێگەی ئینتەرستینگ ئینجینزی ئەمریکی بڵاویكردوهتهوه، بۆ وەڵامدانەوەی ئەگەری هێرشە درۆنیو موشەکییەکانی ئێران، ئەمریکا سیستەمی لەیزەری دژە درۆن لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگیردەکات.
پێگە ئەمریکیەكه نوسیویهتى:"بۆ دروستکردنی لەیزەری دژە درۆن، ئەمریکا لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی بواری دروستکردنی چەک ڕێککەوتنی ئەنجامداوە".
سیستەمی لەیزەری دژە درۆن توانای پارێزگاریکردن لەبنکە سەربازییەکان، ژێرخانەکانو هەروەها ناوچەکانی نیشتەجێبونى هەیە، دەتوانێت لەمەودایەکی دورەوە شوێنی درۆنەکان دیاریبکاتو ڕوبەڕویان ببێتەوە.
هاوكات گۆڤاری فۆربسی ئەمریکی بڵاویکردوهتهوه، هێرشەکەی ئەمدواییەی ئێران کە لەڕێگهی درۆنو موشەکەوە کردیەسەر ئیسرائیل، دەریخست کە ئەمریکا سیستیمی بەرگری موشەکیی “ئێم ئای ئێم 102″پاتریۆتی لەهەرێمی کوردستان جێگیرکردوە.
دەشڵێت، "سیستمەکە یەکێک لەو موشەکە بالیستییەکانی ئێرانی لەسنوری ئیدارەی سۆران خستوەتە خوارەوە، ئەوکارەش لەتوانای فڕۆکەی جەنگی یاخود ئەو سیستمی سی ڕامەدا نییە کە ئەمریکا لەبنکەی هێزەکانی لەهەولێر جێگیریکردوە.
ڕونیشیکردەوە، ئەمریکا ساڵی 2020 دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، سیستمەکەی لەبنکەکەی لەفڕۆکەخانەی هەولێر جێگیرکردبوو، بەڵام دەرکەوت ئەوە کاتی بوەو دیاریش نییە کەی ئەمریکا سەرلەنوێ سیستمەکەی داناوەتەوە.
لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، کورد پێشوازیی لەو هەنگاوەی ئەمریکا دەکات، چونکە تاڕادەیەک دەبێتە گەرەنتی پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، جگە لەوەش کە سودی بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا هەیە، مەودای پاراستنی کایەی ئاسمانیی ویلایەتە یەکگرتوەکان لەناوچەکەدا فراوان دەکات.