حكومەتی زۆرینە پێكدەهێنن
لایەنە شیعییەكان كار بۆ دروستكردنی هاوپەیمانییەكی گەورە لەعێراق دەكەن

عیراق

22/04/2018‌ 1705 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لایەنە شیعییەكان كار بۆ دروستكردنی هاوپەیمانییەكی گەورە لەعێراق دەكەن، بۆ ئەوەی لەدوای هەڵبژاردن حكومەتی زۆرینە پێكبهێنن.

بەپێی رۆژنامەی حەیات، لایەنە شیعییەكان ماوەیەكە دەستیان بەهەوڵێك كردووە، بۆ ئەوەی هاوپەیمانییەی شێوەی هاوپەیمانی نیشتمانی پێكبهێنن، كە لەساڵانی رابردوو پێكیانهێناوە.

هەر بەپێی رۆژنامەكە هاوپەیمانییەكە لەژێر ناوی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكان، یان ناوێكی تر دروستدەكرێت، كە لەزۆرینەی لایەنە شیعییەكان پێكدێت.

رۆژنامەكە باسی لەوەش كردووە، ئامانج لەپێكهێنانی ئەو هاوپەیمانییە، بۆ دروستكردنی زۆرینەیەكی پەرلەمانییە لەعێراق، بۆ ئەوەی دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایار حكومەتی زۆرینە پێكبهێنن.

بڕیارە لە 12ی ئایاری داهاتوو هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرێوەبچێت، كە لایەنە شیعییەكان، ئێستا بەچەند پێكهاتەیەكی جیاواز بەشداری ئەو هەڵبژاردنە دەكەن.

رۆژنامەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، كە لایەنە شیعییەكان دەیانەوێت پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئەو پرسە یەكلابكەنەوەو لەسەر پۆستە سیادییەكان رێككەوتن بكەن.

هـ ـ ح