ڕاگەیەنراوێك لەسەر بێڕێزی‌‌و شكاندنی‌ كەسایەتی‌ كچان‌و ژنانی‌ كاندید

کوردستان

04/05/2018‌ 929 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆمەڵێك كەسایەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیەنراوێك-یان لەسەر بێڕێزی‌‌و شكاندنی‌ كەسایەتی‌ كچان‌و ژنانی‌ كاندید بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بڵاودەكەنەوە.

ددەقی راگەیەنراوەكە:
ئێمە ژمارەیەك لە ئەندامانی‌ پەرلەمان‌و ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌‌و ژمارەیەك لە دەزگای‌ حكومی‌ پەیوەندیدار بە ژیانی‌ كۆمەڵایەتی‌‌و بەرەنگاربوونەوەی‌ توندوتیژی‌‌و ڕێكخراوەكانی‌ بواری‌ داكۆكی‌ لە مافی‌ ژنان‌و پاراستنی‌ مافی‌ مرۆڤ، ئیدانەی‌ ئەو هەڵمەتە شەرمهێنەرە دەكەین كە دەكرێتە سەر كچ‌و ژنانی‌ كاندیدو بەشداری‌ كێبركێی‌ سیاسی‌‌و هێندێك لە پیاوان‌و ژنانی‌ سیاسی لەم ڕۆژانەی‌ هەڵمەتی‌ بانگەشەیەدا بە بێڕێزیكردن‌و شكاندنی‌ كەسایەتییان.

بەڕێزان:
وەك لای‌ هەمووان ڕوونە كە دەستبردن بۆ بڵاوكردنەوەی‌ وێنەو ڤیدیۆی‌ كەسی‌‌و ژیانی‌ تایبەتی‌ هەر كچ‌و ژن‌و پیاوێك، چ ڕاستەقینەو چ دروستكراو، بە پێی‌ یاسا تاوانەو بە پێی‌ دەقەكانی‌ ئاینیش گوناهێكی‌ گەورەیەو بە پێی‌ نەریت‌و كلتوری‌ جوانی‌ كۆمەڵگەكەشمان بێجگە لە نامۆیی‌‌و دووریی‌ لە ڕەوشت‌و بەهای‌ جوانی‌ كوردەواریی‌‌و باووباپیرانمان هیچ شتێكی‌ تر نییە.

بەڕێزان، بە پێی‌ دەقە ئاسمانییەكان‌و پڕەسیپەكانی‌ مافی‌ مرۆڤ‌و یاسا نێوخۆیی‌‌و نێودەوڵەتیەكان، مرۆڤ ڕێزلێگیراوەو پاراستنی‌ كەرامەتی‌ بە یەكێك لە ئامانجە گەورەكان دانراوە، هەربۆیە ناوزڕاندن‌و شكاندنی‌ حورمەتی‌ مرۆڤەكان بە گەورەترین گوناح دێتە ئەژمار، ئەمە بێجگە لەوەی‌ بە پێی‌ یاسا كارێكی‌ لەمجۆرە تاوانەو لە كاتی‌ ئاشكرابوونیدا ئەو كەسانەی‌ بەم كارە نزمە هەڵدەستن‌و ئەوانەشی‌ بەشداردەبن لە بڵاوكردنەوەو ڕەواج پێدانی‌ سزای‌ خۆیان وەردەگرن.

ئێمە بە پێویستی‌ دەزانین داوا لە هاووڵاتیانی‌ خۆشەویست بكەین ڕێگە نەدەن كچان‌و ژنانمان بكرێنە كاڵایەكی‌ سیاسی‌‌و دەزگاو دامەزراوەی‌ ڕەش بە بەرنامە كاربكەن بۆ شكاندنی‌ لیست‌و قەوارەو هێزێكی‌ سیاسی‌، ژنان‌و كچان‌و تەنانەت پیاوانی‌ سیاسیش بكەنە قوربانی‌، بۆیە پێویستە:
1ـ هاووڵاتیان خۆیان بە دوور بگرن لەوەی‌ بە نەزانی‌ دەستاودەست بەم جۆرە بێڕێزییە بكەن بە بڵاوكردنەوەی‌ وێنەو ڤیدیۆو بەشداریكردن لە زۆربوونی‌ بینەرەكانیان.
2ـ داوا لە داواكاری‌ گشتی‌‌و دامەزراوەكانی‌ پۆلیس‌و ئاسایش دەكەین دڵسۆزانە هەوڵی‌ خۆیان بخەنە گەڕ بۆ بڕینی‌ ئەو دەستانەی‌ كە هەڕەشە لە ئاشتی‌ كۆمەڵایەتیمان دەكەن بە شكاندنی‌ شكۆو ڕێزی‌ كچان‌و ژنانمان‌و دەیانەوێت سیمای‌ میللەتەكەمان لە پێشچاوی‌ جیهان‌و ئەو لایەنانە لەكەدار بكەن كە چاودێری‌ ژیانی‌ سیاسیمان دەكەن بە تایبەت لە پرۆسەكانی‌ هەڵبژاردندا.
3ـ داوا لە مامۆستایانی‌ ئاینی‌ بەڕێزو چالاكەوانانی‌ مەدەنی‌‌و كارایانی‌ بواری‌ سیاسی‌‌و ڕۆژنامەنووسی‌‌و بەشدارانی‌ تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەكەین هەڵمەتێك لە دژی‌ ئەم ڕەفتارە ناشیرین‌و دزێوە بەرپا بكەن‌و بەشداربن لە سەركۆنە كردنی‌ ئەم دیاردە دزێوە‌و ڕێگە نەدەن ئاشتی‌ كۆمەڵایەتی لە كۆمەڵگەماندا ڕووبەڕووی‌ مەترسی‌ بكرێتەوە‌و كچان‌و ژنانمان بپارێزین لە دەستە چەپەڵەكان كە دەیانەوێت ژیانی‌ كۆمەڵایەتیمان تێك بدەن.
4ـ داوا لە حزبە سیاسییەكان دەكەین بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ڕۆژانی‌ بانگەشەدا بكەن‌و ئاست‌و شێوازی‌ بانگەشە بۆ لیستەكانیان بەرزبكەنەوە بۆ ئاستێك كە ڕووی‌ گەش‌و شارستانیانەی‌ گەلەكەمان پیشانبدات‌و خۆیان‌و كاندیدەكانیان دووربكەنەوە لە هەر شێوازێكی‌ بانگەشە كە گرفت بۆ ئاشتی‌ كۆمەڵایەتی‌‌و پێكەوە ژیان دروست بكات لە كوردستان.

بەڵێ‌ بۆ پیرۆزی‌ ڕێزو كەرامەتی‌ مرۆڤ‌و نەخێر بۆ دیاردەی‌ دزێوی‌ ئابڕوبردن‌و ناوزڕاندن‌و شكاندنی‌ كەسایەتی‌ مرۆڤ
3ی‌ 5ی‌ 2018 – سلێمانی‌

ناوی‌ لایەن‌و دەزگاو كەسایەتیە بەشداربووەكانی‌ ئەم ڕاگەیەنراوە:
1. گەشە دارا حەفید/ سەرۆكی‌ لیژنەی‌ كاروباری‌ كۆمەڵایەتی‌ لە پەرلەمانی‌ كوردستان.
2. سۆران عومەر/ سەرۆكی‌ لیژنەی‌ مافی‌ مرۆڤ لە پەرلەمانی‌ كوردستان.
3. تەلار لەتیف/ ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان.
4. ئەبوبەكر هەڵەدنی‌/ ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان.
5. عەلی‌ حەمەساڵح/ ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان.
6. پەروین حەسەن/ ئەندامی‌ ئەنجومەنی‌ باڵای‌ خانمان 
7. بابەكر دڕەیی‌/ بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ ڕۆشنبیریی‌‌و هونەری‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌.
8. ئاڤان جەمال/ ئەندام ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ – یەكێتی‌.
9. نیاز ئەحمەد حەمەلاو/ ئەندامی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ – یەكێتی‌.
10. زیاد كاكە ڕەزا/ ئەندامی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ – پارتی‌.
11. فەرەیدون غەریب/ بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ ئەوقافی‌ سلێمانی‌.
12. سەركەوت عومەر/ بەڕێوەبەری‌ بەرەنگاربوونەوەی‌ توندوتیژی‌ خێزانی‌ لە سلێمانی‌.
13. شنۆ عەبدوڵڵا/ ڕێكخراوی‌ خوشكانی‌ ئیسلامی‌ كوردستان – كۆمەڵ.
14. گوڵستان سەعید موحەممەد/ ئەندامی‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ گۆڕان.
15. ڕووناك موحەممەد عەبدولكەریم/ ڕێكخراوی‌ یەكگرتووی‌ خوشكانی‌ ئیسلامی‌ كوردستان.
16. میدیا شێخ ئەحمەد/ ئەندامی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ – كۆمەڵ.
17. ئالان بەرزنجی‌/ ئەندامی‌ ئەنجومەنی‌ گشتی‌ هاوپەیمانی‌ بۆ دیموكراسی‌‌و دادپەروەری‌.
18. نەجمەدین قادر/ یەكێتی‌ زانایانی‌ ئاینی‌ كوردستان – لقی‌ سلێمانی‌.
19. ئارام جەمال/ ناوەندی‌ كوردی‌ بۆ هەڵبژاردن.
20. عومەر گوڵپی‌/ بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ چاودێری‌‌و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ سلێمانی‌.
كۆتایی‌