بەڕێوەبەری سووتەمەنیی هەولێر: بەغدا نەوت و بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان ڕەوانە دەكات

کوردستان

12/08/2018‌ 859 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەڕێوەبەری سووتەمەنی هەولێر رایگەیاند، بڕیارە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا بەغدا وەجبەی سێیەمی بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان ڕەوانە بكات و لەگەڵ بەنزین نەوتی سپیش ڕەوانە دەكرێت، هەركاتێك بگات بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەكرێت.

مستەفا تەها، بەڕێوەبەری سووتەمەنیی هەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی راگەیاندووە، پێش چەند ڕۆژێك بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق سەردانی هەولێری كرد و لەگەڵ پارێزگاری هەولێر كۆ بووەوە و بەڵێنیشی داوە كە ناردنی بەنزین و نەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، "بڕیارە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا وەجبەی سێیەمی بەنزین ڕەوانە بكرێت، كە بۆ هەولێر 2 ملیۆن لیتر و دهۆكیش یەك ملیۆن لیتر دەبێت و سلێمانیش دوو ملیۆنە بەڵام خۆیان وەریناگرن، و هەركاتێك بگات‌ بەسەر تاكسییەكاندا دابەشی دەكەن، چونكە بڕەكە كەمە و بەشی هەموو ئۆتۆمبێلەكان ناكات."

مستەفا تەها وتیشی، "ئێمە داوامان كردووە بەردەوام بێت و هەركاتێك زانیمان بەردەوام دەبێت ئەوكات بەسەر هەموو ئۆتۆمبێلەكاندا دابەشی دەكەین و ئومێدمان هەیە بە هەوڵەكانی پارێزگاری هەولێر، حكوومەتی عێراق بەردەوام بێت لە ناردنی سووتەمەنی بۆ هەرێمی كوردستان."

باسی لەوەشكرد، "بڕیارە لەگەڵ وەجبەی سێیەمی بەنزین دەست بە ناردنی نەوتی سپیش بكرێت، ڕۆژانە پێنج تەنكەر بۆ ئێمە ڕەوانە بكرێت و هەركاتێك گەیشتە دەستمان لە ناوچە شاخاوییەكان دەست به ‌دابەشكردنی دەكەین، كە ڕەنگە نرخەكەیشی به ‌هەمان نرخی ساڵی ڕابردوو بێت، كە بەرمیلێك نەوت 216 لیتره و‌ به ‌51 هەزار دینار بێت".
ه.م