حیزب و حکومەت بەرەو کوێ؟

بیروڕا

20/09/2018‌ 541 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بەشی یەکەم


لە تەمەنی 35 ساڵی ئەزموونم لە کایکانی کولتوری و سیاسەت و کاری ڕیکخراویەدا، ئەوەندەی ئێستام بە پێویست نەزانیوە کە ئاوڕێکی جدی لە تەواوی کۆی هێل و بازنەکانی حیزب و سیاسەت و حکومەتداری (هەرێمی کوردستان)، بدرێتەوە.


سەرەتا ئایا حیزبەکان کێن و چین و چۆنن؟، بە چ پێوەرێکی فکری و ئایدیۆلۆژی پۆلێن ئەکرێن، بە سەنگ و بەهای کلاسیک یا مۆدێرن پێوانە ئەکرێن؟. ئایا لەسەردەمی دەستکەوتە زێڕینەکانی خۆیاندا ئەژین، یان لە سەردەمی ئێستا؟.


لە چ زمان و زەمینەیەک و قۆناغیکدا سەریان هەڵداوە و لە کام گێڵگەدا تەراتێن ئەکەن، لە کوێ و بەچی دەستیان پیێکرد و بە چی بەردەوامن و بە چی گەیشتون.


شەڕ و ناکۆکی و ململانێ و کیشمەکێش و شیروتیر و جیاوازییەکانیان، لە چیدایە و چۆن بەڕێوەیانبردوە، لە کۆتاییدا تائێستاش هەر تۆخ و قوڵن، یاخود کاڵ و تەنکن؟.


ئەمانە و دەیان پرسیاری جدی و چاوتیژی کە ئەبوایە شیکردنەوە و ناساندنێکی ئەکادیمی و مێژوییان لە لایەن پسپۆران و ئەکادمیستان لە بەردەستماندا بوایە،،ئەمە نەک هەر نییە، ئەوەشی وەک ڕۆژژمێر نوسراوەتەوە تەنیا شیرینی دۆکەی خۆیان و ترشی دۆکەی ئەوانی تر.


بە داخەوە هەموو ئەو نوسەران و بەناو ڕۆشنبیر و چاودێرانەش، تەنیا تەشی ڕۆژانە و ڕوداوەکانیان ڕستوە و هەویری ڕۆژیان داوە بە ساجی ڕوداوەکاندا.


ئەگەر میللەتی کورد یا بە سەردەمیانە بڵێم هاوڵاتیانی کوردستان، ئەگەر لەسەردەمێكی شۆڕشی ڕزگاریخوازدا، حیزبیان بە ئامانج زانیوە و تەنانەت وەک نەتەوە و خێڵ مامەڵەیان لەگەڵ کردووە، مانەوەی خۆیان و میللەتەکەیان بە دامەزراوەیی حیزبەکەیان زانیوە، وای لێهاتبوو کە کۆمەڵگە و کولتور و تەنانەت میللەتیشیان کردبووە و ئەکەنە قوربانیی حیزب و سەرۆکەکەی.


ئەی باشە تا ئێستاش هەر وایە؟، یا حیزب کەرەسەیە و ئامرازە بۆ ئامانجێکی دیاریکراو بۆ هاوڵاتی؟.
ئایا لە قۆناغی شۆڕشداین و سەپاندنی شەرعییەتی شۆڕشگێری حیزبداین، وەک ئەوەی سەددام حسێن و حیزبی بەعس(مجلس القیادە الپورە)  کە 35 ساڵ دریژەی کێشا و تا مردنی خۆی  و حیزبەکەی هەر بەردەوام بوو، یا وەک ئەوەی ستالین و بەلشەفییەکان، کە دەیان ملێۆن کرانە قوربانی حیزب و ئایدۆلۆژییەکەیان، و 70 ساڵ یەکێتییەکی پوشەڵی سۆڤییەتیان بەڕێکرد؟


کردنی حیزب بە دەزگایەکی داهات و داپڵۆسین، کردنی حیزب بە ئامانج و ستراتیژی نەتەوەیەک، پیرۆزکردنی حیزب و سەرۆک و سەرکردەکانیان، تا ئێستا بەردەوامە یاخود ماوە و بە نهێنی پەیڕەو ئەکرێت؟.
باوەڕی نەتەوەیی، نیشتمانیی و ئایدیۆلۆژی بە بناغەی بیروباوەڕی حیزبەکان
دائەنران، سۆسیالیست و دیموکراتیست، پۆشاکی باڵای حیزب بوون.


ئەی ئێستا کە ئایین ئەکرێتە بەرگی حیزب، ئایا حیزب بە ئایین کراوە، یا ئایین بە حیزب؟، ئەی ئەگەر وایە بۆ چەندین بزوتنەوە و حیزبی ئایینی هەیە؟ ئەگەر ئیسلام یەکە، بۆ حیزبەی سیانن؟. ئەی چی لە ڕێبازەکانی لیبرالیزم و پۆست مۆدێرێنە و سەوز، ژینگەپارێز، ئاژەڵپارێز و شارەوانی و هەرێمەکان کراوە، ئایا حیزبی کوردی هەیە بە ڕونی و بلوریانە (شەفافانە) بە هاوڵاتیان بڵێت؛ چ چەشنیکن و چ ڕەنگ و بۆیەکن، و خاڵبەندی دوو یا سێ ئامانجی کۆنکرێتی خۆیان بکەن؟. یا لێدانەوەی قەوانە کۆن و ڕابردووە قوربانیدەرەکەی و پیرۆزڕاگرتنی سەرۆک و بەرزڕاگرتنی خۆیان و چیرۆکە دێرینەکانیانن؟.


ئەمانە حیزبن بۆ شۆڕشی چەکداری دامەزراون، بە هەمان عەقڵی کوشتن و هەڕەشە و زمانبڕین و پەنجەبرێن چالاکن، یا حیزبن بۆ گرتنی دەستەڵاتی هەرێمێکی ستەمدیدەی وەک کوردستان، لە قۆناغی دیموکراسی و بە ململانییەکی سەردەمیانە بە ڕێگەی هەڵبژاردن، لە چالاکی سیاسییدان؟.


کۆتایی بەشی یەکەم

دانا هەڵەبجەیی