داوای راگرتنی بەرنامەی سیخوڕیكردن بەسەر ژنانی سعودییەوە دەكرێت

جیهان

14/02/2019‌ 1145 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
داوا لەكۆمپانیای ئەپڵ و گوگڵی ئەمریكی دەكرێت ئەو بەرنامە ئەلكترۆنییە ڕابگرن، كە سیخوڕی بەسەر گەشتی ئافرەتان لە سعودییە دەكات.

سیناتۆر ڕۆن وایدن داوا لەبەڕێوبەرانی ئەپڵ و گوگڵ كردووە، بە زووترین كات بوەستن لەپێشكەشكردنی ئەو بەرنامە ئەلكترۆنییەی حكومەتی سعودییە، كە ڕێگە بە پیاوان دەدات چاودێری و كۆنترۆڵی جووڵەی ئافرەتەكانیانی پێبكەن. 

ئەو سیناتۆرە لەنامەیەكیدا كە ناردوویەتی بۆ دوو كۆمپانیا گەورەكە، وایدن هانی دان، كە نەهێڵن ماڵپەڕەكانیان لە لایەن حكومەتی سعودییەوە بۆ كارێك، كە بە قێزەون و ڕێگری لەئازادی ئافرەتانی وەسف كردووە بەكاربهێنرێت.

هەروەها ڕێكخراوانی مافی مرۆڤ بە هەمان شێوە داوا دەكەن ئەپڵ و گوگڵ ئەو توندوتیژی‌و جیاكاریانەیان بەرچاو بێت، كە ئەو بەرنامە ئەلكترۆنییە دەبێتە هۆكاری. 

ئەبشەر، ئەو بەرنامەیەیە، كە لە ماڵپەڕی گوگڵ پلەی و ئەپڵ ستۆر بەردەستەو وەكو دەروازەیەك بۆ كاروباری حكومەت لەئینتەرنێتەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆی سعودییە ئامادەكراوەو ڕێگە بە هاوڵاتیان دەدات بچێتەوە بەسەر ڕێكارەكانی بەدەستهێنانی پاسپۆرت و بەڵگەنامەی لەدایكبوون و تۆماركردنی ئۆتۆمۆبیلدا.

بەوتەی ڕێكخراوەكانی پاراستنی مافی مرۆڤ بەرنامەكە سیستەمی چاودێری پیاوسالاری سعودییە پەیڕەو دەكات.

تا ئێستا نایاساییە بۆ ئافرەتان لە سعودییە، كە گەشت بكەن بە بێ ئەوەی مۆڵەت لەو پیاوانە وەربگرن، كە بە چاودێریان دانراون.

بە پێی لێكۆڵەرێكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ناوی ئادەم كوگڵ، لە ژێر ئەو سیستەمە یاساییەدا، ئافرەتان پێویستیان بەڕەزامەندی چاودێرەكانیاینە، كە كەسێكی نزیكی نێرینەیە، بۆ ژمارەیەك بڕیار و كردار، لەوانە هاوسەرگیری و كاركردن لەگەڵ كومپانیای تایبەت و چەند خزمەتگوزارییەكی تەندروستی و بەربوون لە بەندیخانە. 

هەروەها لەرێی ئەو بەرنامەیەوە، پیاوانی سعودییە دەتوانن ڕیگری لەگەشتی ئافرەتان بكەن، یان ئاڕاستەكانیان بەرتەسك بكەنەوەو دەتوانن بە دیاریكراوی كات و ئاڕاستەی ئەو گەشتانەیان بۆ دابنێن، كە ڕێگەیان دراوە.

ماڵپەڕی ”Business Insider“ هەفتەی پێشوو ڕاپۆرتێكی لەم بارەیەوە كردووەو ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی-یش، لە وتەیەكیاندا بۆ واشینتۆن پۆست ڕۆژی رایانگەیاند داوا لە ئەپڵ و گوگڵ دەكەین، كە زیان و ئەگەرەكانی شكاندنی مافەكانی سەربەخۆیی مرۆڤ لەبەرچاو بگرن، كە ئەو بەرنامەیە هەیەتی لەسەر ئافرەتان. 

هەروەها، بەكارهێنانی بەرنامەی ئەبشەر بۆ سیخوڕیكردن بەسەر جووڵەی ئافرەتان ئەو ڕاستیانە دەردەخات، كە ئافرەتان چەندە ستەم و جیاكاریان لە دژ دەكرێت لە سیستەمێكی پیاوسالاری وەكو سعودییە و چەندە پێویستە مافەكانی مرۆڤ زیاتر بچەسپێنرێن لەو وڵاتانەی هاوشێوەی سعودیەن، نەك تەنها پێداچونەوە بە لایەنە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكاندا بكرێت. 

كونسوڵخانەی سعودیە لەواشنتن وەڵامی نەبوو لە كاتی داواكردنی وتە لێیان‌و كۆمپانیای ئەپڵیش دەریناخات، كە چەند كەس بەرنامەكەیان دابەزاندووە، بەڵام بە پێی ماڵپەڕی بەرنامەكانی گوگڵ زیاتر لە ملیۆنێك دابەزاندنی هەیەو لە ماڵپەڕی وەزارەتی ناوخۆی سعودیە نوسراوەكە بەرنامەكە زیاتر لە یانزە ملیۆن بەكارهێنەری هەیە.

لە تێبینیەكانی بەرنامەكەدا لە هەردوو ماڵپەڕی ئەپڵ و گوگڵ نووسراوە، كە بەرنامەكە گرنگی زۆر بە پارستننی زانیاری بەكارهێنەرانی دەدات بۆ ئەوەی بە سەلامەتی بە پەڕەی تایبەتی خۆت و خێزانەكەت و كارمەندەكانت دا بگەڕێیت و چەندین خزمەتگوزاری لە ڕیێ ئینتەرنێتەوە پێشكەش دەكات.

ئەپڵ وگوگڵ لە ئێستادا وتەی خۆیان نەداوە لەسەر بەرنامەكە، كوگڵیش، ئەندامی ڕێكخراوی جیهانی چاودێری مافەكانی مرۆڤ، جەختی لەوە كردەوە، كە بەرنامەكە لە لایەن حكومەتی سعودیەوە بەكاردەهێنرێت بۆ جیاكاری دژی ئافرەتان، بۆیە ئەو لایەنانەی بەرنامەكە بەردەستدەخەن پێویستە ڕێگری بكەن لە خراپ بەكارهێنانی و پێویستە حكومەتی سعودیەش یاساكانی بگۆڕێ.

ئەو گرنگییە زۆرەی بۆ ئەو بابەتە بەدی دەكرێت لە دوای هەڵاتنی هەرزەكارە سعودییەكە، ڕەهاف محەمەد، دێت كە لە كەنەدا مافی پەنابەری درا پێی و ڕەخنەكانی سعودیە لەسەر ئەو وڵاتە بۆ پاراستنی ئەو هەرزەكارە.

وەرگێڕان: دیلان عومەر