شكستی دۆناڵد ترامپ پێش كۆبوونەوەی لوتكەی وارشۆ

جیهان

14/02/2019‌ 1078 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەرگیران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
زیاتر لە ٤٠ وڵات لەرۆژی چوار شەممەوە دەستیان كردووە بەكارەكانی كۆنگرەی وارشۆ بۆ ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە وابڕیارە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوامبێت‌و دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكاش هەموو قورسایی خۆی خستووەتە سەر گرێدانی ئەو كۆنگرەیە.

دۆناڵد ترامپ هەرچەندە خۆی بەشداری لەو كۆنگرەیەدا  ناكات ، بەڵكو وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا راسپاردووە، بۆ ئەركی سەرۆكایەتیكردنی كۆنگرەكەی گرتووەتە ئەستۆ، كە لەو گۆنگرەیەدا دوو تەوەری سەرەكی گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت، تەوەری یەكەمیان بریتییە لەدروستكردنی كۆدەنگی لەنیوان زۆرترین دەوڵەت  دژ بەئێران ، تەوەری دووەمیش خستنەرووی تێروانینی ئەمەریكا بۆ چارەسەركردنی كیشەی رۆژهەڵاتی ناوەراست  لەنیوان ئیسرائیل و فەلەستینییەكان‌و ئاشكراكردنی هەندێك لایەنی ئەوەی، كە ناسراوە بە "مامەڵەی  سەدە"، بەڵام دەسەڵاتی فەلەستینی بایكۆتی كۆنگرەكەی كردو  كۆنگرەكەی بەوە وەسفكرد، كە ئەوە 'پلانگیڕی ئەمەریكا"یە ، كە دەیانەوێت دۆسیەی فەلەستین بەو جۆرە یەكلابكەنەوە كە خۆیان دەیانەوێت . 

هەروەك  حكومەتی فەلەستین  راشیگەیاند،  ئامادە نین هیچ گفتوگۆیەك لەگەڵ وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بكەن ، مادام ئەوان بەردەوام بن لەسەر پەیرەوكردنی سیاسەتێكی ناهاوسەنگ لە ناوچەكە .

لەلایەكی ترەوە ، مەلیك سەلمانی پادشای سعودییە ، لەمیانی پێشوازیكردنی لە مەحمود عەباسی سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستینی ، كە لەگەشتێكی دوو رۆژە لە ریازە وتی: هەمیشە شانشینی سعودیە پاڵپشتی دەوڵەتی فەلەستینی كردووە، كە پایتەختەكەی قودس بێت، بەڵام رۆژناكەكانی سعودییە رەخنەیان لەو بایكۆتەی دەسەڵاتی فەلەستینی  بۆ كۆنگرەی وارشۆ گرت .

یەكەم جار مەبەست لەگرێدانی ئەو كۆنگرەیە  بەئامانجگرتنی ئێران بوو ، بەڵام پاشەكشەی هەندێك لایەن لە كۆنگرەكە، وای لە واشنتۆن كرد باس لەپێویستی چارەسەركردنی كیشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەگشتی  بكات ، بەڵام ئەم گۆڕانكارییە نەبووە هۆی گۆڕینی هەڵویستی ئەوانەی نەیانویست بەشداری بكەن ، بەجۆرێك مۆسكۆ بەشداری نەكرد، بەشێكی زۆری وڵاتانی ئەوروپایی لەسەر ئاستی بالیۆزی وڵاتەكانیان بەشدارییان لەكۆنگرەكەدا كرد. 

فیدریكا مۆگرینی ، بەرپرسی پەیوەندییە دەرەكییەكانی یەكێتی ئەوروپا بەپاساوی بوونی پابەندی بە ڕێكەوتنەكانی پیشووترەوە وتی: بەشداری ناكات .

هاوكات لەگەڵ كۆنگرەكە حەسەن روحانی سەرۆكی ئێران سەردانی مۆسكۆی كرد ، كە لە هاوینەهەواری سوچی لەگەل ڤلادیمیر پۆتینی سەرۆكی روسیا و هاوتا توركییەكەی رەجەب تەییب ئەردۆغان بۆ گفتوگۆ كردن دەربارەی رەوشی سوریا كۆدەبێتەوە .

دیپلۆماتكارە ئەوروپییەكان دەڵێن سەرۆكی ئەمریكا، بۆیە پۆلەندای بۆ كۆنگرەكە هەڵبژاردووە ، تا هانی ئەو وڵاتە لە شەڕە دیبلۆماسییەكەی بدات دژ بە یەكێتی ئەوروپا ، هەرچەندە پۆڵەندا پارێزگاری لەپێگەی خۆی دەكات لەناو یەكێتییەكەدا .

بەهەر حاڵ ، بەشێكی زۆر لەچاودێران پرسیاری ئەوە دەكەن، كە  بەشداربووانی كۆنگرەكە ، بەو پێكهاتەی ئێستای‌و لەژێر ئەو بارودۆخەی دەوری كارەكانی كۆنگرەكەی داوە، چۆن دەتوانن بڕیار و هەڵوێستی كاریگەر وەربگرن ، جا ئەو هەڵویست و بڕیارە پەیوەست بێت بەكیشەی فەلەستین یاخود بە ئێران.