یەكێتی‌و كۆمەڵ جەخت لەهەماهەنگی لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت دەكەنەوە

کوردستان

14/02/2019‌ 811 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی ‌و كۆمەڵی ئیسلامی جەختیان لەهەمانگی لایەنەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان كردەوە.

ئەو هەڵوێستەی كۆمەڵ‌و یەكێتی ئەمڕۆ پێنج شەممە لەدوای كۆبوونەوەیەكی شاندی باڵای هەردوو حیزب هات، كە لەشاری سلێمانی كۆبوونەوەو دوای كۆبوونەوەكەش سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی‌و رێبوار حەمەد وتەبێژی كۆمەڵ لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی قسەیان بۆ میدیاكان كرد.

لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا سەعدی پیرە وتی: هەردوولا هاوهەڵێست بوون، كە دەبێت حكومەتی هەرێم بە بەشداری ئەو لایەنانەی خواستی بەشدارییان هەیە، پێكبهێنرێت‌و مافی هەموو لایەكیشی تێدا بپارێزرێت.

سەعدی پیرە وتیشی: حكومەتی هەرێم دەبێت خزمەتكاری خەڵكی بێت‌و لەداهاتووش داهاتەكەی بخاتە خزمەتی ئاوەدنكردنەوەو خەڵكی هەرێمی كوردستان.

هەروەها رێبوار حەمەد، لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكە وتی: ئێمە لەگەڵ پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێزین لەهەرێمی كوردستان، جا بەشداری تێدا بكەین، یان لەدەرەوەی حكومەتەكە بین.

وتیشی: وەك كۆمەڵ بڕیاری یەكلاكەرەوەیان لەبارەی بەشداری، یان نەكردنی حكومەتیان نەداوەو ئەوەش دەمێنێتەوە سەر ئەنجامی گفتوگۆكانی نێوان لایەنەكان، بەتایبەتی كۆبوونەوەكانی شاندی كۆمەڵ لەگەڵ پارتی دیموكرات.

هـ ـ ح