٢ ئەندامی سوپای قودس بە ١٥ ساڵ زیندانی سزادران

جیهان

17/03/2019‌ 410 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دادگای باڵای کینیا سزای ١٥ ساڵ زیندانی بۆ دوو ئەندامی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانی دەرکرد، کە ساڵی ٢٠١٣ بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ کاری تیرۆریستی لەو وڵاتە دەستگیرکرابوون.

دوێنێ ماڵپەڕی کینیایی "The Star" ئاشکرایکرد "دوو کەس بەناوەکانی 'ئەحمەد ئەبولفەتحی محەمەد' و 'سەید مەنسور موسەوی' کە ساڵی ٢٠١٣ لە کینیا بە تاوانی هەوڵدان بۆ کاری تیرۆریستی لە لایەن داگاوە بە زیندانی هەتاهەتایی سزا درابوون، لە دادگای باڵای کینیا سزاکەیان گوڕدراوە بە ١٥ ساڵ زیندان بۆ هەریەکە لەو کەسانە".

بەوپێیە ئەو دوو ئەندامەی سوپای قودسی ئێران دەبێت تا ١٠ ساڵی دیکە لەزیندانی "کامتی" وڵاتی کینیا بمێننەوە و دوای ئەوە لەو وڵاتە دەردەکرێن و دەگەڕێندرێنەوە بۆ ئێران.

کاربەدەستانی ئاسایشی کینیا مانگی شوبات، "هادی فەرجوەند"باڵیۆزی ئێرانیان لە کینیا تۆمەتبارکرد بە هەوڵدان بۆ هەڵهاتنی ئەو دوو تاوانبارانە لە زیندان و بردنەدەرەوەی نایاساییان لە ولاتی کینیا، پۆلیسی کینیاش دوو کەسی کینیایی دەستگیرکردبوو کە پارەیان لە باڵیۆزی ئێران وەگرتبوو بۆ یارمەرتیدانی باڵیۆزی ئێران بۆ هەڵهاتنی ئەو کەسانە.

لەبەرامبەردا ئێران ڕەتیدەکاتەوە کە هەوڵیدابێت ئەو دوو ئەندامەی سوپای قودس بە شێوەیەکی نایاسایی لە کینیا بباتە دەرەوە.

کاربەدەستانی کینیا جەخت لەوە دەکەنەوە، کە 'ئەحمەد ئەبولفەتحی محەمەد' و 'سەید مەنسور موسەوی' لە ئەندامانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانن و ئەرکێکی شاراوەی دەرەوەی وڵاتیان پێسپێردراوە، دانپێدانانی ئەم دوو کەسە دوای ئەوەی حوزەیرانی ٢٠١٢ دەستگیرکران، بووە هۆی دۆزینەوەی ١٥ کێلۆ ماددەی تەقینەوە، بەڵام ٨٥ کێلۆی دیکە لەم ماددەیە کە هاوردەی کینیا کرابوو نەدۆزرایەوە.

کینیا کە هاوپەیمانی سەرەکی ئیسرائیلە لە کیشوەری ئەفریقا، ساڵی ٢٠١٥ـەش ڕایگەیاند، کە تۆڕێکی تیرۆریستی ئێرانی کە خەریکی پلانداڕشتن بۆ چەند هێرشێکی تیرۆریستی بوون لەناو بردووە، هەروەها حوزەیرانی ٢٠١٨ـەش پۆلیسی ئینتەرپۆل هۆشداریی دا کە کاربەدەستانی ئێران هەوڵدەدەن بە دزەکردن لەناو دەزگا دەوڵەتیەکانی کینیا ئەو دوو تاوانبارە ئازاد بکەن.

سەرچاوە: ڕۆژنیوز