عادل عەبدولمەھدی گەیشتە سعودیە و لەلایەن شا سەلمان-ەوە پێشوازی لێکرا

عیراق

17/04/2019‌ 857 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عادل عەبدولمەھدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای عێراق گەیشتە سعودیە و  لەلایەن شا سەلمان، پادشای سعودیەوە پێشوازی لێکرا.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، عادل عەبدولمەھدی بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا بەغدا-ی پایتەختی جێھێشتووە و دوای گەیشتنی بە ریاز لەلایەن شا سەلمان، پادشای سعودیەوە پێشوازی لێکراوە.

دوێنێ سێشەممە، عادل عەبدولمەھدی رایگەیاندبوو، کە عێراق لە بەردەم گۆڕانکارییەکی گەورەدایە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیەدا.

ئاماژەی بەوەشدابوو، ھەموو لایەک ئاگادارە لەو سەردانەی کە بۆ سعودیە ئەنجامی دەدات، چاوەڕانیش دەکرێت لە چوارچێوەی سەردانەکەی عادل عەبدولمەھدی بۆ سعودیە کە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت، 13 رێککەوتنی ھاوکاری لە نێوان ھەردوو وڵاتدا واژۆ بکرێت.

بەپێی راگەیەندراوەکەی نوسینگەی سەرۆک وەزیران، 11 وەزیر و 68 بەرپرسی حکومەتی عێراق و 70 بازرگان یاوەری عادل عەبدولمەھدی دەکەن.
ه.م