ڤیتۆی ترامپ دوا ئومێدی تورکیایە بۆ دەرباز بوون لەگەمارۆکانی ئەمەریکا

جیهان

17/04/2019‌ 1894 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا رایەگەیاند کە وڵاتەکەی پێشبینی دەکات کە لەحاڵەتی کڕینی سیستەمی بەرگری ئێس ٤٠٠ی رووسی ئەوە دۆناڵد ترامپی سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ بەخشینی تورکیا لە سزادانی لەلایەن کۆنگێسەوە ڤیتۆ بەکاربهێنێت.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەڕەشەی ئەوەی لە تورکیا کردووە ئەگەر بێت و مامەڵەکەی لەگەڵ رووسیا تەواو بکات ئەوە رووبەرووی سزادان دەبێتەوە، بەڵام ئەنقەرە دەڵێت نابێت کڕینی ئەو سیستەمە ببێتە هۆی سزادانمان چونکە ئێمە قەرزداری واشنتۆن نین و تائیستاش بەرپرسیارێتیمان هەیە بەرانبەر بە هاوپەیمانی ناتۆ.

ئیبراهیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا گوتی "ئەگەر بێت و شتەکە بەو جۆرە بوو کۆنگرێس سزای بەسەر تورکیادا سەپاند،  ئەوە لەوکاتەدا چاوەڕێی ئەوە لە دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمەریکا دەکەین دەسەڵاتەکانی خۆی بەکاربهێنێت بۆ رەتکردنەوەی ئەوە ".

بەرپرسانی واشنتۆن کڕینی سیستەمی مووشەکی ئێس ٤٠٠ی رووسی بە گرێکوێرەی گەورەی پەیوەندییەکانی نێوان خۆیان و ئەنقەرە دەزانن و پێیان وایە ئەو سیستەمە هەڕەشە لە فرۆکەکانی جۆری ئێف ٣٥ی دەکات کە کۆمپانیای لۆکهید مارتنی ئەمەریکی بەرهەمیان دەهێنێت.

تورکیاش رەتیکردۆتەوە بەهیچ جۆرێک دەستبەرداری ئەو گرێبەستەی بێت لەگەڵ رووسیا.

وەرگێران:  ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی