سەفین دزەیی: به‌غدا واژۆی لەسەر ناردنی مووچەی پێشمەرگە كردووە

کوردستان

02/05/2019‌ 608 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەفین دزەیی، وتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ده‌ڵێت، حكومه‌تی عێراق واژۆی لەسەر ناردنی مووچەی پێشمەرگە كردووە.

سەفین دزەیی، وتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان به‌میدیاكانی پارتی راگه‌یاندووه‌، "به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنی ‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، ده‌بێت حكوومه‌تی فیدراڵ 525 ملیار دینار وه‌ك مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بنێرێت".

راشیگه‌یاندووه‌، "تا ئێستاش 460 ملیار گه‌یشتووه‌ته‌ هه‌رێم و نزیكه‌ی 68 ملیار دینار ماوه‌، كه‌ پێویسته‌ بۆ مووچه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بنێردرێت".

وته‌بێژی حكوومه‌تی هه‌رێم نه‌یشارده‌وه‌، كه‌ له‌ دوو مانگی رابردووشدا به‌غدا ته‌نیا 460 ملیاره‌كه‌ی ناردووه‌، به‌ڵام ئێستا باس له‌وه‌ ده‌كرێت، به‌غدا ئه‌و 68 ملیاره‌ش ره‌وانه‌ بكات، به‌ ناردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ش، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ مووچه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، بارگرانی سه‌ر شانی حكوومه‌تی هه‌رێم كه‌متر ده‌بێته‌وه‌.