تۆڕی بەرگری ئەمەریكی هۆكاری دەركەوتنی بەغدادی ئاشكرادەكات

جیهان

04/05/2019‌ 1023 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تۆڕی بەرگری ئەمەریكی، كە تایبەتە بە هەواڵی سەربازی، هۆكاری دەركەوتنی ئەبوبەكر بەغدادی رێبەری رێكخراوی تیرۆریستی داعش باس دەكات ، كە دوای نزیكەی پێنج ساڵ دیارنەبوون لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا دووبارە دەركەوتەوە.

تۆڕەكە لە ڕاپۆرتێكیدا رایگەیاندووە، ئەبوبەكر بەغدادی هەروەكو چۆن ساڵی ٢٠١٤ لە مزگەوتی نووری خەلافەتی داعشی راگەیاند ، ئێستاش دەیەوێت شكستەكان قبووڵ بكات‌و دووبارە خەلافەت رابگەیەنێتەوە ، بەڵام بەشێوەیەكی جیاوازتر لەوەی پێشوو.

تۆڕەكە راشیگەیاند، كاتێك بەغدادی بڕیارێكی ترسناكی ئەوها دەدات بەوەی لەگرتەیەكی ڤیدیۆیی لەو شێوەیەدا دەربكەوێت ، دەبێت بەلای ئەوەوە سوودەكانی ئەو دەركەوتنە لەمەترسییەكانی زیاتر بن ، وەك سەلماندنی ئەوەی هێشتا ئەو ریكخراوە هەر ماوە ، دەكرێت شانە تیرۆریستییە پەرش و بڵاوەكانی جیهان ئەوانەی بەشێوەیەكی راستەوخۆ سەر بە داعش نین ، پێوەی پەیوەست ببن.

ئەو راپۆرتە باسی لەوەش كردووە، بەغدادی دەیەوێت ئێستا ئایدۆلۆژیای رێكخراوەكە بە كڕیارە دەرەكییەكان بفرۆشێت ، كە بەزۆری لە بیابانی گەورەن لە ئەفریقیا و هەندێ وڵاتی ئاسیای ناوەراست.

هەروەها جەختكراوەتەوە، دەركەوتنی بەغدادی گرنگترین شتە بۆ ڕێكخراوەكە ، ئەگەر ئەو رێكخراوە بیەوێت پارێزگاری لەبیرۆكەی مانەوەی بكات وەك دامەزراوەیەك ، بەتایبەت دوای ئەو تێكشكانانەی لەعێراق و سوریا بەرێكەوت و لەدەستدانی سەرچاوەكانی پێشووی هێزی ئەو ڕێكخراوە ، كە ئەو زەوییانە بوون كە پێشتر لەژێر دەستیدا بوون .

ئەبوبەكر بەغدادی ڕێبەری رێكخراوی تیرۆریستی داعش پێش چەند رۆژێك لەپارچە ڤیدیۆیەكدا دەركەوتەوە ، كە تییدا لەگەڵ كۆمەڵێك لەئەمیرەكانی داعش قسەیان لەسەر  ستراتیژێكی نوێ بۆ ڕێكخراوەكە دەكرد ، دوای ئەوەی لە سوریا و عێراق هەموو ئەو خاكەی لەژێر دەستیاندابوو لەدەستیاندا .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی