شارپرێس:
باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌عێراق و كونسوڵخانه‌كه‌ی له‌هه‌ولێر به‌شێك له‌كارمه‌نده‌كان بۆ عه‌مان و به‌یروت ده‌گوازێته‌وه، ئه‌وه‌ش به‌هۆی بوونی مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی ئه‌و كارمه‌ندانه.
دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا بڕیاریدا به‌شێك له‌كارمه‌نده‌كانی كه كاری به‌په‌له باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌به‌غدا و كونسوڵخانه‌ی ئه‌و وڵاته له‌هه‌ولێر ڕایناكهن، بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌مریكا، ڕۆژنامه‌ی العرب-ی ئوردنی لهڕاپۆرتێكدا ئاشكرایكرد، "سه‌رچاوه ئه‌منییه‌كانی به‌غدا زانیاری‌یان ده‌ستكه‌وتووه كه ئه‌گه‌ری ڕفاندنی بیانییه‌كان به‌تایبه‌ت ئه‌مریكییه‌كان له سێ ناوچه‌ی عێراق له‌ئارادایه ئه‌وانیش به‌غدا، به‌سره و هه‌ولێره.
به‌گوێره‌ی ئه‌و ڕۆژنامه‌یه، ئێران سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌می مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر كارمه‌نده‌كانی ئه‌مریكایه له‌عێراق، هه‌ربۆیه واشنتۆن بڕیارێكی له‌وشێوه‌یه‌ی داوه، ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌كارمه‌نده‌كانی كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل-ی ئه‌مریكی له‌شاری به‌سره، شاره‌كه‌یان به‌ره‌و كوه‌یت به‌جێهێشتووه.
له‌دواین سه‌ردانی مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ عێراق كه سه‌ردانێكی به‌په‌له‌و چاوه‌ڕواننه‌كراو بوو، به به‌رپرسانی عێراقی ڕاگه‌یاندووه، ئێران موشه‌كی له‌نزیك ئامانجه‌كانی ئه‌مریكا له‌عێراق جێگیركردووه، وتوشیه‌تی، هه‌رجۆره دهستدرێژییو هێرشێك بۆسه‌ر ئه‌مریكا له‌عێراق، وه‌ڵامی توندی ئه‌مریكای به‌دوادا دێت به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ حكومه‌تی عێراق.
ڕ . ج