شێخ جەعفەر رەتیدەكاتەوە لەسەر قسەكانی لێپرسینەوەی لێكرابێت

کوردستان

16/05/2019‌ 1010 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شێخ جەعفەر دەڵێت: لەسەر ئەوەی وتم گوێ ناگرم لەفەرمانەكانی جێگری سەرۆكی هەرێم لەپشكی گۆڕان ڕاست نییە هیچ لێپرسینەوەیەكم لەلایەنی حكومی و حیزبی لێنەكراوە.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە ڕەتدەكاتەوە، كە توشی لێپێچینەوەی حیزبی یا حكومی بوبێت لەسەر لێدوانێكی پێشووی‌و دەڵێت: دوورە لەڕاستییەوە، كە لەسەر لێدوانەكەی پێشووم بۆ دەنگی ئەمریكا سەبارەت بەپۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم لە پشكی گۆڕان) هیچ لێپرسینەوە یا نیگەرانی و كاردانەوەی نێگەتیڤ هەبوبێت لەلایەن مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی و ڕێكخستنەكانی یەكێتیەوە تەنانەت نەك كاردانەوە، بەڵكو هیچ بۆچونێكی جیاوازییان نەبووە، بەهیچ جۆرێكیش لەلایەن هیچ لایەنێكی حوكمی و وەزارەتی پێشمەرگە هیچ ڕەخنە یان گللەییەكیان لینەكردووم لەسەر ئەو لێدوانە ."

پێشتر لە وتووێژێكی لەگەڵ دەنگی ئەمریكا شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وتبووی: ئەگەر ڕوویدا جێگری سەرۆكی هەرێم ( لەپشكی گۆڕان ) ببێتە بەرپرسیاری هێزە چەكدارەكان بەهیچ جۆرێك گوێی لێ ناگرم، چونكە ئەو نە پەیوەندی پێوە هەیە نە دەتوانێت بڕیار بدات، من دەتوانم بڕیار بدەم لەسەر یەكخستنەوەی هێزەكان و هەنگاوەكانی یەكخستنەوە ئەو چۆن دەتوانێت؟"

دەربارەی نیگەرانییەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لەوبارەیەوە؟ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا دەڵێت: ڕەنگە وەك گۆڕان هەندێك قسە لەملاو لاكرابێت بەس بەڕەسمی نا بەڵام ڕەنگە بەشەخسی قسەیان كردبێت، ڕەنگە كادیرێك یا كەسێكیان قسەیان كردبێت ئەویش بەلای منەوە شتێكی ئاسایی بووە، ئەگەر كەسێكیش قسەی كرد دەبێت چاوەڕێی ئەوە بكات كە وەڵام و كاردانەوەی دەبێت بەرامبەری ئەوە ئاساییە."

سەبارەت بەوەی ئایا سوری لەسەر قسەی خۆت؟ شێخ جەعفەر وتی: من ئەوە چاوپێكەوتنێكم كردووە خۆ قسەم بەدزییەوە نەكردووە ، قسەم لە میدیایەكی وەك دەنگی ئەمریكا كردووە، كە خەڵكێكی زۆر گوێی لێدەگرێت.

دوای بڵاوبونەوەی چاوپێكەوتنەكەی شێخ جەعفەر لەدەنگی ئەمریكا، جەلال محەمەد پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان و لەهەمانكاتدا بڕیاردەری لیژنەی یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان، لە ئەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك ڕایگەیاند، پێشنیار دەكەم بۆ ئەو بەڕێزەی لەسەر پشكی گۆڕان پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم وەردەگرێت تاوەكو مامە شێخ فەرمانەكانی بەجوانی جێبەجێبكات هەوڵ بدات گرتەیەكی ڤیدیۆیی لەگرتەكانی لبنانی لای خۆی دابنێت دڵنیات دەكەمەوە ئەم كارەت كرد مامە شێخ دەبێتە كۆیلەت چونكە ئەم پیاوە باوەڕی بە دیسپلین نییە تەنها كۆیلەی گرتە ڤیدیۆییەكانێتی بۆیە لاتان سەیر نەبێت لە بەلاش فەرمانی كەس جێ بەجێ ناكات ئەو خۆی باش دەناسێت و دەزانێت فەرمانی كێ جێ بەجێ دەكات و فەرمانی كێ جێ بەجێ ناكات."

پاش بڵاوكردنەوەی پۆستەكەی و بڵاوبونەوەی و كاردانەوەكان، هەر زوو پەرلەمانتارەكەی گۆڕان پۆستەكەی سڕیەوە، كە دەربارەی قسەی پەرلەمانتارەكەی گۆڕان شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وتی: ئەو پەرلەمانتارە "قسەكەری" ڕەسمی بزووتنەوەی گۆڕان نییە ئەوە قسەی خۆیەتی و ئەوەی نوسیبووی زۆر بەزوویی سڕییەوە، جا ئەو هەڕەشە و قسانە نە گوێی دەدەمی نە خۆشمی پێوە مەشغوڵ دەكەم ."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا سكاڵای یاسایی- ت لەسەر ئەو پەرلامانتارە تۆمار كردووە؟ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وتی: داواكراوە ڕێگای یاسایی بگرمە بەر بەڵام خۆم ڕەتم كردۆتەوە، خۆی حەقی خۆیەتی سكاڵا تۆمار بكەم بەڵام لەم وڵاتەی ئێمەدا زۆر جار كە سكاڵا تۆماركراوە دواتر بە تكا و "ڕجا" بەهۆی ئەوەی زۆربەمان تێكەڵین بەهۆی خەباتەوە ناچارین تكاكە قبوڵ بكەین و "تەنازول" لە سكاڵاكە بكەین، "خۆی كەسێكی واش نەبوو من خۆمی پێوە مەشغوڵ بكەم."

هـ ـ ح