شارپرێس:
مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی سێ ناوی نوێ بۆ پۆستی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك ده‌خاته به‌رده‌م پارتی بۆ ئه‌وه‌ی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر یه‌كێكیان بۆ ئه‌و پۆسته ده‌رببڕێت، مه‌سعود بارزانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ-یش له‌وباره‌یه‌وه په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فۆنیان ئه‌نجامداوه.
به‌پێی زانیاریه‌كانی شارپرێس، مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كه‌ی راسپاردووه بۆ ئه‌وه‌ی ناوی سێ كاندیدی نوێ بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك بخاته به‌رده‌م پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر یه‌كێكیان ده‌رببڕێت تاوه‌كو به‌زوترین كات بكرێته پارێزگاری كه‌ركوك.
شارپرێس زانیویه‌تی، ئه‌و ناوانه‌ی كه یه‌كێتی ده‌یخاته به‌رده‌م پارتی بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك بریتین له ( لیوا جەمال تاهیر، بەرێوەبەری پێشووی پۆلیسی كەركوك، دكتۆر عومەر ئینجە، جێگری سەرۆکی زانکۆی كەركوك، خالید شوانی، په‌رله‌مانتاری پێشووی عێراق له لیستی یه‌كێتی).
شارپرێش ئه‌وه‌شی زانیوه، له‌ناو پارتیدا هه‌ریه‌كه له نێچیرڤان بارزانی و مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كه‌ی پارتی راسپێردراون و سه‌رپشك كراون بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی پرسی پارێزگاری كه‌ركوك و گه‌یشتن به رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی پێش مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی له‌وباره‌یه‌وه "هیچ بۆچونێك نابێت".
شارپرێس له سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه زانیویه‌تی، مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی رۆژی چوارشه‌ممه په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیان ئه‌نجامداوه و له‌باره‌ی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوكه‌وه گفتوگۆیان كردووه.
بارزانی داوای له كۆسره‌ت ره‌سوڵ كردووه، "پرسی پارێزگاری كه‌ركوك به گفتوگۆ له نێوان هه‌ردوو حزبدا چاره‌سه‌ر بكرێت".
ناكۆكیی نێوان پارتی و یه‌كێتی پرسی پارێزگاری كه‌ركوكه و به‌شداریكردنی یه‌كێتیش له مه‌راسیمی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌سته به یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی كۆبووه‌وه و دوای كۆبونه‌وه‌كه له‌تیف شێخ عومه‌ر، وته‌بێژی ئه‌و حزبه رایگه‌یاند، "به‌شداریكردن له مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وێته سه‌ر به‌ره‌وپێشچوونی هه‌نگاوه‌كانی رێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ پارتی".
له‌تیف شێخ عومه‌ر، وته‌بێژی یه‌كێتی به میدیای فه‌رمی حزبه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند، "هێشتا كاتێكی زۆرمان به‌ده‌سته‌وه‌یه كه ئاخۆ یه‌كێتی به‌شداری مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێم ده‌كات یاخود نا، بۆیه نیه‌تی جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ پارتی ئه‌و پرسه یه‌كلاده‌كاته‌وه".
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه ئاخۆ سه‌رۆك كۆماری عیراق كه هاوكات جێگری دووه‌می سكرتێری گشتییه له مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆكی هه‌رێمدا به‌شدار ده‌بێت یاخود نا، وته‌بێژی یه‌كێتی وتی، د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح خۆی ئازاده به‌شداریكردن یان نه‌كردنی له‌و مه‌راسیمه‌دا.
ه.م