شارپرێس:
ئەمڕۆ چوارشه‌ممه19/ 6 / 2019 دادگای هه‌ڵه‌بجه، پڕۆسه‌ی دادگاییكردنی ئه‌و كه‌سایه‌تی و كۆمپانیا بیانییانه‌ی به‌ڕێوه برد كه له پڕۆسەی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌دا هاوكاریی ڕژێمی به‌عسیان لە فرۆشتنی چەکی کیمیاوی کردبوو.
لەمبارەیەوە لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه، به (شارپرێس)ی ڕاگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ له دادگای هه‌ڵه‌بجه ، دانیشتنی كه‌یسی تۆمه‌تبارانی هاوكاری ڕژێمی به‌عس کە به پێدانی مه‌وادی كیمیایی هاوکاری ڕژێمی بەعسیان کردبوو، به‌رێوه‌چوو.
وتیشی، لەدادگاییەکەی ئەمڕۆدا پارێزه‌ری یه‌كێك له تۆمه‌تباره‌كانیش له‌ناو دادگا ئاماده‌بوو، به‌ڵام دیسانەوە دانیشتنی دادگای چوارەمینیش بۆ (21|8|2019) دواخرا.
لەبارەی وردەکارییەکانی دادگاکەش لە هۆکاری دواکەوتنیەوە سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه ئاماژەی بەوەشدا، پێشتر نامه‌یه‌ك له دادگای هه‌ڵه‌بجه‌وه ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی دادگای ته‌میزی هه‌ولێر كراوە، به‌ڵام وه‌ڵامی ئه‌و نامه‌یه نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه،کە ئه‌مه هۆكارێكی دواكه‌وتنی پڕۆسه‌ی دادگایكردنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ بوو، لەبارەی هۆکاری دووەمی دواکەوتنی دادگاکەشەوە هه‌روه‌ها ڕایگەیاند، ئەو کەسانەی كه له بڕگه‌ی (سێ یه‌م) بۆ ئەم دادگایە داخڵكرابوون، ئه‌و ئاگاداركردنه‌وانه‌ی كه بۆیان نێردرابوو، وه‌ڵامه‌كانی له‌ڕێگه‌ی دادگای ته‌میزه‌وه به دادگای هه‌ڵه‌بجه نه‌گه‌شتبوو.
كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه 13/3/2018 له‌ڕێگه‌ی تیمێك له پارێزه‌رانی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه سكاڵای یاسایی له سه‌ر 25 كه‌سایه‌تی و كۆمپانیای بیانی تۆمار كرد، كه مەواد و کەرەستەی كیمیاوییان وەک هاوکارییەک بە ڕژیمی به‌عس فرۆشتبوو.
لە ماوەی ساڵی ڕابردووش‌دا دانیشتنەکانی پێشووی ئه‌و پرۆسه‌یه له دادگای هه‌ڵه‌بجه به‌ڕیوه چوو، به‌ڵام له‌به‌ر ئاماده‌نه‌بوونی ئاگادارنەکراوانی تۆمەتبار، دادگای هه‌ڵه‌بجه بڕیاری دانیشتنەکانی دواخست.
یاسین نادر