سامان گەرمیانی: چوومەتە بەردەم دادگاو دۆسییەكەشم داخراوە

کوردستان

02/07/2019‌ 2859 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای ئەوەی دادگای سلێمانی‌ فەرمانی‌ دەستگیركردنی‌ بۆ سامان گەرمیانی ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ یەكێتی‌ نیشتمانی كوردستان دەركرد، ناوبراو رایگەیاند، كە بەپێی خۆی چووەتە بەردەم دادگاو دۆسییەكەشی داخراوە.

سامان گەرمیانی لەبارەی فەرمانی دەستگیركردنی، لەلێدوانێك بۆ شارپرێس وتی: كابرایەك گوایە من هەڕەشەم لێكردووە، سكاڵای لەسەر تۆماركردبووم، كە سكاڵاكەی هیچ بنەمایەكی نییە.

سامان گەرمیانی وتیشی: من لەسەر سكاڵاكە بەپێی خۆم چوومەتە بەردەم دادوەرو دادوەریش ستایشی ئەو هەڵوێستەی كردووم، دوای لێكۆڵینەوەش دەركەوت، سكاڵاكە هیچ بنەمایەكی نییەو دادوەریش بڕیاری داخستنی دۆسییەكەی داوە.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا، لەبڵاوبوونەوەی ئەو نووسراوەو وتی: دادوەر روونكردنەوەی پێدام، كە ناوەكەی بەهەڵە نووسراوەو لەگەڵ سامانێكی تر گۆڕاوە.

هەروەها جەختیكردەوە، كە ئەو لەگەڵ سەروەری یاسایەو هەركاتێكیش پێویست بكات، دەچێتەوە بەردەم دادگا، چونكە وەك خۆی وتی: یەكێكە لەوانەی دەیەوێت یاسا سەروەربێت.

ئەو گومانی لەبڵاوكردنەوەی ئەو نووسراوەش لەم كاتەدا نەشاردەوەو ئاشكرایكرد، هیچ دۆسییەكیان لەسەر نەدۆزیوەتەوە، بەو پرسە دەیانەوێت ناوی بزڕێنن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی كاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستێكی باڵا.

هـ ـ ح