ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان:
پارتی نیازی چاكسازی هەیە بۆیە گۆڕان بەشداری لەحكومەت كرد

کوردستان

10/07/2019‌ 810 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: كاتێك زانییان پارتی دیموكرات نیازی چاكسازی و بەدامەزراوەییكردنی دامودەزگاكانی حكومەتی هەیە، بڕیاریاندا لە كابینەی نوێدا بەشداری بكەن.

نزار مەحمود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پێگەی فەرمی پارتی دەشڵێت: لەدوای هەڵبژاردنەوە سەرنجمان لەسەر ئەوە بووە، كە پارتی حكومەت پێك دێنێت، درێژەپێدەری كابینەكانی پێشوو دەبێت، یان دەیانەوێت ئەو هەموو قەیران و گەندەڵییانەی هەن چارەیان بكەن، دواتریش لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ شاندی پارتی بۆمان دەركەوت، كە ئەوانیش دەیانەوێت چاكسازی بكەن و كار بۆ بەدامەزراوەییكردنی دامودەزگا حكوومییەكان بكەن، بۆیە بڕیارمان داوە بەشداری لە كابینەی نۆیەمدا بكەین."

ناوبراو جەتیشی لەوە كردەوە، كە پێكەوە دەتوانن چارەی دۆخەكە بكەن، بەو پێیەی لە لایەك ڕێككەوتنیان لەگەڵ پارتیدا هەیە، كە كار بۆ بە دامەزراوەییكردنی دامودەزگا حكومییەكان بكەن و دەستی حیزب لەحكومەت دووربخرێتەوە و چاكسازی بكرێت، لە لایەكی دیكەشەوە بواری تێپەڕاندنی دۆخەكە هەیە.

هەروەها وتیشی: ئەركی زۆرینەش دەكەوێتە ئەستۆی پارتی، لەبەر ئەوەی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت بە دەست ئەوانە، مەرجیش نییە، لە چوار ساڵی ئایندەدا سەرجەمی كێشە و كەموكووڕییەكان چارە بكرێن و حكوومەتێكی عەیارە ٢٤ بێت، بەڵام دەتوانرێت سێ بەشی چارە بكرێت".

ئەوەی بە لای نزار مەحمودەوە گرنگ بوو، یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانە، كە بكرێنە سوپایەكی نیشتمانیی بێلایەن، هاوكات كاركردن بۆ سەربەخۆبوونی دادگاش كە دوو جومگەی سەرەكین، هەربۆیەشە پێی وایە، گەر ئەو دوو بابەتە سەرەكییە چارە بكرێن، ئەوانی دیكە بەئاسانی چارە دەكرێن.

هـ ـ ح