چەند ئێرانییەك‌و ئەندامی حیزبوڵڵا كوژراون
تەقینەوەكەی عەنباری چەك‌و تەقەمەنییەكانی حەشدی شەعبی بە بۆردومانی ئاسمانی بووە

عیراق

14/08/2019‌ 2692 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێكی سوپای عێراق ئاشكرایكرد، لەئەنجامی بۆردومانی فرۆكەیەكی نادیاردا بۆ سەر بنكەی سەقەری سەربازی لە باشووری بەغدا زیاتر لە 24 سەرباز لە میلشیای حەشدی شەعبی و ئەفسەری ئێران‌و چەند چەكدارێكی حیزبوڵڵای لوبنانی كوژراون.

لەو بارەوە ئەفسەرێك لە سوپای عێراق رایگەیاندووە، فرۆكەیەكی نادیار چەند كۆگایەكی چەك و تەقەمەنی و رۆكێتی سەر بەحەشدی شەعبی لە بنكەی سەربازی سەقەری سەربازی سەر رێگای پێكەوە بەستانی نێوان بەغدا و بابلی كردووەتە ئامانج، لە ئەنجامدا كۆگاكە بەتەواوەتی وێران بووەو زیاتر لە 24 سەرباز لە حەشدی شەعبی و چەندین ئەفسەر لەفەیلەقی قودس و چەند چەكدارێكی میلشیای حەشدی شەعبی كوژراون.

ئەوانەی رووداوەكەیان بە چاوی خۆیان بینیوە لە خەڵكی ئەبودشێر لەناوچەی دۆرە بەرانبەر بنكەی سەقەری سەربازی باسی ئەوەیان كردووە، تەقینەوەیەكی زۆر گەورە لەناو بنكەكەدا روویداوە و چەندین پارچە لە ئەنجامی تەقینەوەكەدا كەوتووەتە سەر خانووەكانیان، بەڵام هیچ قوربانییەكی لێ نەكەوتووەتەوە.

بنكەی سەقەری سەربازی یەكێكە لە بنكە سەربازییە گەورەكان و چەندین بارەگای حەشدی شەعبی لەخۆی گرتووە لەوانە، كەتائیبی "سید الشهدا" یەكێك لە لقەكانی میلشیای "نوجەبا"، سەرەرای بارەگای فیرقەی 17ی سوپای عێراق و پۆلیسی ئیتحادی.

بەگوێرەی هەندێك زانیاری نێو سوپای عێراق، بنكەكە كارگەیەكی كۆكردنەوەی رۆكێتی ئێرانی كۆگای رۆكێت و سەكۆی هەڵدانی لەخۆ گرتووە، جگە لە كەلوپەل و چەكی قورس و ناوەندەكانی راهێنانی تایبەت بە میلشیاكان.

سەرچاوە سەربازییەكان ئەوەشیان روونكردووەتەوە، ئەفسەرەكانی فەیلەقی قودس و چەكدارانی میلشیای حیزبوڵڵای لوبنانی سەرپەرشتی پرۆسەكانی كۆكردنەوەی رۆكێت و راهێنانی چەكدارەكانی حەشدی شەعبییان كردووە.

بنكەی سەقەر، بە یەكێك‌ لە بنكەكانی فەیلەقی قودس لە عێراق دادەنرێت، رێكخستن و راهێنانی چەكدارەكان لە سەرجەم رەگەزەكان، ئەوانەی لە ئێرانەوە هاتوون بۆ عێراق، هەروەها چەكدارە عێراقییەكانیان لە ئەستۆ گرتووە، پێش ئەوەی ڕەوانەی سوریا و یەمەن بكرێن لەرێگەی فرۆكەخانەی نەجەفەوە.

هەرچی میلشیای كتائیبی "سید الشهدا"ە، كە لەلایەن (ئەبو ئالا وەلائی)ەوە سەرپەرشتی دەكرێت و یەكێكە لەو میلشیایانەی راستەوخۆ پەیوەندییان هەیە بە قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی زیاتر لە 3500 چەكدار پێكدێت، كاریان بریتییە لە پاراستنی گواستنەوەی رۆكێت و پارچەكانی، ئەو گروپانەشی سلێمانی پێكیهێناون بەشداری دەكەن لە جێبەجێكردنی هێرشە رۆكێتییەكان بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق و تیرۆركردن لە ریزی عێراقییەكاندا و نانەوەی ئاژاوەی هۆزایەتی و تائیفی بۆ تێكدانی سەقامگیری لەعێراق.

سەرچاوەكان راشیانگەیاندووە میلشیاكانی حەشدی شەعبی لەم دواییەدا چەكی قورس و رۆكێتیان لەبنكەكانی ناوچەكانی تری بەغداوە بۆ ئەو بنكەیە گواستووەتەوە بۆ ئەوەی لەو شوێنە حەشاری بدەن  لەژێر روپۆشی سوپای عێراق و پۆلیسی ئیتحادییدا.

سەرچاوە: العین 
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا